Halloween party ideas 2015
banner



دامەزراندنی چەند ئەندامێکی بزوتنەوەی گۆران کە پسپۆریان لەو بوارانەدا نییە کەلە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان پێیان دراوە نارەزایی ناوخۆی لەو بزوتنەوەیەدا دروست دەکات.

بەپێی ئەوزانیارییانەیماڵپه‌ری لڤین بڵاوی كردۆته‌وه‌، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لەسەر پشکی بزوتنەوەی گۆران چەند کەسێکی بە فەرمانبەر دامەزراندوە کە هیچ پسپۆرییەکیان لەو بوارەدا نییە.

زانیارییەکان ئاماژە بۆئەوەدەکەن، (ڕ - خ) دەرچووی کۆلێژی کشتوکاڵ لەسەر پشکی بزوتنەوەی گۆڕان کراوەتە بەرپرسی بەش لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان هەروەها (دە - ج) دەرچووی ڤێتەرنەری لەسەر پشکی بزوتنەوەی گۆران کراوەتە بەرپرسی بەشی ئایتی(I.T).

لەبەشێکی دیکەی زانیارییەکاندا هاتووە، دانانی ئەم کەسانە لەلایەن بزوتنەوەی گۆرانەوە نارەزایی لەناوخۆی بزوتنەوەی گۆراندا دروست کردووە. سێ بەڕێوبەری گشتی بزوتنەوەی گۆران لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان چاوەڕێی واژووی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن بۆ وەرگرتنی پۆستەکانیان لە کاتێکدا ئەو واژووە بەناوی سەرۆکی هەرێمەوە دەکرێت و بەپێی یاسایی پێویست بەو واژووە ناکات.

بەپێی نوسراوێکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی، ئەنجومەنی کۆمسیاران بە ڕێکەوتی(٧/٢/٢٠١٧)  بە واژووی هەندرێن محەمەد ساڵح، وێنەیەکی ده‌ست كه‌وتووه‌ تێیدا ئاڕاستەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بەشی سەرۆکایەتی دیوان کراوە بە مەبەستی دەرکردنی مەرسومی هەرێمی.

لە نوسراوەکەدا هاتووە، ئەنجومەنی کۆمسیاران گەرمترین سڵاوتان ئاڕاستە دەکات ، ئاماژە بە بڕگەی دووەم لە ماددەی شەشەم لە یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی ژمارە (٤) ساڵی ٢٠١٤ ئەنجومەنی کۆمسیاران لە کۆبونەوەی ژمارە (٢)ی بەرواری (١٨/١/٢٠١٧) بڕیاری دامەزراندنی (١٢) بەڕێوبەری گشتی دا بۆ سەرجەم فەرمانگەکانی کۆمسیۆن.

لەبەشێکی دیکەی نوسینەکەدا هاتووە، بۆ ئەم مەبەستە داواکارین لە بەڕێزتان ڕەزامەندی بفەرموون لەسەر دەرکردنی مەرسومی هەرێمی بۆ ئەو بەڕێزانەی کەناویان لە هاوپێچەکەدا هاتووە.

بەپێی بەدواداچوونێک، لەو (12) بەڕێوبەرە گشتییە (3) بەڕێوبەری گشتیان سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە بەناوەکانی(زەردەشت مەلاحەسەن - ژن برای کاردۆ محەمەد سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی بزوتنەوەی گۆران لە پەرلەمانی کوردستان)،(دیاری حاجی عومەر)، (ئاراس ڕەسوڵ - پێشتر کێشە لەسەردانانی هەبوو).

جێی ئاماژەیە، داننان بە واژووی مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم لە کاتێکدا کە بزوتنەوەی گۆران بەشێوەیەکی فەرمی ڕەتیکردوەتەوە مامەڵەی یاسایی لەگەڵ پۆستی مەسعود بارزانی بکات وەک سەرۆکی هەرێم، وە دوو ئەندامی کۆمسیاران لە کۆی (9) کۆمسیار لەسەر پشکی بزوتنەوەی گۆران دانراون ئەوانیش بەناوەکانی (ڕێزان حەمە ڕەشید و سەمەد بێتواتەیی)، وە پێشتر بەپێی یاسا کەپەرلەمانی کوردستانی دەنگدانی بۆئەنجامدا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی ڕاستەوخۆ لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە چاودێری دەکرێت و حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی دارایی دەکات بەهیچ شێوەیەک نەبەستراوەتەوە بە سەرۆکایەتی هەرێم و دەرکردنی مەرسوم بۆی.

 
يتم التشغيل بواسطة Blogger.

لەلایەن ئاژانسی وڵات