Halloween party ideas 2015
banner

          ئارام مەحمود         
ئەوەی یەکێتی نەخۆش خستووە، نەخۆشکەوتنی تاڵەبانی نیە، بەڵکو کۆمەڵێک سیاسی پەککەوتەن کەتائێستاش لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا چەقیون و بڕیاری سیاسی ئەو حزبەیان بەتەواوی پەکخستووە، یان هاوتەریبیان کردووە لەگەڵ بەرژوەندیی شەخسی و دەستەگەریی.

ئێستا دەنگێکی جیاواز دەبیستین... زوو نیە بەڵام خراپیش نیە، گەشبین نیم، بەقسەو وتاری کەسیش ختوکەم نایەت، هیچ کارو بەرژوەندییەکی شەخسیشم پێی نیە، بەڵام لەنێوان وتارێکی  شەقوشڕی سیاسی و وابەستەکردنی ژیانی گشتی بەگیرفانی گروپێکی چاوچنۆک و دووڕوو و دەنگێکی جیاوازیش کە داوای توڕدانیان دەکات، هەر کەسێک ژیربێت دووەمیان پەسەند دەکات.

ئەم دەنگە تەواو جیاوازە، بێپەردە باس لەدەستەمۆکردنی بەندەخوێنی شۆڕشگێرەکانی ڕابردوو دەکات، ئەگەر تادوێنێ ئەمانە قسەی بێ بەڵگە و ناوچاخانەکان بوبێتن، ئەوا ئەمڕۆ بەڕوونی هێنراونەتە سەر تەلەفزێۆن و کەسیش ورتەی لێوەنایەت، بێتەمومژ دەڵێت ناکۆکی و ململانێکانی ناو یەکێتی شەڕی گیرفان و دەسەڵاتە، نەک نەبەرژوەندی خەڵک و شەفافیەت، کەسێک نیە ڕەتیبکاتەوە، چونکە حەقیقەتی بەڵگە نەویستن.

ئەم دەنگە تەواو جیاوازو بەوەفایە بۆ ئەم قۆناغە کە پڕە لەپاشگەزبوونەوەو دوو ڕوویی سیاسی، بەوەفایە بۆ مێژوو و خەباتی تاڵەبانی، تەواو هاوتەریب و یەكانگیرە بەخوێنی شەهیدان و ژیان و خەباتی یەكێتی. 

ئەرێ چی ڕوویدا؟ هەر وازوو پێکەنین و کەیفی گەرمی تاڵەبانی و ڕێککەوتنی دەباشانتان لەیادکرد، خێرە ئەم حزبەتان کردووە بەیاری ماڵەباجێنە و هەرڕۆژە و لەشوێنێ شەکراوی ڕێککەوتنى سياسى ئەخۆنەوە؟

مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد ڕۆلێکی گەورەی گێڕا لە ئیبرازکردنی تاڵەبانی و درەوشانەوەی ئەستێرەی بەختی بەدەر لەلێزانی خۆی، ئایا خاتوو هێرۆ هاوشێوەی باوکی هەمان دەرفەت دەداتە لاهور تاڵەبانی کە تا ئاستێكی زۆر نەکهەی تاڵەبانی تیادایە؟ خۆ ئەگەر قسە بێتە سەر مەسەلەی پشتاوپشتکردنی دەسەڵات، گەرچی پرسێکی تەحصیل حاصلە و حزبی کوردی ئەوەندەی لەبازنەی سیمبول و شەخسدا دەسوڕێتەوە چارەکی ئەوە ڕێکخراوێکی سیاسی دامەزراوەیی و سیستماتیک نیە، بەڵام بابپرسین ئەی ئەوانەی دوای ئەمانن چەندیان باوەڕ بەدامەزراوەیی بوون و چەندیان لەسەر بنەمای پشتاوپشت کەسوکارییان نەهێناوەتە پێشەوە؟ 
هەرچەندە ئەوە بۆمن پرسێکی زۆر گرنگ نیە و زیاتر پەیوەستە بەناوخۆی ئەو حزبە، بەڵام وەک تاکێکی ئەم کۆمەڵگایە پرسی گۆڕین بەمەسەلەیەکی حەیاتی و گرنگ دەزانم کە ڕەنگدانەوەی گشتگیری دەبێت لەسەر پرۆسەی دیموکراسی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات لەهەرێمی کوردستان، ڕەنگە تا شەفافیەت و دادی کۆمەڵاتیش پەلبکێشێت ئەگەر کۆمەڵێک ئینسانی بەویژدان و شیاو جێگەی ئەم کۆمەڵە سیاسیە شکخستواردووە بگرنەوە.

ناکرێت مافی قسەکردنمان لێزەوتبکەن، مادەم حزب خۆی کردۆتە بەشێکی گەورە لەژیان و داهاتومان، دونیای هەموو تاکەکانی ئەم کۆمەڵگایەی قۆرخکردووە، لەماڵ و قوتابخانەو مزگەوت و بازاڕ، تێکەڵاوی خواردن و خواردنەوەکانیشمان بووە، ستایلی جلەکانیشمان دیاریدەکات بۆیە لەسەر هەموو بچوک و گەورەیەک قسەکردن بەڕەوا دەبینین.

کۆمەڵگای ئێمە نزیکەی نیو سەدەیە ئەزمونی کۆمەڵێک عەقڵی نەگۆڕ و بێبەرهەم و خۆبادەر دەکات، کە جگە لە شکست و گەڕانەوە بۆ دواوە شتێکمان نەبینی لەسەر ئەرزی واقیع، پێشکەوتووخوازەکەیان لەهەموویان دواکەوتوتر و چەقیوتر دەرچوو، ئیتر کاتی ئەوە نیە عەقڵی تازەو خوێنی نوێ ئەزموون بکەین؟
يتم التشغيل بواسطة Blogger.

لەلایەن ئاژانسی وڵات