Halloween party ideas 2015
banner


لاهور شێخ جەنگی ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتیمانیی كورستان 10 ئەندامی سەركردایەتیی حزبەكەی قایل دەكات بەشدار بن لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی ئەمڕۆدا كە نزیكن لە بەرهەم ئەحمەد ساڵح جێگری سكرتێری گشتیی ئەو حزبە، هاوکات یەکێتیی دوو لیژنە بۆ گۆڕانکارییەکانی ناوخۆی حزبەکە و حکوومەت درووست دەکات.

بە پێی ئەو زانیارییانەی كە ״ئاژانس״ لە چەند سەرچاوەیەكی تایبەتی ناو یەكێتییەوە دەستی كەوتووە، لاهور شێخ جەنگی ئەو 10 ئەندامەی سەركردایەتیی نزیك لە بەرهەم ئەحمەد ساڵحی قایل كردووە كە بەشداریی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ چوارشەممەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی بكەن.

بڕیارە لەو كۆبوونەوەیەدا نەخشەڕێگای یەكێتیی بۆ چارەسەری دۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان تاووتوێ بكرێت كە پێشتر ئامادە كراوە و ئەوەش یەكەمجار دەبێت لە پاش كۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردووی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی، ئەنجوومەنی سەركردایەتی كۆ ببێتەوە.

هەریەك لە عەدنانی حەمەی مینا، بەرزان ئەحمەد كوردە، محەمەد وەتمان، جەمیل هەوارمی، نەرمین عوسمان، شاڵاو عەلی عەسكەری، حامیدی حاجی غالی و مستەفا چاوڕەش بەشێكن لەو ئەندام سەركردایەتییانەی كە قایل بوون بەشداریی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ بكەن.

بەرزان ئەحمەد كوردە ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی بەشداریكردنی لەو كۆبوونەوەیەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی پشتڕاست كردەوە و بە ״ئاژانس״ی وت: ״هەموان بەشدار دەبین لە كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیدا״.

بەرزان ئەحمەد كوردە ئاماژەی بەوەش كرد كە گۆڕانكاریی نوێ لەناو یەكێتیی هاتووه‌تە ئاراوە و دەیانەوێت لەگەڵی بڕۆن و وتیشی: ״دەرفەت هەیە لە كۆبوونەوەكانی داهاتووشدا كاك بەرهەم بەشداریی بكات״.

بە پێی زانیارییەکان یەکێتیی دوو لیژنەی پێک هێناوە بۆ گۆڕانکارییەکان، کە یەکەمیان بۆ گۆڕانکاریی ناوخۆییە و عیماد ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسیی سەرۆکایەتیی دەکات، لیژنەی دووەمیش تایبەتە بە گۆڕانکاری لە حکوومەت و ئەرسەلان باییز ئەندامی مەکتەبی سیاسی سەرۆکایەتیی دەکات.

يتم التشغيل بواسطة Blogger.

لەلایەن ئاژانسی وڵات