Halloween party ideas 2015
banner


   
سكرتێری پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت ، "ئەگەر هەرێمی كوردستان بەم شێوەیەی ئێستای بەردەوام بێت، هەرەس دەهێنێت و ئەوكات خۆی لە بەردەم ڕاپەڕینێكی تردا دەبینێتەوە".

فەخرەدین قادر، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان، لەدیدارێكی لەگەڵ گۆڤاری مەشخەڵی ڕاپەڕین كە بڵاوكراوەیەكی ساڵانەی مەڵبەندی 5ی ڕانیەی حزبەكەی، كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان،  تایبەت بە یادی ڕاپەڕین دەری دەكات دەڵێت" لە ڕاستیدا ڕاپەڕین دەرئەنجام و كاردانەوەی زوڵم و ستەمی دەسەڵاتێكی خۆسەپێن و دڕندە بوو بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان،مەخابن باش مومارەسەنەكردنی دەسەڵات لەلایەن هەردوو حیزبی دەسەڵاتدارەوە، وای كرد كە نەتوانرا لەسەر بنەمایەكی بەهێز و زانستی كابینەكانی حوكمڕانی دابمەزرێن، لەبری خزمەتكردن بە هاووڵاتیان خزمەت بە حیزب و سەركردەكانی كرا، كە بە ئاشكرا چینایەتی دروست بوو لە ناو كۆمەڵگەی كوردییدا".

دەشڵێت "بە داخەوە نەفەسی تاكحیزبی و یەكتر قبوڵنەكردن وایان كرد هەرزوو شەڕی نێوخۆیی هەردوو پارتی دەسەڵاتداری هەرێم (پارتی و یەكێتی) لێكەوتەوە، كە هەزاران گەنج و لاوی ئەم هەرێمە كرانە قوربانی سیاسەتە چەوتەكانی ئەمان و دواتریش دابەشبوونی ئەو چەند پارێزگایەی هەرێمی كوردستان بەسەر دوو زۆندا (زەرد و سەوز)، كە ئەمە تەواو پێچەوانەی ڕاپەڕین و دەسكەوتەكانی بوو، بۆیە ئێستاشی لەگەڵ بێت ئەو دۆخە نەخوازراوە بە شێوەیەكی تر خۆیی نمایش دەكات لە هەرێمی كوردستان".

لەبارەی پەكخستنی پەرلەمانەوە، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان ئاماژەبەوەدەكات" هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار لە خولەكانی پێشووی پەرلەماندا پەرلەمانیان بە شێوەیەك ویستووە كە دەزگای شەرعیەتدان بێت بە كارەكانی خۆیان، پەرلەمان و پەرلەمانتارێكی دەستەمۆیان ویستووە، كە دواتر خۆشبەختانە لە خولی سێیەمی پەرلەمانەوە ئۆپۆزیسیۆنێكی كارا لە پەرلەمان دروست بوو، لە خولی چوارەمیشدا پەرلەمان و پەرلەمانتارانێكی ئازا و بوێر و دڵسۆز، بۆ خەڵكی كوردستان".

ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات "پاشان لەم خولەدا لە ماوەی كەمتر لە دووساڵی كاركردنیدا چەندین یاسای باش و گرنگی پەسەند كرد، كە بنەمای بەهێزن بۆ ئایندەی هەرێمی كوردستان، لە بوارەكانی دەوڵەتداریی و شەفافیەتی دارایی و بەهەدەرنەدانی داهاتی وڵات و خزمەتكردنی گەورە بە هاووڵاتیانی كوردستان دەكات و ئەمەشوایی كرد كە پارتە دەسەڵاتدارەكان بە تایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان نامۆ بوون بەم جۆرە پەرلەمانە، نەفەسی حیزب و خۆبەگەورەتر بینین لە دامەزراوەیەكی شەرعیی هەرێمی كوردستان وایان كرد كە ڕێگا لە كاركردنی ئەم دامەزراوە شەرعییە بگرن، هۆكاری سەرەكیش بریتی بوو لە پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كە لە ڕابردوودا لە پەرلەمان و بە یاسا كاری بۆ كرا بوو، بەڵام بە داخەوە لەم خولەدا ویستیان بە ڕێگای نایاسایی ئەم كارە بكرێت، بۆیە بوویە هۆی ئەو ئاڵۆزییە سیاسییەی ئێستا هەرێمی كوردستانی تێكەوتووە، ئەمە گەورەترین بێڕێزییە بەرامبەر بە ئیرادەی خەڵكی كوردستان دەكرێت و پێویست بوو پەرلەمان هێڵی سووری نەتەوەیی و نیشتمانییمان بێت، نەك حیزبێك كە كەمینەیە لەچاو حیزبەكانی تردا لە كوردستان و خاوەنی تەنها (38) كورسییە لە كۆی (111) كورسی، پەرلەمان پەك دەخات".

لەوەڵامی ئەوەی كە هیچ ئومێدێك هەیە بۆ باشبوونی قەیرانە كەڵەكەبووەكانی هەرێمی كوردستان و كاراكردنەوەی پەرلەمان،فەخرەددین قادر دەڵێت" لەگەڵ ئەوەی بڕوام وایە هەندێك لەو قەیرانانە دروستكراون، بەڵام ئەو ئیرادەیەی كە لای حیزبە دەسەڵاتدارەكان هەیە بۆ چاكسازیی، زۆر بە لاوازی دەیبینم و زۆر لووتبەرز و بێباكانە مامەڵە لەگەڵ قەیرانەكاندا دەكەن، بڕوام وایە ئەگەر هەرێمی كوردستان بەم شێوەیەی ئێستای بەردەوام بێت، هەرەس دەهێنێت و ئەوكات خۆی لە بەردەم ڕاپەڕینێكی تردا دەبینێتەوە.
يتم التشغيل بواسطة Blogger.

لەلایەن ئاژانسی وڵات