Halloween party ideas 2015
banner



کەمال کەرکووکی، فەرماندەی پێشمەرگە و ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی، لە وەڵامی نووری مالیكیدا دەڵێت، نەك دەبێ پێشمەرگە بكشێتەوە، بەڵكو دەبێت سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە حەمرین و باکووری تکریتیش، واتە بۆ پێش رێككەوتننامەی سایكس - پیكۆ بکشێنەوە.
کەرکووکی، كە بەرپرسی میحوەری پێنجی دوبز و رۆژئاوای كەركووكی هێزی پێشمەرگەیە و پێشتر سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بوو، لەڕێگەی تۆڕی میدیایی رووداو وەڵامی لێدوانی نووری مالیكی، جێگری سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراقی دایەوە، كە چەند رۆژێك پێش ئێستا لە تارانەوە رایگەیاند، دەبێت پێشمەرگە بۆ سنووری پێش ساڵی 2003 بكشێتەوە.


ناوبرا بە رووداوی رایگەیاند "ئەو لێدوانە گوزارشتێكی حەقیقییە لە ناخی ئەوانەی لە بەغدا حكوم دەكەن، بەو لێدوانە دەبێ ئەو كوردەی خەوتووە لەخەو هەستێت، كە ئەگەر سەربەخۆیی بەدەست نەهێنێ، رۆژێك دادێ تووشی دەردەسەری و شەڕ و پێكدادان دەبێت".


کەمال کەرکووکی بەپێویستی زانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە خاكی كوردستان بكشێنەوە، بۆ پێش رێككەوتنامەی سایكیس - پیكۆ، واتە خوارووی حەمرین، گوتیشی "دەبێ لە باكووری هیت و تكریتیش بڕۆنە دەرەوە، بەخۆشی بێت یان بەترشی بێت لێیان دەسەنینەوە".


ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە هەروەها گوتی "مەحاڵە جارێكی دیكە خاكی كوردستان رادەستی سوپای عێراقی شكستخواردووی هیچپێنەكراوی هەڵاتوو بكەینەوە، سوپای عێراق گەردنی خەڵكی لەبەردەم چەقۆی داعش بەجێهێشت، بۆئەوەی یان ببنە كۆیلە، یان سەر ببڕدرێن، ئەوە مەحاڵە جارێكی دیكە چارەنووسی خۆمانیان رادەست بكەین، سنووری كوردستان دیارە و خەڵكی كوردستان لە ماڵەكانیان بۆ كوێ بڕۆن؟".


بەفەرمی هەم لە بەغدا و هەم لە هەرێمی كوردستان باس لەوە كراوە هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان پێش دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی موسڵ لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە رێككەوتوون، لەوبارەوە كەركووكی گوتی "مەسەلە رێككەوتن نییە، خاكی كوردستان خاكی كوردستانە و دەبێت بۆ خەڵكی كوردستان بێت، ئەگەر عەدالەت هەبێ، ئەگەر حیساب بۆ قانوونی دەولی بكرێت، ئەگەر حیساب بۆ بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بكرێت، دەبێ رای خەڵكی كوردستان وەربگیرێت، ئایا دەیانەوێت لەسەر خاكی خۆیان چۆن بژین؟".


لەبارەی چۆنیەتی چارەسەركردنی دۆخەكەش گوتی "چارەسەر ئەوەیە ئەوان ئاقڵ بن، ئەگەر ئاقڵ نەبن، ئاقڵ بكرێن، ئێمە پێمانباشە ئەوان بە دیالۆگ بچنەوە نێو ماڵی خۆیان، ماڵی خۆیان پیرۆزی خۆیان بێت، كوردستانیش تەماحی لە ماڵ و خاك و مافی كەس نییە، ئەوكاتەی سوپای عێراق رایكرد، پێشمەرگە گشت پێكهاتەكانی بەبێ جیاوازی زمان، نەتەوە و ئایین پاراست، ئێمە دەمانەوێت بەوشێوەیە بێت، نە زوڵم لە كورد بكرێت، نە غەیرە كوردیش زوڵم لە كورد بكات".

  
لەبارەی سوپای عێراق و كەمی رێژەی كورد تێیدا، كەمال كەركووكی گوتی "راستە سەرەتا كورد رۆڵی زۆری لە دامەزراندنی سوپای عێراق بینی، بەڵام لە دەرگا و پەنجەرەوە دەریان كردە دەرەوە، ئێستا هیچ رۆڵ و كاریگەرییەكی نەماوە، رێژەیەكی ئەوەندە كەمە شەرمە باسی بكەین، ئەمە خواستی كورد نەبووە و بەسەر كورددا فەرز كراوە، ئەوانەی لەنێو سوپای عێراقیشن تەنیا بۆئەوەیە مووچەیەك وەربگرن و بژین".
يتم التشغيل بواسطة Blogger.

لەلایەن ئاژانسی وڵات