Halloween party ideas 2015
banner




سەرۆکی‌ لیژنەی‌ مافی‌ مرۆڤ لە پەرلەمانی‌ کوردستان ڕایگەیاند، گیان له‌ده‌ستدانی گه‌نجێك کە پێشمەرگەی‌ زێرەڤانی‌ بووە له‌زیندانی دهۆك جێی گومانه‌ و خانه‌واده‌كەشی ده‌ڵێن خنكێنراوه‌.

ئەمڕۆ یەکشەممە 25ی‌ کانونی‌ یەکەمی‌ 2016 سۆران عومەر، سەرۆکی‌ لیژنەی‌ مافی‌ مرۆڤ لە پەرلەمانی‌ کوردستان لەلاپەڕەی‌ تایبەتی‌ خۆی‌ کەیسی‌ پێشمەرگەیەکی‌ زێرەڤانی‌ بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "به‌پێی سكاڵای خانه‌واده‌یه‌ك، كوڕێكیان له‌زیندانی چاكسازی گه‌ورانی هه‌ولێر بووه‌، به‌ڵام به‌هۆكارێكی نادیار ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ شاری دهۆك و له‌وێ به‌خنكاوی ته‌رمه‌كه‌ی وه‌رده‌گرنه‌وه‌!".

هەروەها دەشڵێت "ئه‌م هاوڵاتیه‌ ناوی سیامه‌ند له‌شكری میرخانه‌ پێشمه‌رگه‌ی زێره‌ڤانی بووه‌، له‌گه‌ڵ هاوسه‌ری كێشه‌یان ده‌بێ و له‌نێو ماڵه‌كه‌ی خۆیدا برایه‌كی هاوسه‌ری ده‌كوژێ، پاش حوكمدانی به‌ نۆ ساڵ له‌زیندانی چاكسازی گه‌ورانی هه‌ولێر ده‌بێ، به‌ڵام وه‌ك خانه‌واده‌كه‌ی ئاماژه‌ی بۆ ده‌كه‌ن ڕوداوه‌كه‌ له‌ مه‌سیف سه‌لاحه‌دین ڕویداوه‌ كه‌ سه‌ر به‌ شاری هه‌ولێره‌، به‌ڵام به‌هۆكارێكی نادیار گوازراوه‌ته‌وه‌ بۆ شاری دهۆك و له‌زیندانی ئه‌وێ له‌ 18-7-2016 ته‌رمه‌كه‌یان ڕاده‌ست ده‌كه‌نه‌وه".

هەروەها سۆران عومەر بڵاویکردووەتەوە، زه‌ینه‌ب له‌شكری میرخان، خوشكی سیامه‌ند ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات "كه‌له‌ زیندانی دهۆكه‌وه‌ چه‌ند جارێك داوای كردووه‌ به‌ده‌میه‌وه‌ بچن، چونكه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی هه‌یه‌ له‌و زیندانه"‌.

لەلایەن خۆشیەوە سیاوه‌ش له‌شكری میرخان، برای سیامه‌ند ده‌ڵێت "براكه‌م خنكێنراوه‌ ئه‌گه‌ر ته‌ماشای لاشه‌كه‌ی بكه‌ی ملی ببینی ده‌زانی خنكێنراوه‌ ئه‌وه‌ی پێی خنكێنراوه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌ڵقه‌یی به‌ملیه‌وه‌ دیاره‌و له‌پشتی ملیه‌وه‌ بریندار بووه‌".

هەروەک پێشی وایه‌ "لایه‌نی به‌رامبه‌ریان تۆمه‌تبارن به‌وه‌ كاره‌، چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه".

‌سیاوەش لەشکری‌‌ داوای لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی بێلایه‌ن ده‌كاتن بۆ ئاشكراكردنی  کەیسی‌ گیانلەدەستدانی‌ براکەی‌ وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن براكه‌یان خۆی نه‌خنكاندووه‌ به‌ڵكه‌ خنكێنراوه‌ و قاچیشی شوێنی ئه‌شكه‌نجه‌ی پێوه‌دیاره.

براکەی‌ سیامەند ئەوەشی‌ وتووە "له‌سه‌ره‌تای ڕوداوه‌كه‌وه‌ ئاگاداری كه‌یسه‌كه‌ بوین، به‌ڵام خانه‌واده‌كه‌مان له‌هه‌وڵی گرتنه‌ به‌ری ڕێكاری یاساییدا بوون بۆ گه‌شتنه‌ ئه‌نجامێك".

سۆران عومه‌ر، سه‌رۆكی لیژنه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ لە پەرلەمانی‌ کوردستان ئاماژەی‌ بۆ ئەوەشکردووە، دیاره‌ ئەو خانەوادەیە بێ هیوا بوون له‌وه‌ی هیچیان بۆ بكرێ، بۆیه‌ ئێسته‌ به‌ده‌نگ دێن و "ئه‌م ڕوداوه‌ جێی گومانه ‌و پێویستی به‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی بێلایه‌نه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ بوونی نیه‌، ئه‌گه‌ر نا چۆن كه‌سێك له‌نێو زیندان به‌و جۆره‌ی لێدێ و ته‌رمه‌كه‌ی ڕاده‌ست ده‌كرێته‌وه‌ به‌بێ هیچ ئه‌نجامێكی بڕوا پێهێنه‌ر".

سه‌رۆكی لیژنه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ لە پەرلەمانی‌ کوردستان ئەوەشی‌ وتووە "ئه‌مه‌ چه‌نده‌مین جاره‌ ڕوداوی له‌م جۆره‌ له‌نێو زیندانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ڕوده‌دات و به‌بێ ئه‌نجامێكی ڕوون كۆتایی پێ ده‌هێنرێت، ئه‌مه‌ش گومان و پرسیاری گه‌وره‌ به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێ".

يتم التشغيل بواسطة Blogger.

لەلایەن ئاژانسی وڵات