Halloween party ideas 2015
banner




ئەو رووداوانەی میدیاكان و مێژوونووسانیش تۆماریان نەكرد

دوو ساڵ لەمەوبەر لە رێككەوتی 7ی ئابی 2014، چەكدارانی داعش بە دووری نزیكەی كەمتر 65 كیلۆمەتر لە هەولێر نزیكبوونەوەو هەولێر، وەك پایتەختی هەرێمی كوردستان لە هەرسێ میحوەری ( گوێر، مەخمور، خازر) كەوتە بەردەم هەڕەشەی داگیركردن و كەوتن، رەنگە هەریەكێكمان بەشێكی بچوكی چیرۆكەكەمان لە میدیاكانەوە وەرگرتبێت ، بەڵام ژمارەی ئەو كەسانە زۆر كەمن لە بارەی ئەو رووداوەوە زانیاری نهێنییەكان و ئەو راستییانەیان لابێت كە لە پشتی پەردەكانەوە هەبوون.

ئەو تێكستە بەشێكی بچووكی راستییەكانی نێورووداوەكان رووندەكاتەوەو چەندین چیرۆكی خۆش و ناخۆش لەونێوەندەدا هەن، كە تاوەكو ئێستا هیچ میدیایەك تەنانەت هیچ مێژوونوسێكیش تۆماری نەكردوون، بۆیە هەوڵدەدەم لەم تێكستەدا بەشێكی كەمتان بۆ بگێڕمەوە.

10 رۆژ بەر لە داگیركردنی مەخموور لە كۆتایی مانگی تەمووز، قاسم سلێمانی ناسراو بە حاجی ئاغا، فەرماندەی سوپای قودس، سەردانی هەولێر دەكات و دواتریش بە ئاگاداری بارزانی سەردانی بەرەكانی شەڕدەكات لە قەزای مەخموور.

سلێمانی داوادەكات بارزانی ببینێت و ئەوكات بە بارزانی رادەگەیەنێت، رەنگە چەكدارانی داعش هێرش بكەنە سەر شاری هەولێرو ئەستەمیشە بتوانرێ رێگەیان لێبگیرێت، چونكە هێزەكانی پێشمەرگە شارەزایان لەم جۆرە شەڕەدا نییە كە ئەوان دەیكەن. 

دواترو دوای گەڕانەوەی قاسم سلێمانی بۆ ئێران لە كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران و نوێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان ئێران كۆدەبێتەوەوهەمان زانیارییان پێ رادەگەیەنێت، بەڵام نە بارزانی و نە نوێنەرانی حكومەت و پارتی قسەكانی ئەو، وەك خۆی بە هەند وەرناگرن پێیانوایە، شاری هەولێر بەو رادەیە مەترسی لەسەر نییەو دەتوانرێ لە رێگای هێزەكانی پێشمەرگەو بەرگری لێبكرێت.

رۆژی 7 ئاب چەكدارانی داعش لەسەرجەم میحوەرەكانی هەولێر هێرشدەكەن و سەرەنجام ناحیەی گوێرو قەزای مەخموور داگیردەكەن، چۆلكردنی ئەو ناوچانە لە لایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە، مسعود بارزانی توشی شۆك دەكات، كە دواتر لە خوارەوە بە تێروتەسەلی باس لە چۆنیەتی گرتن و ئازادكردنی قەزای مەخموورو ناحیەی گوێڕ دەكەین.

بارزانی لەبەرانبەر نزكبوونەوەی داعش لە هەولێر نیگەرانییەكی زۆر دایدەگرێت، بۆیە هەوڵدەدات هەموو كەناڵەكان بخاتەگەڕ، بۆئەوەی هەر چۆنێك بێت هەولێر نەكەوێت.

شەوی 7ی ئاب، مەسعود بارزانی دەیەوێت پەیوەندی بە بەرپرسانی ئەمەریكا بكات لە رێگای هۆشیار زێباری و ئەوەبوو هەمان شەو نێچیرڤان بارزانی لە هەولێرەوە پەیوەندی بە هۆشیار زێباریەوەكرد لە بەغدا، بەمەبەستی ئاگاداركردنەوەی ئەمەریكا لەو مەترسیەی داعش لەسەر شاری هەولێر دروستیكردبوو.

