Halloween party ideas 2015
banner


نەورەس ئەحمەد مەحمود
پلانى گه‌شه‌پێدانى ستراتیجی هه‌رێمى كوردستان ٢٠١٢-٢٠١٦ کە لەلایەن  وەزارەتی پلاندانانی هەرێمەوە دەرچووە، دەیسەلمێنێت کە عەقڵیەتی حکومەتی هەرێم لە ئێستا و لە ڕابردوودا، دامەزراوەکانی پەروەردە و فێرکردنی وەک ئامرازێک یان خزمەتگوزاریەکی خۆڕایی بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری بەکارهێناوە و هیچ کات وەک ئامرازێک بۆ وەبەرهێنان لە سەرمایەی مرۆییدا مامەڵەی لەگەڵ پەروەردە و فێرکردندا نەکردوە.

پەیوەندی نێوان گەشەی داهاتی نەتەوەیی و وەبەرهێنان لە سەرمایەی مرۆییدا لە سەدەی بیستەمدا لەلایەن زانایانی وەک دێنیسۆن و شۆلتز و چەند زانایەکی ترەوە باسی لێوەکراوە. سەرجەمیان کۆک بوون لەسەر ئەوەی زیادبوون لە بەرهەمی ناوخۆییدا تەنها بەند نییە بە زیادبوونی سەرمایەی سروشتییەوە، بەڵکو هۆکاری تریش بەشداری ئەو زیادبوونە دەکەن و پەروەردە و فێرکردنیش یەکێکە لەو هۆکارانە. کاتێک گۆڕاوی پەروەردە و فێرکردنیان بۆ دەرخستنی پەیوەندیەکەی بە زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆییەوە بەکارهێنا، دەرکەوت کە پەروەردە و فێرکردن بە ڕێژەیەکی زۆر کاریگەری لەسەر ئەو زیادبوونە هەیە. بەمە سەلماندیان کە پەروەردە و فێرکردن وەبەرهێنانە نەک بەکاربردن، وە هەر لەو کاتەوە گرنگی وەبەرهێنان لە سەرمایەی مرۆییدا سەریهەڵدا. هەروەها، پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و پێویستبوونی بە هێزی کاری شارەزا تایبەتمەندێتی زیاتری دایە ئەم وەبەرهێنانە.
ئەو ئەزموونەی مالیزیا پێشکەشی جیهانی کرد، ئەزمونێکە شایەنی ڕێزە. ساڵی ١٩٨١ کاتێک د.مەهاتیر محەمەد بووە سەرۆک وەزیرانی مالیزیا، %٢٥ دانیشتوانی مالیزیا لە خوار هێڵی هەژاریەوە بوون. بەڵام بەڕێز مەهاتیر خاوەن دید و دونیا بینی خۆی بوو و وای بینی کە بە بەکارهێنانی ئامرازی جیاواز، دەتوانێ مالیزیا بەرێتە ریزی وڵاتە پێشکەوتوەکانی دونیا و خوێندنیشی بە گرنگترین ئامراز زانی. هەر بۆیە حکومەتی مالیزی %٢٤ ی بودجەی حکومەتی بۆ خوێندن و دروستکردنی خوێندنگە و بەتایبەتتریش خوێندنگەی پیشەیی تەرخانکرد. هەروەها، پەیوەندیەکی بەهێزی لە نێوان زانکۆکان و سەنتەرەکانی توێژینەوە و کەرتی تایبەتدا دروستکرد چونکە د. مەهاتیر بڕوای وابوو پەروەردە و فیرکردن و توێژینەوەی زانستی ڕۆڵێکی گرنگ و سەرەکیان هەیە لە گەشەی ئابوریدا. هەر بۆیە توێژینەوە زانستیەکان بۆ مەبەستی بازرگانی بەکاردەهێنران و تێچوی توێژینەوە زانستیەکان تەنها لە ساڵی ٢٠٠٢ دا گەیشتە ٦٥٠  ملیۆن دۆلار. ئەمانە و زۆری تر وای کرد د.مەهاتیر مەردانە مالیزیا لە وڵاتێکی کشتوکاڵیەوە کە شمەکی زۆر سادەی وەک مەتاتی هەناردەی دەرەوە دەکرد، بکاتە یەکێک لە دەوڵەتە پیشەسازیەکانی دونیا.
ئەزموونی حکومەتی هەرێمەکەی خۆشمان، ئەزموونێکە شایەنی تێڕامانە. پاش قەیرانە ئابوریەکەی ئەم دواییە، حکومەتی ئێستای هەرێم وەک ڕێکارێک بە ئاڕاستەی دانەڕمانی یەکجارەیی ئابوری هەرێم بڕیاری پاشەکەوتکردنی موچەی فەرمانبەرانی دا و ناڕەزایی فەرمانبەران بە بایکۆتکردن و خۆپیشاندان و گردبوونەوە سەریهەڵدا. بڵندترین دەنگی ناڕازی و زۆرترین ماوەی بایکۆت و دیارترین گردبونەوە و خۆپیشاندانەکان، مامۆستایان خاوەنی بوون. زۆرێک لەم مامۆستایانە بەرهەم و دەرچوی هەمان ئەو خوێندنگە و زانکۆیانەن کە ماوەی ٢٥ ساڵە کابینە یەک لە دوا یەکەکانی حکومەتی هەرێم سەرپەرشتیان دەکات. هەریەک لەم مامۆستایانەش بەلایەنی کەمەوە جارێک بەشداریان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کردووە. ئێ ئەندامانی حکومەتی هەرێمیش لە ووڵاتێکی ترەوە هاوردە نەکراون، ئەوانیش تاکی ناو ئەم کۆمەڵگەیەن و بە زۆرینەی دەنگی  ئەو  پەرلەمانەی ئێمە دەنگمان پێداوە، پەسەند کراون و هەڵبژێردراون.
ڕاستە لە ڕابردوودا د. مەهاتیرێکی کوردمان نەبینی و لە ئێستاشدا وا کەس دیار نیە و لە داهاتوودا بەڵکە دەرکەوێت بەڵام داخوا ماوەی ٢٥ ساڵە حکومەت بە ئەنقەست پلانی بۆ بەرهەمهێنانی ئەم عەقڵیەتەی  ئەمڕۆی ناو خۆپیشاندەران و بە تایبەتتر مامۆستایان داناوە؟! ئەو عەقڵیەتەی ئیفلیجکردنی پەرلەمان و یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و پەیوەندی هەولێر و بەغدا و داهاتی نەوت و سیاسەتی ناوەوە و دەرەوەی هەرێم و چەندی تر، نەیهەژاند..کەچی لە خەمی خواردن و پاروەکەی سیکدا هەژا و خرۆشا!؟ یان نیەتی حکومەتی ئێمە هەر گەوهەر بووە و ناوچەوانەکەی ئێمەی بە نسیب کردووە؟!
يتم التشغيل بواسطة Blogger.

لەلایەن ئاژانسی وڵات