Halloween party ideas 2015
banner




نوری مالیكی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق رایگەیاند چەند لایەنێكی سیاسی هەرێمی كوردستان پرسی سەربەخۆیی كوردستان وەك كارتی فشار بەكاردەهێنن، لەكاتێكدا "گەلی كورد لەگەڵ سەربەخۆیی نییە لەعێراق".

نوری مالیكی لەمیانی چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانی، كە ئەمڕۆ یەك شەممە 29/1/2017 لەمیدیا عێراقییەكان، لەوانە غەد پرێس بڵاوبووەتەوە، راشیگەیاند "ئەو لایەنە سیاسییانەی هەرێم (بەبێ‌ ئەوەی ناویان بهێنێت) وەك كارتی فشار پرسی سەربەخۆیی كوردستان بەكاردەهێنن، چەند ئامانجێكیان هەیەو دەیانەوێت بەو ئامانجانە بەمەرامەكانی خۆیان بگەن".

مالیكی، كە هاوكات ئەمینداری گشتی حیزبی داعوەی دەسەڵاتداری عێراقە، لەبارەی ئامانجەكانی ئەو لایەنانەش ئاشكرایكردووە، "یەكەم بۆ پرسی داپۆشینی كێشە ناوخۆییەكانی هەرێم، دووەمیش بۆ ئەوەی لەبەرانبەر بەرپرسانی عێراق وەك كارتی فشار بۆ دەستخستنی چەند مەرامێك بەكاریبهێنن".

ئەم قسانەی مالیكی لەكاتێكدایە، هەفتەی رابردوو مەسعود بارزانی، كە سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانەو كێشەی لەگەڵ نوری مالیكی هەیە، لەمیانی چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانی رایگەیاند "ئەگەر مالیكی بگەڕێتەوە بۆ دەسەڵات‌و ببێتە سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەوە بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ هیچ كەسێك سەربەخۆیی رادەگەیەنم، چیش دەبێت با ببێت".

ئەمینداری حیزبی دەعوە جەختیشیكردووەتەوە، كە "گەلی كورد لەعێراق لەگەڵ سەبەخۆیی نییە"و ئەوەشی راگەیاندووە "گەلی كورد خۆشگوزەرانی‌و خزمەتگوزاری لەدەسەڵاتی هەرێم دەوێت، كە چەند لایەنێك ئوەشی لێزەوتكردوون".

لەبارەی چارەنووسی عێراق لەدوای شەڕی داعش، مالیكی هۆشداریداوە، كە ئەگەر لایەنەكان لەسەر ئەو سیاسەتەی ئێستایان بەردەوامبن، ئەوە بەدڵنیایی دۆخی عێراق بەرەو خراپتر دەڕوات‌و داواشی كردووە لەلایەنەكان كێشەكانیان وەلا بنێن.
يتم التشغيل بواسطة Blogger.

لەلایەن ئاژانسی وڵات