بە پێی زانیارییەكان ئەو شەوەی نێچیرڤان بارزانی پەیوەندی دەكات، هۆشیار زێباری لە خەودا دەبێت و دواتر نێچیرڤان بارزانی داوای لە ستافەكەی ناوبراو لە بەغدا دەكات بە زووترین كات ئاگاداریبكەنەوە، بەوەی مەسعود بارزانی دەیەوێت لەگەڵ هۆشیار زێباری قسەبكات بۆ ئەوەی لە رێگای ئەوەوە پەیوەندی بكات بە بەرپرسانی ئەمەریكا، چونكە مەترسییەكانی سەر هەولێر گەورەن.

هەمان شەو دوای چەند خولەكێك لەسەر داوای بارزانی هۆشیار زێباری پەیوەندی بە جۆن كێری، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دەكات، بۆئەوەی ئەمەریكا هەولێر لەو هەڕەشانەی بپارێزێت، ئەگەر بە لێدوانێكی رۆژنامەوانیش بێت پێویستە ئیدارەی ئۆباما رایبگەیەنن هەولێر دەپارێزن.

كێری، داوا لەهۆشیار زێباری دەكات تەنها 15 خولەكی پێبدات بۆ ئەوەی لەگەڵ باراك ئۆباما، سەرۆكی ئەمەریكا قسە بكات، دوای ئەوە ئەو پەیوندییە ئیدارەی ئۆباماو ئەمەریكا لە رێگای لێدوانی رۆژنامەوانی رایانگەیاند" هەولێر دەپارێزن و ناهێلن بكەوێتە دەست داعش".

دوای ئەوە بە دوو رۆژ ئەمەریكا لە رێگای ئاسمانەوە بۆردومانی چەكدارانی داعشی كرد، ئەمەش لەوكاتەدابوو كە لە رێككەوتی 9ی ئاب، ئەمریكا داوای لەسەرجەم هێزە كوردییەكان كرد بگەڕێنەوە سەر هێلی 36 كە لە پێشووترو لە راپەرینی ئازاری ساڵی 1991 دروستكرابوو.

بە پێی زانیارییەكان بەر لەوەی ئەمەریكا ببێتە سەرهێل، بە 48 كاتژمێر پێشووتر هێزێكی ئێرانی بە سەرۆكایەتی قاسم سلێمانی دەگەنە نزیك مەخموورو میحوەری خازر، هاتنی ئەو هێزانەش لەسەر داوای بارزانی و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بوو، جگەلەوەش هەر ئەوكات نازم دەباغ، نوێنەری حكومەت لە تاران پەیوەندی بە بەرپرسانی باڵای ئەمنی ئێران كردبوو ( دوای ئازاكردنی مەخموور گوێر بارزانی سوپاس نامەیەكی ئاراستەی حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری ئێران كرد، بۆ ئەو هاوكارییەی پێشكەشی هەولێریان كرد، ئەوكات دەقی نامەكەش لە میدیاكان بڵاوبۆە).

هێزە ئێرانییەكان شانبەشانی پێشمەرگەو چەكدارانی پەكەكە لەمەخموور توانیان بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك بەر لە هاتنی چەكدارانی داعش بگرن بۆ شاری هەولێر، تاوەكو لە 9ی ئاب ئەمەریكا هاتە سەر هێل.

بێ هیوایەكەی بارزانی لەمەڕهاتنی چەكدارانی داعش بۆ هەولێر

بە پێی زانیارییەكان لەگەڵ هاتنی چەكدارانی داعش لە 7ی ئاب بۆ مەخموور و گوێرو نزیكبوونەوەیان لە هەولێر، بارزانی ئەوشەوە زۆر بێ ئومێد دەبێت بۆ ماوەی 3 كاتژمێر هیچ جۆرە پەیوەندییەك وەڵامناداتەوەو هەموو پەیوەندییەكی لەگەڵ دەرەوە دەپچرێنێت.

