Halloween party ideas 2015
banner


مەلا بەختیار 

قەیرانی ئابوری، كە لەبنچینەدا پەیوەندی بە قەیرانی ئابوری جیهان‌و ناوچەكەوە هەیە، بەتایبەتی داشكانی نرخی نەوت، بەڵام سیستەمی هەڵەو، هەڵەی سیاسەتی ئابوری كوردستان‌و حكومەتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەربار زیانیان بەدۆخی ئابوری قەیراناوی، گەیاندو توانای چارەسەریان كەمكردەوە. 

سەرجەم كابینەكانی كوردستان، لەدوای راپەڕینەوە تائێستا، ئەگەر بەوردی هەڵبسەنگێنرێن، كابینە بە كابینە، لەپاڵ خزمەتە فراوان‌و پێشكەوتنە بەرچاوەكان، پشكێكی كەموزۆری سیستەمەكەو تەنگوچەڵەمە ئابوریەكانیشیان بەردەكەوێت. ئیشی ئێمە هەڵسەنگاندن نیە. كاری پسپۆرانە لەپاشەرۆژدا ئۆباڵ بە ئۆباڵ، هەڵەی كابینەكان دیاری بكات. 

دڵنیاشم، زۆر نابا، راستییە نەزانراوەكان لەمبارەیەوە دەردەكەون. پێشنیاریش دەكەم، ئەگەر پەرلەمان كارا كرایەوە، یەكێك لەئەركەكانیان بەزوترین كات، دیاریكردنی كۆمسیۆنی تایبەتی بێت بۆ پێداچونەوە بە مێژووی ئەم حكومەتەو زانینی تەواوی راستییەكان، بەبەڵگەو ئامارەوە، دەربارەیان، پاشان چاپكردنیشی لەكتێبێكدا. 

هەتا تەڕو وشك بەیەكەوە نەسوتێنرێ‌و حكومەتێك كە لەدامەزراندنیەوە كەوتۆتە ناو قەیرانی ئابوریەوە، چیكە بە مەرامی سیاسی، تەواوی ئۆباڵەكانی نەخرێتە ئەستۆ. گەرچی دڵنیام، كابینەی هەشتەمیش، پشكێكی بەرپرسیارێتی هەر بەردەكەوێت.

 لەم مانگەدا، لەدەربەندیخان، ماڵی شەهید ئەكرەم عەبدولقادر سەعید (ناسراو بە مامۆستا ئەكرەم)‌و، هەفتەی رابردووش، زیاتر لە چل هاوسەرو كەسوكاری شەهیدانم لەبارەگای مەكتەبی سیاسی، بینی.

