Halloween party ideas 2015
banner

لەبەرامبەر داواكاری نوری مالیكی و بەرپرسانی عێراق بۆ كشانەوەی هێزی پێشمەرگە لە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، پەرلەمانتارانی هەر پێنج فراکسیۆنە کوردییەکە داواکەی مالیكی رەتدەکەنەوەوە و دەڵێن:"پێشمەرگە ناوچە کوردستانییەکانی بەخوێن لەدەست چەكدارانی داعش رزگار كردووە و مالیکی بۆی نییە ئەمجۆرە قسانە بکات."

یەكگرتوو: بەكرێگرتەی مالیكی نین و کشانەوەی پێشمەرگە خەونە
موسەننا ئەمین، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" داواكاری كشانەوەی پێشمەرگە لە ناوچە كوردستانییەكان خەون و ئاواتی ئەوانەیە كە ئەمجۆرە قسانە دەكەن. بێگومان هەڵەیەكی گەورەیە ئەگەر پێشمەرگە كارێكی وا بكات."

موسەننا ئەمین بۆ چارەسەری پرسی ماددەی 140 گوتی "پێویستە سیاسییەكانی كورد ئەوکێشەیە چارەسەر بكەن. پێشمەرگە خوێنی بەخشیوە و نابێت جارێكی دیكە بۆ خاڵی سفر بگەڕێتەوە."

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو، گوتیشی: "ئێمە بەكرێگرتە نین لەلای مالیكی كە خوێن ببەخشین و كەی ویستی بگەڕێینەوە. پێویستە هیچ لایەك زمانی هەڕەشە بەكار نەهێنێت و كێشەكان بە گفتوگۆ و دیالۆگ چارەسەر بكەین."

یەكێتی: عەرەب و توركمانەكان متمانەیان بە پێشمەرگە داوە
رێبوار تەها، پەرلەمانتاری یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەبارەت بە ناوچەی موسڵ دیارە كاك مەسعود رێككەوتنی لەگەڵ عەبادی هەیە بۆ كشانەوەی هێزی پێشمەرگە، بەڵام سەبارەت بە ناوچە دابڕاوەكان و ناوچە ئازادكراوەكانی وەكو كەركووك، مەخموور و شوێنەكانی دیكە مەحاڵە هێزی پێشمەرگە لەو شوێنانە بكشێتەوە."

رێبوار تەها گوتیشی: "ئەمانە ناوچەی كوردستانین و جگە لەکورد خەڵكی ناوچەكان لە توركمان و عەرەب-یش متمانەیان بەو هێزەی پێشمەرگە داوە. هێزی پێشمەرگە بە قسەی مالیکی و ئەوانە ناكشێتەوە."

كۆمەڵ: 11 هەزار شەهید و بریندارمانداوە
سەلیم هەمزه ساڵح پەرلەمانتاری كۆمەلی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "ئەو ناوچانەمان بە خوێنی 11 هەزار شەهید و بریندار ئازادکردوون و خوێنمان لەم پێناوەداوە تاوەكو ئەو ناوچانەی سنووری هەرێمی كردستانن لە دەستی تیرۆریستانی داعش رزگاریان بكەین. نابێت جارێكی دیكە تەسلیمی هیچ كەسێكی دیكە بكرێت مەگەر بە خوێن."

مامۆستا سەلیم شوشكەیی گوتی: "ئەگەر مالیكی یان دەوڵەتی یاسا بیەوێت ئەو كەیسە بەزۆرداری لەگەڵ كوردستان یەكلایی بكاتەوە ئەمە پێچەوانەی یاسا و دەستوورە."

سەلیم شوشكەیی، پێشنیازی بۆ لایەنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق هەیە و دەلێت:" ئەو كێشانەی لەنێوان هەرێم و بەغدا بە هەڵواسراوی ماونەتەوە، پێشنیاز دەكەم لە رێگای دادگای ئیتحادی یەكلایی بكرێنەوە. چونكە ناوچە دابڕێنراوەكانی هەرێمی كوردستان بابەتێكی یاسایی و دەستووریە و پێویستیشە دادگای ئیتحادی بێتە سەرهێل."

گۆڕان: مالیكی بۆی نیە قسەبكات
شیرین رەزا محەمەد، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند:" ئەو شوێنانەی پێشمەرگە بە خوێنی ئازادی كردوون دەستبەرداری نابین. ئەوان كەی موسڵیان ئازادكرد و چارەسەری بەغدادیانكرد كە لێیان هەڵساونەتەوە، كەی كۆتایی بە داعش هات ئەوكات بۆ جێبەجێ ماددەی 140ی دەستووری عێراق ئیتفاق دەكەین."

پەرلەمانتارەكەی گۆڕان گوتیشی:"مالیكی بۆی نییە ئەوجۆرە قسانە بكات. چونكە ئەو سەرۆكوەزیران نییە و هەرچەند جێگری سەرۆکكۆمارە، بەڵام خۆی و جێگرەكەیشی دەستبەكار نین، بۆیە بۆی نییە قسە بكات."

پارتی: مالیكی ناوچەكانی تەسلیم بەداعش كرد وئازادمانكرد
شاخەوان عەبدولڵا پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:"ئێمە ناوچە كوردستانییەكانمان لە مالیكی وەرنەگرتووە تاوەكو رادەستی ئەوی بكەینەوە. مالیكی ناوچە كوردستانییەكانی تەسلیم بە داعش كرد و ئێمە بەخوێن ئازادمان کرد و بەدەستمان هێنایەوە."

شاخەوان عەبدولڵا گوتیشی: "نوری مالیكی بەهیچ جۆرێك بۆی نییە داواكاری ئەوە لە كورد بكات هێزەكانی پێشمەرگە لە ناوچە كوردییەكانی سنووری ماددەی 140 بكشێنێتەوە."

يتم التشغيل بواسطة Blogger.

لەلایەن ئاژانسی وڵات