دوای ئەم بێئومدێیە فواد حسین، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم پەیوەندی بە سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەكات لە بارەی نیگەرانییەكانی بارزانی و ئەو بارودۆخەی كە دروستبووە، داوای لێدەكات یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هەوڵەكانی خۆیان بخەنەگەڕو بارزانی ببینن و رێگە لە هاتنی چەكدارانی داعش بگرن.

دوای تەلەفۆنەكەی فواد حسێن، وەفدێكی یەكێتی بەسەرۆكایەتی مەلا بەختیارو سەعدی ئەحمەد پیرە داوادەكەن چاویان بە بارزانی بكەوێت، بەرلە بینینی بارزانیش چاویان بە هەریەك لە فازل میرانی و دكتۆر رۆژ نوری شاوەیس و چەند ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی كەوتبوو.

دوای ئەوەی وەفدەكەی یەكێتی لەرێگای شیفا نیهاد بارزانی كە سكرتێری بارزانییە ئاگاداركرانەوە دەتوانن بارزانی ببینن، بە پێی زانیارییەكان مەلا بەختیارو سەعدی ئەحمەد پیرە، داوا لە بارزانی دەكەن كە بەهیچ شێوەیەك لە بەرامبەر داعش دەستەوەستان نەبن و رەزامەندی بدەن لە سەرهێنانی هێزێكی دژە تیرۆرو بۆ شاری هەولێرو هەردوو قەزای مەخموور گوێڕ ، دوای ئەوەی بارزانی رەزامەندی دەدات عەسری 8ی ئاب ئەو هێزە دەگەنە سنووری مەخموور و گوێڕ.

سەرەتای هاتنی داعش بۆ مەخمووروگوێڕو نزیكبوونەوەیان لە هەولێر

هێرشەكانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق‌و شام، بۆ ناوچە سونییەكانی عێراق، وای كرد هەرێمی كوردستان زوو بكەوێتەخۆی ، مەسعود بارزانی، وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرمانی كرد بە دامەزراندنی ژووری ئۆپەراسیۆنی باڵا. لەو كاتەدا تەنیا بەدامەزراندنی ژووری ئۆپەراسیۆنی باڵاو نەوەستا و لەرووی ئیدارییەوە هەیكەلی وەزارەتی پێشمەرگەی هەڵوەشاندەوەو بەشێوەیەكی رانەگەیەنراو و تەواوی هەرێمی كوردستانی كردە چەند میحوەرێك و میحوەرەكانیش تەنیا فەرمانیان لەئۆپراسیۆنی باڵاوە وەردەگرت.

هەیكەلی ئەم ژووری ئۆپەراسیۆنەش پێكهاتبوو لە هەر یەك لە (مستەفای سەید قادر، وەزیری پێشمەرگە. شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، راوێژكاری جەنگی سەرۆكی هەرێم. عەزیز وەیسی، بەرپرسی هێزی زێرەڤانی. فەریق شێروان).

بەفەرمانی بارزانی، هێزەكانی پێشەرگە لەسەرجەم میحوەرەكانەوە جوڵێنران و تەواوی ئەو ناوچانەی بە ناوچەی كێشە لەسەر دادەنران لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە كۆنتڕۆڵكران.

چەكدارانی داعش دوای ئەوەی نەیانتوانی بەرەو بەغدای پایتەخت پێشرەوی بكەن، ستراتیجیەتی خۆیان گۆڕی هێرشەكانیان بەئاراستەی خاكی هەرێمی كوردستان گۆڕی و سەرەتا روویان لەقەزای شەنگال كردو هێزی پێشمەرگە بەبێ بەرگرییەكی ئەوتۆ شارەكەیان بۆ داعش جێهێشت و ئەم جێهێشتنەش كارەساتی گەورەیی مرۆیی بەدوای خۆیدا هێنا.