شەهید ئەكرەم، لە سێوسێنان، ساڵی 19799 لەگەڵ شەهید خەبات شەهید كراوە. بنەماڵەیەكی بەڕێزو خاوەن شەهیدی ترو باوكێكی ناوداری كوردپەروەریان هەیە. عەلائەدینی برای بەناوی بنەماڵەكەوە نامەیەكی بۆ نوسیبوم، باسی هەست‌و هەڵوێستی برینداری خۆیانی بۆ كردبوم. دەستبەجێ‌ بڕیارم دا سەردانیان بكەم. كە سەردانم كردن‌و كەسوكارم بینین، زیاتر تێگەیشتم، رەخنەكان‌و برینەكانیان، چەند هەق بووە. بەوحاڵەشەوە، بەئەركی كوردەواری خۆیان بەرامبەرمان هەڵسان. لەگەڵ خۆمدا راچڵەكیم‌و رامام! نایشارمەوە، رامانی ئەمجارەم جیاواز بوو لەهەموو رامانەكانی ترم. لەزۆر دانیشتنیشدا باسم كردووە. تائێستاش بیری لێدەكەمەوە.
 دوای ئەوە، وا رێكەوت، لەم رۆژانەدا، مەكتەبی شەهیدان تەلەفۆنیان بۆ كردم، كە ژمارەیەك لە كەسوكاری شەهیدان، دەیانەوێت سەردانی بارەگای مەكتەبی سیاسی بكەن، دەستبەجێ‌ وتم: با بفەرمون. لەگەڵیاندا كۆبومەوە. كارم بەسەر ئەوەوە نییە، تیایاندا بوو لەحزبی تر بوو. بەڵام رەخنەی هەمویان، لەسەر دۆخی ژیانیان‌و جیاوازی ژیانی ئەوان‌و بەرپرسەكان، راست‌و دروست بوو. رەنگە لەهەموو ژیانی سیاسی خۆمدا، جارێكی تر كۆبونەوەیەكی وای پڕ لە رەخنەم دیبێ‌، ئەویش لەكاتی 17ی شوباتدا بوو، لەیانەی كۆمەڵایەتی، كۆبونەوەیەكی بێبەرنامە رێكخرابوو، ئاراستەكان‌و رەخنەكان، تێكەڵوپێكەڵ بوو. بەڵام، رەخنەی كەسوكاری ئەم شەهیدانە، لەناخێكی پڕ لەزوخاوەوە، هەڵدەقوڵا. ئەم كۆبونەوەیە، زیاتر لەسەردانی ماڵی شەهید ئەكرەم، منیان سەراپا هەژاند. ئیتر قوڵتر تێگەیشتم، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێویستی بەبەرنامەیەكی هەمەلایەنە هەیە بۆ ئاشتبونەوە لەگەڵ كەسوكاری شەهیدان‌و هەموو ئەوانەی كە نادادپەروەریان بەرامبەر دەكرێت. ئەمەش، تەنها بە قسەو، تەنها بە رەخنەلەخۆگرتن‌و، تەنها بە پینەو پەڕۆ، ناكرێت. ئەمە پێویستی بە لەسەروەستانی قوڵ هەیە. هەتا پیاچونەوە بەتەواوی ئۆرگانەكانی یەكێتی‌و ئەو ژینگە حزبیە بكرێ‌، هاوكات پرۆژەی نوێی راپەڕاندنی ئەركەكانی حوكمڕانی، دابنرێت.
 من دڵنیام یەكێتی، رەگ‌و ریشەی چۆتە مێژووی نوێمان. دڵنیاشم هەموو ئەوانەی رەخنەیان لەیەكێتی هەیە، بەكەسوكاری شەهیدانیشەوە، كێشەكەیان تەنها گوزەران‌و ژیانی كولەمەرگی نیە. بەڵكو پەرۆشییشە بۆ چارەنوسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان. یەكێتی هێزێكی خۆشەویست‌و خاوەن سەدان سەروەری‌و هەڵوێستی بێوێنەیە لەمێژووی كوردایەتیدا. خاوەن هەزاران كادرو ئەندامی كۆڵنەدەری پابەندە. لەوەش زیاتر، سەردەمەكەو لەمەودوای روداوەكانیش، بۆ خەباتی دیموكراسی‌و بنیاتنانی كۆمەڵی مەدەنی‌و بەرەبەرەش دادپەروەری كۆمەڵایەتی، بۆ یەكێتی هەتا دێت باشتر لەبار دەبێت. بەڵام كام یەكێتی؟


- ئەو یەكێتییەی، كە لەبنچینەدا بۆ راپەڕاندنی ئەركە مێژووییەكان، دامەزراوە.
-  ئەو یەكێتییەی، بەدرێژایی مێژوو، زۆرترین ململانێكانی لەدەرەوەی خۆیدا دەكرد‌و لەناوخۆیدا بواری لیبرالیەت‌و یەكتر شكاندنی نەدەدا.
- ئەو یەكێتییەی، لە پەیڕەو و پرۆگرامدا، هیچ كەموكوڕییەكی نیە.
- ئەو یەكێتییەی، ژیانێكی حزبایەتی تۆكمەی ببێ.
- ئەو یەكێتییەی، ئۆرگانەكانی لەپۆلێكەوە هەتا دەسەڵاتی باڵا، دەسەڵاتی هەبێ.
- ئەو یەكێتییەی، سزای دەدا و پاداشتی دەكرد.
- ئەو یەكێتییەی، هەلپەرست‌و بازرگانی سیاسەت، شەرم بوو تیایدا جێگایان ببێتەوە.
- ئەو یەكێتییەی، هێندەی قارەمانی هەبوو، هێندە بواری هەڵپەی پلەوپایەی نەڕەخساندبوو.
- ئەو یەكێتییەی، جیاوازیی فەلسەفەو ئایدۆلۆژیەتی خۆی، لەگەڵ هەموو لایەنەكان دەپاراست.
-  ئەو یەكێتییەی، تێكۆشەرەكانی بەپێی ماندوبون‌و مێژووی خەبات‌و پابەندبونیان بەبڕیارەكانی سەركردایەتی، پێشدەكەوتن.
-  ئەو یەكێتییەی، خزمخزمێنەو عەشرەت عەشرەتێنەو تەریقەتگەرایی، تیا نەبوو.

