Halloween party ideas 2015
banner



بەپێی بەڵگەنامەیەکی نهێنی وتایبەت کە ویکیلیکس بڵاویکردووەتەوەو وێنەیەکی دەست ئێن ئاڕ تی کەوتووە، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکانى حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ١٩ی ئازاری ٢٠١٦ دا لەڕێگەی ئیمەیڵەوە پرۆژەیەکی ئاڕاستەی بیرات بەیرەقدار وەزیری ووزە و سەرچاوە سروشتییەکانى حکومەتی تورکیا کردووە، بۆ فرۆشتنی پشکی بەشێک لە کێڵگە نەوتییەکانى هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر بڕی ٥ ملیار  دۆلار.
ئاشتی هەورامی لە پرۆژەکەیدا سێ پێشنیاز دەخاتە بەردەم وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانى  تورکیا بۆ فرۆشتنی بەشێک لە پشکی کێڵگە نەوتییەکانى هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر بڕی نزیکەی ٥ ملیار دۆلاردا بە حکومەتی تورکیا.  ئەو ٥ ملیار دۆلارەش بەشێکی قەرزی پێشتری تورکیایە لای هەرێم و بەشێکیشی پێداویستیی حکومەتی هەرێمە وەک پرۆژەکە ئاماژەی پێداوە.

ئاشتی هەورامی لە پرۆژەکەیدا کە ویکیلیکس بڵاویکردووەتەوە پێویستی حکومەتی هەرێمی کوردستانى بۆ ئەو ٥ ملیار دۆلارە بەم شێوەیە  ڕوونکردووەتەوە:

یەکەم: یەک ملیار و سەد و پەنجا ملیۆن دۆلار (قەرزی تورکیا لای هەرێم کە پێشتر بە سێ قیست وەریگرتووە).

دووەم: پێنج سەد و چواردە ملیۆن دۆلار (قەرزی کۆمپانیای TECی تورکی بۆ بواری خزمەتگوزاری نەوتی لای حکومەتی هەرێم).

سێهەم:
 یەک ملیار دۆلار (بۆ پێدانی بە بەڵێندەرە تورکەکانی بواری بیناسازی کە پرۆژەیان هەیە لە هەرێمی کوردستان و شایستە داراییەکانیان وەرنەگرتووە).

چوارەم: حەوت سەد ملیۆن دۆلار (بۆ پێدانی شایستە داراییەکانى کۆمپانیاکانى کێڵگە گازییەکانى کۆرمۆر و چەمچەماڵ).

پێنجەم: حەوت سەد و پەنجا ملیۆن دۆلار (بۆ ڕاکێشانى بۆری نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانى شێخان و بۆری گاز لە کۆرمۆر و چەمچەماڵ و بنەباوێ).

شەشەم: پێنج سەد و چل ملیۆن دۆلار (بۆ پێدانى شایستە داراییەکانى کۆمپانیاکانى کێڵگەی نەوتی شێخان).

ئاشتی هەورامی لەپرۆژەکەیدا سێ بژاردەی خستووەتە بەردەم حکومەتی تورکیا بۆ وەرگرتنی قەرزی نوێ و پاکتاوکردنی قەرزەکۆنەکان کە سەرجەمیان نزیکەی پێنج ملیار دۆلارە.

بژاردەکانی هەرێم بۆ تورکیا:
یەکەم: پێدانەوەی قەرزەکان لە کاتى باشبوونی تواناى دارایی هەرێم بە شێوەی قیست کە لە  ساڵی ٢٠١٩ دەستپێبکات و لەساڵی ٢٠٢١ کۆتایی پێ بێت.

دووەم: پێدانەوەی قەرزەکان لەڕێگەی هەناردەی نەوت و گاز بۆ تورکیا بەپێی خشتەیەک کە هەردولا لەسەری ڕێکدەکەون.

سێهەم: کڕینەوەی پشکەکانى حکومەتی هەرێم لە کێڵگە نەوتییەکانى هەرێم لە لایەن حکومەتی تورکیاوە.

لە درێژەی پرۆژەکەیدا و بۆ پاڵپشتیکردنی بژاردەی سێهەمی پێدانەوەی قەرزەکان و وەرگرتنی قەرزی نوێ ، ئاشتی هەورامی سێ پێشنیازی خستووەتە بەردەم وەزارەتی وزە و سەرچاوە سروشتییەکانى تورکیا بۆ چۆنێتیی فرۆشتنی پشکەکانى حکومەتی هەرێم بە حکومەتی تورکیا.

پێشنیازەکان:
پێشنیازی یەکەم: حکومەتی تورکیا پشکەکانى حکومەتی هەرێم لە کێڵگە نەوتییەکانى تاوکێ و تەقتەق وشێخان بکڕێتەوە.

پێشنیازی دووەم: حکومەتی تورکیا پشکەکانى حکومەتی هەرێم لە کێڵگە نەوتییەکانى میران و بنەباوێ بکڕێتەوە.

پێشنیازی سێهەم: حکومەتی تورکیا پشکەکانى حکومەتی هەرێم لە کێڵگە نەوتییەکانى خورمەڵە بکڕێتەوە.

لە پرۆژەکانى ئاشتی هەورامی دا کە دەقەکەی لە لایەن ویکیلیکسەوە بڵاوکراوەتەوە، تەواوی ووردەکاری و بڕ و دۆکیومێنتەکانى پشکە نەوتییەکانى حکومەتی هەرێم و چۆنێتی فرۆشتنی بە حکومەتی تورکیا خستووەتە ڕوو لە بەرامبەر وەرگرتن و پاکتاوکردنی بڕی ٥ ملیار دۆلاردا.
يتم التشغيل بواسطة Blogger.

لەلایەن ئاژانسی وڵات