Halloween party ideas 2015
banner




دوو پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان گەشبینن بە دەربازبون لەو قەیرانانەی روبەڕوی هەرێمی كوردستان بۆتەوە، بە تایبەت قەیرانی سیاسی.

لەوبارەیەوە مەحمود حاجی عومەر ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان، بەئاژانسی ئەنادۆڵی وتوە "دوای پەیامەكەی بارزانی، پارتی دیموكراتی كوردستان گەڕێكی دانوستانی لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكان تەواوكرد، ئێستا قۆناغی دووەمی كۆبوونەوەكان دەستپێدەكاتەوە. ئێمەش گەشبینین ئەگەر شاندەكەی پارتی بەشێوەیەكی كردارەكی پەیامەكەی بارزانی جێبەجێ بكەن ئەوا بە دڵنیاییەوە كارێكی باشە بۆ دەربازبوون لەو دۆخەی روبەڕوی هەرێمی كوردستان بووەتەوە، بۆیە ئێمە ئاواتەخوازین لە گەڕی دووەمی سەردانەكەیاندا قسە لەسەر پراكتیزەكردنی چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكان بكرێت".

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان پێیوایە هۆكاری سەرنەكەوتنی كۆبوونەوەكانی پێشووتر دەگەڕێتەوە بۆ لاساری لایەنە سیاسییەكان و لەوبارەیەوە دەڵێت "كۆبوونەوەكانی پێشووتر بۆیە سەركەوتوو نەبووە، چونكە هەر لایەنێك لای خۆیەوە عینادی كردووە و پێداگری لەسەر بۆچوونێكی خۆی كردووە، بەڵام ئێستا پەیامەكە جۆرێك لە نەرم و نیانی تێدایە بۆئەوەی دەستكاری لە هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمدا بكرێت، لەم حاڵەتەشدا پەرلەمانی كوردستان تاكە سەرچاوەیە بۆ بڕیاردان و دەبێت لە پەرلەمانەوە سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم هەڵبوەشێتەوە و دواتریش سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە".

مەحمود حاجی عومەر وتیشی "هەرچەندە لە دەرەوەی پەرلەمان، لایەنە سیاسییەكان رێككەوتنی سیاسیی دەكەن، بەڵام دواجار پێویستە لەناو كۆبوونەوەكانی پەرلەمان و بە رێگای یاسایی دەنگ لەسەر پڕۆژەكان بدرێت و ببێت بە بڕیار".

لەلایەن خۆیەوە شوان شێخ ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەلێدوانێكدا بە ئاژانسەكەی وتوە "ئەوەی جێگای خۆشحاڵییە لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان زۆر بە ئیجابییەوە پێشوازییان لە پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد و لەسەر ئەو بنەمایەش لە كۆبوونەوەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان ئەو بەستەڵەكانە توانەوە كە پێشتر لە نێوانیاندا هەبوون".

وتیشی "پێویستمان بە یەكڕیزی و یەك هەڵوێستی هەیە بۆ ئەوەی روبەڕوی ئەو كێشە و گرفتانە ببینەوە كە روبەڕومان دەبنەوە و ئەو عینادییە سیاسییەی هەیە پشتگوێی بخەین و پێویستە بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان لەبەرچاو بگیرێت".

پەرلەمانتارەكەی پارتی جەختیكردۆتەوە، كە بارزانی چەندینجار داوای كردووە كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم كاندید بكرێت، دەشڵێت "نابێت هەموو كێشەكان لەوە ببینەوە لە هەمانكاتدا پێویستە لایەنە سیاسییەكان ئامادەیی ئەوەیان هەبێت كە رێككەوتنی سیاسی بكەن و هەر رێككەوتنێكیش بكرێت ئەوا پارتی دیموكراتی كوردستان پابەند دەبێت".

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای دەكات كە لە گەڕی دووەمی كۆبوونەوە و گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەكاندا، ناوەڕۆكی پەیامەكەی بارزانی تاووتوێ دەكرێت و پێویستیشە لایەنە سیاسییەكان لەسەر بنەمای پەیامەكە رێككەوتنی سیاسیی ئەنجامبدەن و لەوبارەیەوە وتویەتی "پێمانوایە گەڕی دووەمی دانیشتنەكان لەوەدا خۆی دەبینێتەوە كە لەناو پەیامەكەدا هاتووە و هەموولایەك لەسەر خاڵێكی هاوبەش رێكبكەون و بڕیارە لە ماوەی داهاتووشدا گەڕی دووەمی دانیشتنەكان دەستپێبكات بۆئەوەی رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان هەبێت".

بە مەبەستی چارەسەركردنی قەیرانە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، رۆژی ٢٠/١١/٢٠١٦ مسعود بارزانی پەیامێكی بڵاوكردەوە كە تیایدا داوای كرد هەموو لایەنە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان بكەونە گفتوگۆ و رێككەوتن و لەو چوارچێوەیەشدا شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی لایەنە سیاسییەكانی لە ھەرێمی كوردستان دەست پێكردووە و لە رۆژی ٢٨/١١/٢٠١٦ یەكەم كۆبوونەوەی بۆ چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی دەستپێكرد، دوا كۆبوونەوەكانیشی لە سلێمانی لەگەڵ هەریەك لە یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و بزووتنەوەی ئیسلامی بوو.
يتم التشغيل بواسطة Blogger.

لەلایەن ئاژانسی وڵات