مەخابن، هەندێك لەو پرنسیپ‌و رەوشتی بەرزی شۆڕشگێڕییە، پێشێلی بەرژەوەندییە تایبەتیەكان كراون. سەرەنجام، یەكێتی دوچاری كێشمەكێشی زۆر كراوە. ململانێ‌و مقۆ مقۆی جۆراوجۆر، لەسەر پێكهاتەی یەكێتی، رابەرایەتیەكەی، ئۆرگانەكانی، مەركەزییەتەكەی، داهاتەكەی، هەڵوێست‌و هەڵسوكەوتەكانی، بەدەر لە رێڕەوە شەرعیەكەی، دەمێكە كەوتۆتە ناو سەركردەو ئۆرگانەكانی. بەداخەوە، تائێستا چارەسەری نیمچە ریشەییش بۆ ئەو كێشانە، نەدۆزراونەتەوە. بەڵكو، خەڵكی لیبڕال، لیبڕالتر بوون. دیاردەی دزێو زیاتر بوون. پروپاگەندە تەشەنەی سەندووە. بەرژەوەندی ئەم‌وئەو، هەروەها دەستەبازی‌و لەخۆڕازی، رێگە نادەن كێشەكان چارەسەر بكرێن. راست نییە وابزانرێت، بەكۆبونەوەكردن، یان بەدەركردنی بڕیاری قیروسیا، یان بەپاكتاوكردن، كێشەكان چارەسەر دەكرێن. بەرەی شەیتان‌و بەرەی رەحمان لەناو یەكێتیدا ساغنەبونەتەوە. لوتكەی حزبەكەش بێژنگی بەدەستەوە نییە، پاك‌و پیس بژار بكات. كایەكان، تێكەڵوپێكەڵن، وایلێهاتووە، هەندێك بڕیار، سەرچاوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ كاریگەری هەلپەرست‌و فەیسبوكچی‌و ئەقڵی هەرزەكارانە، یان بۆ دەستەگەری‌و لێخوڕینی عەسكەری.

 هەتا ئێستا یەكێتی بەرگەی گرتووەو سەنگێكی كاریگەری هاوكێشەكانیشە. بەڵام، هەمەلایەنە، ئازایانە، ئەقڵانیانە، دوور لە رق‌و لەناو ئۆرگانەكانی حزب، بۆ چارەسەركردنیان، بیرێكی ستراتیژی لێنەكراوەتەوە. بەندە گەشبین نیم، بەم ژینگە بەرەڵڵاییەو بەمەی چەندین لق‌و پۆپ پەیدا بوون‌و خۆیشیان بە خاوەن ئەم حزبە دەزانن، هەتا رادەی گوێنەدان بە پەیڕەو و پرۆگرام، بە پلەبەندی ئۆرگانەكان، بە مۆراڵی حزبایەتی، بتوانین تەنانەت یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی ئایندەش، وەكو هەڵبژاردنی پێشوو، بخەینە مەیدانەوە.

 ئەم هەموو ناڕەزاییەی كەسوكاری شەهیدان‌و رەخنەی كادرو ئۆرگانەكان، كێشە ناوخۆییەكان بەبێ‌ چارەسەرو گەڕانەوە بۆ مەرجەعیەتی ژیانی حزبایەتی‌و رەخنەلەخۆگرتن‌و سزادان‌و پاداشت، گێڕانەوەی متمانەی سیاسی‌و قۆناغ بەقۆناغ دادپەروەری، سەختە‌و حاڵیش وا بڕوات دۆخی ناوخۆی یەكێتی، خراپتریش دەبێت. كە دۆخی ناو یەكێیش خراپتر بوو، لەناو جەماوەریش كاریگەری كەمتر دەبێت.
لەكۆتاییشدا دەڵێم: لە دیتنی كەسوكاری شەهیدەكاندا، چەند داخوازیەكیان پێشكەش كرد. گفتمان داو ئەم هەنگاوانەمان ناوە:
-  داوای زوتر جێبەجێكردنی پشكی نەوتیان كرد، رومان نایە بەرێز پارێزگاری سلێمانی، بەسوپاسەوە گفتی دا جێبەجێی بكات.
-  داوای بەخشینیان لە پارەی كارەباو ئاو، هەروەها لە بەخشینی قیستی پێشینەی خانوبەرە، كرد، هەتا دۆخی ئابوری چاكدەبێتەوە. داوامان لە بەرێز سەرۆكی حكومەت كرد، بەسوپاسەوە قبوڵی كردو گفتی جێبەجێكردنی دا.