لەدوای گرتنی قەزای شەنگال چەكدارانی داعش بەئاراستەی قەزای مەخمور دەستیان بەهێرشكردو توانییان قەزای مەخمووریش كۆنترۆڵ بكەن. جگە لەوەی ناحیەی گوێر، كە تەنیا نیو كاتژمێر لەهەولێرەوە دوورە لەلایەن ئەو چەكدارانەوە دەستی بەسەرداگیرا.

كۆنتڕۆڵكردنی شارۆچكەی گوێر و مەخمور لەلایەن چەكدارانی داعش، ترس و دڵەراوكێی لای خەڵكی هەولێر دروستكرد، بەشێوەیەك كەژمارەیەكی زۆری خەڵك بەبیستنی هەواڵی پاشەكشەی پێشمەرگە هەولێری پایتەختیان جێهێشت.

میحوەری هەولێر بەسەرپەرشتی سەید عەبدوڵڵای كەردزی بوو، بەڵام چەند فەرماندەیەكی دیكەش لەو میحوەرە هەبوون وەك نەجات عەلی، عەلی حوسێن، كاكەمین نەجار، جەمال مورتكە، لەگەڵ بوونی لیوای پاسەوانەكانی نێچیرڤان بارزانی و بەشێكی لیوای تایبەتی مەسعود بارزانی و سوپای بارزان.

چەكدارانی داعش بەر لەوەی بگەن بە مەخموور و گوێر لەنزیك گەیارە هێزێكی پێشمەرگەیان تێكشكاندبوو، كشانەوەی ئەو هێزە كاریگەری خراپی كردە سەر ورەی هێزەكانی پێشمەرگە.چەكدارانی داعش لەدوو قۆڵی سەرەكییەوە بەرەو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە پێشڕەویان كرد، یەكەمیان ناوچەی گوێر بوو ئەوەی تریشیان مەخمورو. 

چەكدارانی داعش لەقۆڵی گوندی كوشافەوە هێرشیان كردە سەر هێزی پێشمەرگە، لەو گوندەش ژمارەیەكی كەمی پێشمەرگە هەبوو، بۆیە پێشمەرگە بەناچاری لەو قۆڵە پاشەكشەی كرد. هێزەكانی پێشمەرگە بەدوو ئاراستە لەگوێر پاشەكشەیان كردو ئاراستەی یەكەم تا گوندی مەلا قەرەو لەو لاشەوە هەوێرە لە نزیك هەولێر. جگە لاوەی هێزەكانی پێشمەرگە بەبێ تەقە مەخموریان جێهێشت و بەبێ فەرمانی سەرووی خۆیان پاشەكشەیان كرد.

كشانەوەی هێز بێ هیچ بەرگرییەك كاریگەری خراپی كردە سەر دەرونی هێزەكانی پێشمەرگە، بۆیە بارزانی بەپەلە فەرماندەی میحوەری هەولێری گۆڕی و سیروان بارزانی كردە سەرپەرشتی ئەو میحوەرە ئەوەش بەهۆی ئەوەی بەشێك لەهێزی پاسەوانەكانی نێچیرڤان بارزانی و لیوای تایبەتی سەرۆكی هەرێم و سوپای بارزان، پابەند نەدەبوون بەسەرپەرشتیاری میحوەر و ئەوان سەید عەبدوڵڵای كەردزیان نەدەناسی، بۆیە سەرۆكی هەرێم ناچار بوو بەپەلە سیروان بارزانی بنێرێتە ئەو میحوەرە بۆ ئەوەی ئەوان فەرمان لەسیروان بارزانی وەربگرن.

بە پێی زانیارییەكان سەرەكیترین هۆكاری شكستی میحوەری هەولێر ئەوەبوو كە لەمەخموور هێزەكانی پێشمەرگە بەبێ بەرگری كشانەوەو جگە لەوەش سەركردە سەربازییەكانی ئەو دەڤەرە هێندەی سەرقاڵی لێدواندان بوون بۆ كەناڵەكان هێندە سەرقاڵی پلانی سەربازی نەبوون.

