Halloween party ideas 2015
banner



سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت كە پێویستە پەكەكە لە شنگال بكشێتەوەو نەبێتە هۆی دروستكردنی نا ئارامی.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمیانی پێشكەشكردنی وتەیەك لە دهۆك رایگەیاند" ئەم دۆخە سیاسیەی لەهەرێم هەیە بە حەزوو ئارەزووی ئێمە نییە‌و ناخوازین بەردەوام بێت، بۆیە لەئێستادا سەرقاڵی دۆزیینەوەی رێگایەكین بۆ چارەسەركردنی كێشەكان".

سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەوەشكرد لە ساڵ‌و نیوی رابردوو ئەولەویەتی ئەوان شەڕی دژی داعش بوو نەك ئەو شەڕەی لە پەرلەمانی كوردستان دەستی پێكرد، گەشبینی خۆشی پیشاندا بە چارەسەركردنی دۆخی سیاسی هەرێم.

سەبارەت بە ئاڵۆزییەكانی شنگال لەنێوان پێشمەرگەو پەكەكە نێچیرڤان بارزانی وتی" كاتێك ئێمە چووینە كۆبانی یارمەتی یەپەگەماندا بۆ رزگاركردنی كۆبانی‌و ئەركی خۆمان جێبەجێ كرد‌و ئەوان وتیان پێویستمان پێتان نەماوە، ئێمەش وتمان بەسەرچاو دەگەڕێینەوە، بەڵام پێداگریمان نەكرد بۆ مانەوە لەكۆبانی‌و گوندەكانی دەوروبەری پێویستە پەكەكەش ئێستا هەمان كار بكات‌و لە شنگال بكشێتەوە".

هەر لەسەر ئەو پرسە سەرۆكی حكومەتی هەرێم داوای لەپەكەكە كرد لە شنگال بكشێتەوە، چونكە بەوتەی ئەو مانەوەیان دەبێتە هۆی دروستكردنی نا ئارامی‌و رێگری لەبەردەم ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچەیە.

نێچیرڤان بارزانی جەختیكردەوە كە ئەوان نایانەوێت شەڕ لەگەڵ هیچ لایەنێك بكەن بە پەكەكەشەوە تەئكیدی كردەوە كە شەڕیش بۆ كەس ناكەن، بەڵام بەوتەی خۆی پەكەكە كاتی خۆی هاوكاری خەڵكی ناوچەكەی كردوە‌و ئێستاش كاتی ئەوەیە لەناوچەكە بچێتە دەرەوە.
يتم التشغيل بواسطة Blogger.

لەلایەن ئاژانسی وڵات