 ئەم سێ‌ داخوازییە، ئێستا لە تاوتوێ‌و بەزوترین كات لەجێبەجێكردندان. بەڵام بەدڵنیاییەوە، ئەمەش جێبەجێ‌ بكرێت، هێشتا قەیرانی ئابوری‌و سیستەمی حوكمڕانی‌و سیاسەتی ئابوری، سەرلەبەریان پێویستیان بەپیاچونەوەو داڕشتنەوەو گونجاندن لەگەڵ گۆڕانكاری سەردەمەكەدا هەیە. ناكرێ‌ لەسەردەمی جیهانگیریدا بین، بەڵام بەسیستەمی حوكمڕانی‌و سیاسەتی ئابوری ناوەڕاستی سەردەمی جەنگی سارد، وڵات بەرێوەببرێت. نیشتمانمان لەسوپای داگیركەر ئازادە. 

بەڵام سیستەممان لەژێر تەوقی سیستەمی بەسەرچوو، مشەخۆریی، گەندەڵی، ناكارامەیی‌و تارادەیەك نەبونی شەفافیەت، هەروەها نەبونی دوابەرنامەو بڕیار بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشەكان بەتایبەتی كێشەی وزە، لەگەڵ بەغدا، دەناڵێنێ‌. تەواوی ئەو كێشانەش، تەشەنەیان سەندۆتە ناو هەست‌و هەڵوێستی خەڵك. خەڵكیش جۆراوجۆر كەوتون، لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی، بەشێكی بەرچاوی خەڵك، لەناو خۆیاندا جۆشی ناڕەزایی دەخۆن، ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتیش، بەشێكی خرۆشاوی خەڵك، لەسەر شەقام ناڕەزایی دەردەبڕن. كەوابێ‌:

 یەكێتی دوو ئەركی مێژوویی چارەنوسسازی لەسەرشانە. كە هەرگیز لەمێژووی خۆیدا، ئەركی لەمجۆرە چارەنوسسازەی رووبەڕوو نەبۆتەوە.

 یەكەم: حكومەت، یەكێتی بەشێكی بنەڕەتی حوكمڕانیەكەی لەسەرشانە. چۆن لەكاتی خۆشی‌و تێروتەسەلیدا، یەكێتی پێداگیری دەكرد لەسەر پۆست‌و پلەو دەستكەوت، ئاواش لەكاتی تەنگانەدا، دەبێت پێداگیری بكات لەسەر چارەسەر. شكستێكی گەورەشە، خۆی لەبەرپرسیارێتی چارەسەر بدزێتەوە، یان لە حكومەت بكشێتەوە. بەڵام یەكێتی، وەكو حزب، ئەبێ‌ پرۆژەیەكی هەبێ‌و پرۆژەكە بكاتە بنەمای گفتوگۆ بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناو حكومەت، بەتایبەتی كێشەی خەڵك.