بە پێی زانیارییەكانی فەرماندەكان، ئەگەر ژمارەیەكی زۆرتر پێشمەرگە لەقۆڵی گوندی كوشاف هەبوایە ئەوا بەهیچ شێوەیەك چەكدارانی داعش نەیاندەتوانی بەرەو گوێر پێشرەوی بكەن. چەكدارانی داعش ئامانجییان گوێر بوو زیاتر، چونكە پلانی ئەوان ئەوە بوو لەرێگەی گوێرەوە بەرەو هەولێر پێشرەوی بكەن ئەمەش بەهۆی ئەوەی كە گوێر لەرووی جوگرافییەوە نزیكترە لەهەولێر.

كشانەوەی بەپەلەی پێشمەرگە لەگوێر و لێدانی خەندەق لەهەردوو قۆڵی هەوێرەو مەلا قەرە وایكرد پێشرەوی چەكدارانی داعش بەرەو هەولێر بوەستێ كە لە قۆڵی هەوێرە هەر یەك لەكاكەمین نەجارو جەمال مورتكە سەرپەرشتییان دەكردو لەقۆڵی مەلا قەرەش فەرماندەی كاوەو گەرمیان بوو.

چەكدارانی داعش بەژمارەیەكی زۆرتر بەرەو گوێڕ هاتن و تەنیا ژمارەیەكی كەمیان بەئاراستەی مەخمور رۆیشتبوون. بە پێی قسەی ئەو فەرماندە سەربازیانە داعش تەنیا بە 60 چەكدار توانیویەتی مەخمور بگرێت. لەو كاتەدا ژمارەیەكی یەكجار پێشمەرگە لەو قۆڵە پاشەكشەی پێكرابوو.

بە پێی وتەی فەرماندەكان، یەكێكی دیكە لەهۆكارەكان كشانەوەی هێزی بارزان بوو لەقۆڵی گەیارە، كە ئەوان چەكی قورسیان پێبوو، چونكە ئەمەش وایكرد ئەو سەركردە سەربازییانەی لەمەخمور بوون بەبێ فەرمان پاشەكشە بكەن، بۆئەوەی لە گوێڕەوە ئابلۆقە نەدرێن. 

ئازادكردنەوەی مەخموورو گوێڕ

بەپاڵپشتی فرۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا، هێزی پێشمەرگە هێرشێكی چری بۆ ئەو ناوچانە دەست پێكرد كە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە دەستیبەسەردا گیرابوو.

بەپێی پلانی هاوبەشی ئۆپەراسیۆنی باڵای هەرێم و هێزی ئاسمانی ئەمریكا، هێزە ئاسمانییەكانی ئەمریكا بۆ ماوەی دوو رۆژ بۆردومانێكی خەستی ئەو ناوچانەی كرد كە چەكدارانی داعشی لێبوو، پاشان هێزی پێشمەرگە لەرێگەی زەمینیەوە دەستیكرد بەهێرشكردن.

بەر لەوەی هێزە ئاسمانییەكانی ئەمریكا دەست بكەن بەهێرشكردن بۆ سەر بنكەكانی چەكدارانی داعش‌و چەكدارانی داعش لەدوو قۆڵەوە سەرقاڵی ئامادەكاری بوون بۆ تۆبارانكردنی شاری هەولێر و تۆپەكانیش ئەو جۆرە تۆپە پێشكەوتووانە بوون، كە چەكدارانی داعش لەموسڵ دەستیان بەسەردا گرتبوو.

چەكدارانی داعش سەرجەم تۆپەكانیان لەسەر دوو لۆری بارهەڵگر جێگیركردبوو، یەكێك لەلۆرییەكانیش بەئاراستەی وێستگەی كارەبای پیرداود جولێنراوەو ویستیان سەرچاوەی كارەبای شاری هەولێر خاپور بكەن.

