Halloween party ideas 2015
banner



"هێزە رەشەكە"ی یەكێتی نیشتمانی كوردستان چوونە ناو كۆمپانیای نەوتی باكوور لەشاری كەركوك‌و هەناردەی نەوتی شارەكەشیان راگرت.

سەرچاوەیەكی سەربازی  ئاشكرایكرد، كە ئەمڕۆ پێنج شەممە "هێزە رەشەكەی سەر بەیەكێتی نیشتمانی چوونەتە ناو كۆمپانیای نەوتی باكوور"، كە لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی عێراقدایەو هەناردەی نەوتی كەركوكیشیان راگرتووە.

سەرچاوەكە راشیگەیاند، كە هێزەكە بە بەرپرسان‌و تەكنیكارانی كۆمپانیای نەوتیان راگەیاندووە، فەرمانی سەروو خۆیان پێیە، كە نابێت هەناردەی نەوتی كەركوك بەردەوامی هەبێت‌و دەبێت راگیرێت.

كۆمپانیای نەوتی باكوور سەر بەحكومەتی عێراقەو وەبەرهێنان لەكێڵگە نەوتییەكانی باشووری كەركوك دەكات، كە داهاتەكەی راستەوخۆ ناگەڕێنێتەوە بۆ ئیدارەی شارەكەو ماوەیەكیشە حكمەتی عێراق سەرقاڵی رێككەوتنە بۆ ئەوەی نەوتی ئەو كێڵگانە رەوانەی ئێران بكات.

حكومەتی عێراق رۆژانە بڕی 150 هەزار بەرمیل لەكێڵگە نەوتییەكانی نەوتی كەركوك هەناردە دەكات، كە لەكێڵگەكانی خەبازەو جەمبۆرو بابەگۆڕگوڕ پێكهاتوون‌و تائێستاش دیارنییە، كەی دەست بەهەناردە دەكرێتەوە.

لەو بارەوە رەفعەت عەبدوڵڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ، كە ناوبراو زانیارییەكانی  پشتڕاستكردەوەو رایگەیاند "هێزێكی حیزبەكەی چوونەتە ناو كۆمپانیای نەوتی باكوورو كێڵگە نەوتییەكانیان كۆنتڕۆڵكردووە".

رەفعەت عەبدوڵڵا، كە یەكێكە لەبەرپرسەكانی یەكێتی لەشاری كەركوك، راشیگەیاند "هۆكاری چوونی هێزەكەمان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە لەماوەی رابردوو بەرپرسانی عێراق‌و كۆمپانیای نەوتی باكوور بەڵێنیانداوە، كە پاڵاوگەو دروستبكەن‌و پێداویشتی خەڵكی شاری كەركوك پڕبكەنەوە، بەڵام ئێستا بەبیانووی جۆراوجۆر لەوە پاشگەزبوونەتەوە".

بەقسەی رەفعەت عەبدوڵڵا، یەكێتی "هێزی یەكەمی شاری كەركوكەو بەو هۆیەشەوە خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت بۆ جێبەجێكردنی حواست‌و داواكارییەكانی خەڵكی شارەكە، هەر لەبەر ئەوەش ئەو بژاردەیان گرتووەتە بەرو كۆنتڕۆڵی كێڵگەكانی نەوتی باكوور كردووە".

هێزەكەی یەكێتی بەفەرمانێكی باڵای حیزبەكە چوونە ناو كۆمپانیای نەوتی باكوورو دەستیشیان بەسەر گێڵگە نەوتییەكانی ئەو كۆمپانیایە گرتووە، كە لەدوو كێڵگەی نەوتی پێكهاتوون، تائێستا دیارنییە كەی دەكشێنەوە.
يتم التشغيل بواسطة Blogger.

لەلایەن ئاژانسی وڵات