 دووەم: بۆ یەكێتی ناو یەكێتی، ناكرێ وەكو لەمەوبەر، تاوێك بێباك‌و تاوێكیش هەوڵی دڵسۆزانەی لابەلای بۆ بدرێت. هەموو ئەو سەركردانەی بەشێكی كێشەكانی ناو یەكێتین، بمانەوێ‌‌و نەمانەوێ‌، مەحاڵە بتوانین كێشەكانی ناو یەكێتی چارەسەر بكەین، ئەگەر پێشوەخت، دەستبەرداری هەندێك لەو مەرجانە نەبین كە لەدوو ساڵی رابردوو ئەمسەرو ئەوسەرمان پێكردون. بەمەرجی پیشوەخت، بە سوربون لەسەر ئەم پیشنیارو ئەو پرۆژە، یان بە رەتكردنەوەی ئەم‌و ئەو، هەرگیز كێشە ناوخۆییەكانی حزبەكان چارەسەر نەكراوە. بەڵكو زیاتری ئاڵۆزاندوەو زۆرتری لێكترازاندووە. بۆیە، پاشەكشە لەمەرجەكان‌و پێشكەوتن لە چارەسەرەكان، بنەمای راستەقینەی چارەسەری ئەم قۆناغەن.

 دوای تاقیكردنەوەی جۆرەها پێشنیارو پرۆژەو كۆبونەوەی هاوبەش‌و كۆبونەوەی جیا. بڕیاری شەرعی‌و بریاری ناشەرعی. تائێستا بەداخەوە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی، چارەسەر نەكراوە. مانەوەی كێشەكانیش بەچارەسەرنەكراوی، بەرە بەرە یەكێتی لاوازترو پارتی بەهێزترو لەناوخەڵكیشدا روبەڕوی رەخنەو ناڕەزایی فراوانتر دەبێت. كە گومانمان نییە لەكاتی هەڵبژاردندا، باجێكی قورسی چارەسەرنەكردنی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی دەدەین. بۆیە:

-  باشترین رێگا دیالۆگی هەڤاڵانەیە، بەدەر لە كاریگەری هەموو ئەو قسەو قسەڵۆكانەو هەڵچون‌و داچون‌و تومەت بەخشینانەی رابردوو. ئەمە باشترین رێگایە. ئەگەر ئەمە سودی نەبوو، ئەمە رێگای یەكەم. رێگای دووەم..

-  رێكەوتنە لەسەر راپرسییەك لەناو ریزەكانی یەكێتی، بۆ یەكاڵاكردنەوەی كێشە ناوخۆییەكان. بۆئەوی بزانرێ زۆربەی هەرە زۆری كادرو ئۆرگانەكان پشتیوانی چ رێبازێكی چارەسەر دەكەن. ئەگەر ئەمەش سوودی نەبوو، رێگای سێهەم..

-  بەستنی پلینیۆمە، پێش بەستنی كۆنگرە. هەتا لە پلینیۆمدا هەندێك لە كیشەكان چارەسەر بكرێ‌‌و مەرجەعیەتی حزبی ببوژێنرێتەوەو باسی ئەوەش بكرێت، چ چەشنە كۆنگرەیەكمان دەوێ‌. نەك پێشوەخت بڕیاری كۆنگرە بدرێ‌‌و ئەنجامەكانی كۆنگرەش باس بكرێت.


 بەدڵنیاییەوە ئەم وتارەم، لەوپەڕی پەرۆشیمەوەیە بۆ یەكێتی‌و چارەسەركردنی قەیرانەكان‌و تێگەیشتن لەناخی پڕ لە زوخاوی كەسوكاری شەهیدان. 

دڵنیام پێشمەرگە دێرینەكانیش، هەمان هەست‌و نەستیان هەیە. نە هەلومەرجی ناوچەكە، نە هەلومەرجی عێراق، نە هەلومەرجی كوردستان‌و نە هەلومەرجی ناو یەكێتیەكەشمان، كاتی زۆری لەبەردەمدا نەهێشتوین. هەموو بێباكی‌و خەمساردییەك، لەم هەلومەرجەدا، زیانەكەی زۆر زیاترە لەساڵانی رابردوو، كە كاتێكی زۆرترمان لەبەردەمدا بوو. بەدڵنیاییەوە، بمانەوێ‌ فریا بكەوین، نەچوە بچێ‌. گەر هەشبێ‌ نەیەوێ فریا بكەوێ‌‌و سور بێ‌ لەسەر مەرجی نەخوازراوی حزبی، ئەوكاتە، لەراپرسی ناو حزبدا، یان لەناو پلینیۆمدا، شەرعیەت لای كادرو ئەندامانە.
يتم التشغيل بواسطة Blogger.

لەلایەن ئاژانسی وڵات

جه‌ژنتان

پیرۆزبێت

جه‌ژنتان

پیرۆزبێت