ئەگەر هێزە ئاسمانییەكان بەشێوەیەكی پەلە هێرشیان نەكردایە سەر بنكەی چەكدارانی داعش ئەوا كارەساتی گەورەیی مرۆیی لەهەولێر دروست دەبوو. دواتر هێزە ئاسمانییەكانی ئەمریكا ئەو تۆپانەیان تێكشكاند كە داعش بۆ هێرشكردنە سەر هەولێر ئامادەیكردبوون.

لەدوای هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمریكا، هێزی پێشمەرگە لە دوو قۆڵەوە هێرشی دەست پێكرد بۆ ناحیەی گوێر، قۆڵی یەكەم بەسەر پەرشتی ئەنوەری حاجی عوسمان بوو كە لەرێگەی نێوان (مەخمور-گوێر) هێرشەكانی دەست پێكرد. قۆڵی دووەمیش لەڕێگەی (هەولێر-گوێر) بوو. بەسەر پەرشتی كاكەمین نەجار و جەمال مورتكەو سەید هەژار.

لەقۆڵی مەخموریشەوە بەسێ ئاراستە هێرشكرایە سەر مەخمور كە ئاراستەی یەكەم هێزەكانی پەكەكە بوون كە لەكامپی ئاوارەكانی مەخمور جێگیركرابوون.گەریلاكانی پەكەكە توانیان ژمارەیەكی زۆری چەكدارانی داعش بكوژن ئەمەش بەهۆی ئەوەی كە چەكدارانی داعش لەكاتی پاشەكشەیاندا بە بەردەم گەریلاكاندا تێپەڕببوون و ئەوانیش هێرشییان بۆ كردبوون و ژمارەیەكی زۆر لە چەكداری داعشیان كوشت.

قۆڵی دووەمیان هێزی دژە تیرۆری یەكێتی بوون كە لەناو بازارگەی مەخمور نزیكەی 10 قەنناسییان بەرامبەر چەكدارانی داعش جێگیركردبوو، بەهۆی جێگیركردنی ئەو قەنناسانەوە توانرا سایلۆی مەخموور ئازاد بكرێت. قۆڵی سێیەمیان بەسەرپەرشتی نەجات عەلی و هێزەكانی پارتی بوو.

هێزی دژە تیرۆر و گەریلاكانی پەكەكە و پێشمەرگەكانی نەجات عەلی و عەلی حوسێن، لە 10ەی ئاب خۆیان گەیاندە ناوجەرگەی مەخموورو بەردەم قایمقامیەتی مەخمورو ئازادیان كرد، دوای چەند كاتژمێرێكی كەم ناحیەی گوێڕیش ئازادكرا.

تێبینی /* پێشمەرگە دەورێكی گرینگی هەبوو لە پاراستنی هەرێمی كوردستان لە دەستی داعش، بەڵام لێرە ئێمە باس لە كۆمەڵێك رووداو دەكەین كە لە پشتی پەردەوە بوونی هەبووە، ئەوەی پێشمەرگەی كردی بە روونی دیارەو كەس ناتوانێ ئینكاری بكات.

* لە نوسینی ئەم تێكستەدا پشت بە چەند سەرچاوەیەك بەستراوە، كە خۆیان لە ناو جەرگەی رووداوەكان بوون و ئەوەی باسكراوە تەنها چەند حەقیقەتێكەو هێشتا سەدان شتی تر هەیەو باسنەكراوە.

*هەریەك لە هێزەكانی كۆسرەت رەسول علی و نەجات علی، هەم لە شەڕكردن هەمیش لە ئازادكردنەوەی مخمووروگوێڕ، وەك راستییەكی مێژووی رۆلی گەورەیان گێڕاوە لە چوارچێوەی هێزەكانی پێشمەرگە، جگە لەوەش كۆسرەت رەسول بەردەوام لەسەرهێل بووە لەكاتی شەڕەكە.


لە ئەكاونتی (سەرتیپ قەشقەیی)ەوە وەرگیراوە..
يتم التشغيل بواسطة Blogger.

لەلایەن ئاژانسی وڵات