Halloween party ideas 2015
banner




      ‌ ‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان، رایده‌گه‌یه‌نێت لەھەر شوێنێك پارتی ھەبوو بێت، یاسا سەروەری نەبووە، پارتیش بەرپرسی سەرەكیە لە خراپبوونی بژێوی خەڵك، بۆیە ناكرێت بەموزایەدەی نیشتمانیپەروەرییەوە دژایەتی ھەوڵی چاككردنی بژێوی خەڵك بدات.

ده‌قی‌ به‌یاننامه‌كه‌:

بەیاننامەی فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان

پارتی بۆ پەردە پۆش كردنی قەیرانە راستەقینەكانی ھەرێمی كوردستان، ھەمیشە ھەوڵی بەلاڕێدابردنی راستی رووداو و مەسەلەكانی داوە. بە تایبەتیش لەدوای قەیرانی سەرۆكایەتی ھەرێم و قەیرانی دروستكراوی دارایی، ھەوڵە چەواشەكارییەكانی زیاتر بووە، وەكو پیشەی ھەمیشەیی ھەوڵیداوە بابەتە نەتەوەیی و نیشتمانیەكان لە بەرژەوەندی خۆیدا بەكار بێنێ و تێكەڵ بە ململانێ سیاسیەكانی بكات، لە كوێدا تەنھا كەوتبێت و بەرژەوەندییەكانی پارێزروا نەبووبن، ئەوا دەستی بە موزایەداتی موزەیەف كردووە.

لە دوایین ھەوڵی بەلاڕێدابردن و خۆدزینەوەی لە چارەسەری كێشەكانی خەڵك، ئەو ھەڵاو گێژاوەیە كە لەسەر پەسەند كردنی یاسای بودجەی عێراق، كە تێیدا ھەوڵ دراوە چارەسەرێك بۆ بژێوی خەڵكی ھەرێمی كوردستان بدۆزرێتەوە لە لایەك و لێدوانێكی خاتوو سروە عەبدولواحید لەلایەكی ترەوە، دروستی كردووە. كە پارتی لە ھەموو لایەك باشتر دەزانێت; بەشی ھەرێمی كوردستان لەم یاسای بودجەیەدا كە بە ھەوڵی فراكسیۆنە كوردستانیەكان(جگە لە  پارتی) پەسەند كراو، ئەو لێدوانەی خاتوو سروە عەبدولواحید(كە پارتی بۆ دەرباز كردنی خۆی لەو گێژاو و تەنھاییەی كە تێیكەوتووە ھەوڵی شێواندن و تەفسیری ھەڵەی بۆ داوە) ھیچ خراپیەكیان تێدا نیە، تەنھا لەبەر رۆشنایی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان دا كراون. 

ئاشكرایە لەھەر قۆناغێك كە پارتی بە تەنھا مابێتەوە، ھەوڵی چەواشەكاری و كاری نایاسایی داوە، ھەر وەك چۆن بینیمان لە دوا دانیشتنیی ٢٣ی حوزەیران و ١٩ی ئاب پەرلەمانی پەكخست و حكومەتی ئیفلیج كرد. بۆیە ئەگەر قسە لەسەر یاسا سەروەرییە، ئەوا دەبێت پارتی دوا حیزب بێت باس لە یاسا سەروەری بكات. چونكە لەھەر شوێنێك پارتی ھەبوو بێت، یاسا سەروەری نەبووە.
بەڕاستی سەردەمی خۆپیشاندان كردنیش بە ناوی خەڵكەوە بەسەرچووە. ئەوە خۆپیشاندانی راستەقینەی خەڵكە لە ھەولێر، كە دەسەڵاتی پارتی رێگە بدات خەڵك بۆ بژێوی و ئازادی بێتە سەرشەقام و خۆپیشاندان بكات، كە پارتی ھەمیشە رێگر بووە لەھەر جوڵەیەكی مەدەنی لەو شارە، جگە لەوانەی لە بەرژەوەندی خۆی ویستویەتی بیكات.

دواجار، راستی حاشا ھەڵنەگڕ ئەوەیە؛ كە پارتی بەرپرسی سەرەكیە لە خراپبوونی بژێوی خەڵك، بۆیە ناكرێت بەموزایەدەی نیشتمانیپەروەرییەوە دژایەتی ھەوڵی چاككردنی بژێوی خەڵك بدات.



سەری رێزو نەوازش بۆ شەھیدە سەربەرزەكان و خانەوادە سەربەرزەكانیان.

 سەربەرزی بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان  گوەزەران و ژیانێكی شایستە بۆ خەلكی كوردستان فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان 
يتم التشغيل بواسطة Blogger.

لەلایەن ئاژانسی وڵات