Halloween party ideas 2015
banner



سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی پارێزگای سیرت له‌ باكوری كوردستان داوای 114 ساڵ زیندانی بۆ هاوسه‌رۆكی شاره‌وانی ئه‌و شاره‌ ده‌كات و هاوكات هاوسه‌رۆكی شاره‌وانی ناوچه‌ی ئومه‌رلی و هاوسه‌رۆكی شاره‌وانی ناوچه‌ی چه‌تاق سه‌ر به‌ ده‌به‌په‌ و هاوسه‌رۆكانی هه‌ده‌په‌ی شاری ئه‌سته‌نبوڵ ده‌ستگیركران.

داواكاری گشتی شاری سیرت به‌ تۆمه‌تی ئه‌ندامبوون له‌ په‌كه‌كه‌ و كه‌جه‌كه‌، و بیانووی ئه‌وه‌ی 18 جار پڕوپاگه‌نده‌یان بۆ ئه‌و رێكخراوه‌ كردووه‌ و دووجار كۆبونه‌وه‌ و "رێپێوانی نایاساییان" ئه‌نجامداوه‌ داوای 114 ساڵ زیندانی بۆ تونجه‌ر به‌كرخان  هاوسه‌رۆكی شاره‌وانی سیرت سه‌ر به‌ ده‌به‌په‌ ده‌كات.

به‌كرخان له‌ لێپرسینه‌وه‌كه‌دا وتویه‌تی‌ "له‌و قۆناغه‌ی كه‌ من هاوسه‌رۆكی شاره‌وانی بووم له‌ شاری سیرت به‌شداریم له‌ هه‌زاران مه‌راسیمی به‌خاكسپاردن كردووه‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ی جیاكاری بكه‌م كه‌ كورد یان تورك یان عه‌ره‌ب یان نه‌ته‌وه‌یه‌كی تربێت و به‌ بێ ئه‌وه‌ی بۆچونی سیاسی چی بێت ئۆتومبیلی گواستنه‌وه‌ی ته‌رمه‌كان به‌كارهێنراوه‌ و به‌شداریم له‌و مه‌راسیمانه‌ كردووه‌".

تونجه‌ر به‌كرخان هاوسه‌رۆكی شاره‌وانی سیرت له‌ 16 مانگی تشرینی دووه‌م ده‌ستگیركرا.

له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ به‌ بڕیاری سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی مێردین، سلێمان ته‌كین هاوسه‌رۆكی شاره‌وانی ناوچه‌ی ئومه‌رلی سه‌ر به‌ ده‌به‌په‌ له‌گه‌ڵ سێ كارمه‌ندی شاره‌وانییه‌كه‌ ده‌ستگیركران.

سلێمان ته‌كین دوای ته‌قینه‌وه‌یه‌كی‌ خۆكوژی به‌ ئۆتومبێلی بۆمبرێژكراو له‌ 23 حوزه‌یرانی ساڵی رابردوو كه‌ له‌ دژی فه‌رمانده‌یی جه‌ندرمه‌ی ناوچه‌ی ئومه‌رلی ئه‌نجامدرا له‌ 27 مانگی كانونی یه‌كه‌م له‌گه‌ڵ سێ كارمه‌ندی شاره‌وانی به‌ تۆمه‌تی ئه‌ندامبوون له‌ په‌كه‌كه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركران.

هه‌ر ئه‌مڕۆ به‌ بڕیاری داواكاری گشتی پارێزگای وان جه‌لاله‌دین بارتو هاوسه‌رۆكی شاره‌وانی ناوچه‌ی چه‌تاق سه‌ر به‌ ده‌به‌په‌ له‌گه‌ڵ پێنج كه‌سی تر كه‌ جێگری‌ هاوسه‌رۆكی شاره‌وانی و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نیان له‌ناودا بوون ده‌ستگیركران.

له‌ سه‌ر بڕیاری سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی ئه‌سته‌نبۆلیش دۆغان ئه‌رباش و ئایسه‌ل گوزه‌ل هاوسه‌رۆكانی هه‌ده‌په‌ی شاری ئه‌سته‌نبۆل له‌گه‌ڵ 7 ئه‌ندامی‌ هه‌ده‌په‌ به‌ تۆمه‌تی ئه‌ندامبوون له‌ په‌كه‌كه‌ و كه‌جه‌كه‌ ده‌ستگیركران. 

توركیا ماوه‌یه‌كه‌ هه‌ڵمه‌تێكی‌ به‌رفراوانی‌ ده‌ستگیركردن و دورخستنه‌وه‌ی‌ سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كانی‌ سه‌ر به‌ به‌ده‌په‌و هاوسه‌رۆك‌و په‌رله‌مانتارانی‌ هه‌ده‌په‌ی‌ ده‌ستپێكردووه‌، كه‌ ناڕه‌زایی زۆری له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی توركیاو وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.

له‌ماوه‌ی‌ نزیكه‌ی‌  17 مانگی‌ رابردوودا له‌ توركیا، هه‌شت هه‌زار و 432 ئه‌ندامی‌ هه‌ده‌په‌ و ده‌به‌په‌ ده‌ستبه‌سه‌ر و ده‌ستگیركراون، له‌و ژماره‌یه‌ش دوو هه‌زار و 360 كه‌سیان، هاوسه‌رۆكانی گشتی هه‌ده‌په‌و په‌رله‌مانتاران‌و هاوسه‌رۆكی شارو ناوچه‌و شارۆچكه‌كانن، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی‌ جێگری هاوسه‌رۆكی گشتی هه‌ده‌په‌.
يتم التشغيل بواسطة Blogger.

لەلایەن ئاژانسی وڵات