Halloween party ideas 2015
banner





له‌درێژه‌ی كێشه‌ی نێوان به‌هرۆز گه‌ڵاڵی و مه‌لا به‌ختیار ، به‌هرۆز گه‌ڵاڵی وه‌ڵامی حه‌مه‌ ئاوات هه‌ڵسوڕاوی ئێستا گۆڕان  یه‌كێك له‌ دامه‌زرێنه‌رانی ئاڵای شۆڕش ده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێت" وا ديارە بەداخەوە تۆ لە وەڵامى من بۆ مەلا بەختيار تينەگەيشتويت!"  

به‌هرۆز گه‌ڵاڵی ، نوێنه‌ری یه‌كێتی نیشتمانی له‌ توركیا له‌و وه‌ڵامدا نووسیویه‌تی " من باسى كوميتەى هەرێمەكان و شەرعى و ناشەرعىيبونى ئاڵاى شۆڕش و زۆر شتى ترم نەكردووە كە جەنابتان ئاماژەتان بۆ كردون."  

ده‌شڵێت " من باسى كەسێكم كردووە ناوى مەلا بەختيارە، بەندە رەخنەيەكى ئاسايم لێگرت كەچى ئەو هات بە جنێو و ئيتيهامات و تەشهيركردن وەڵامى منيدايەوە.بێگومان منيش وەڵامم دايەوە ....هيچ كاتێكيش لە ديدى منەوە نەناوبراو وە نەمێژووەكەشى پيرۆزييەكانى شۆڕش نەبووە و نيە و نابێ!".  

به‌هرۆز گه‌ڵاڵی ، نووسیوشێتی " راستدەكەى من هەرگيز باسى پيرۆزييەكانى شۆڕشم نەكردووە، چونكە ئەو كەسەى تۆ بەپيرۆزى دەزانى، لاى من هيچ پيرۆز نيە. ئەگەر باسى كەسايەتى و پيرۆزیيەكانى شۆڕش بكەم بێگومان باسى مامجەلال دەكەم باسى عەبدوڵا ئۆجەلان دەكەم، باسى نەوشيروان مستەفا دەكەم، باسى شەهيدەكان دەكەم، هەر لە عەلى عەسكەرى و دكتور خاليد و حسێن بابەشيخ و ڕەسول مامەند و عەلى هەژار و كاردۆ گەڵاڵى و ئارام و شەهيد شيهاب و هەڤاڵەكانى و ئيبراهيم عەزۆ و لەيلا قاسم".  

نوێنه‌ره‌كه‌ی یه‌كێتی ده‌شڵێت " وەرەوە بۆ ڕۆژهەڵات قاسملو و شەرەف كەندى، هەروەك باسى تەواوى فەرماندە و پێشمەرگە شەهيدەكانمان دەكەم، باسى هەڵەبجە و ئەنفال دەكەم؟ ئەمانە پيرۆزن، شەهيدەكان پيرۆزن".

ڕوونیشی ده‌كاته‌وه‌" هەرگيز بۆ من مەلا بەختيار پيرۆزنيە... بێگومان بەندەش هەقى خۆمە پارێزگارى لە خۆم بكەم . بۆيە زۆر ئاساييە و رەوايە، وەڵامى هەموو كەسێك بدەمەوە كە بێويژدانانە و بەبێ بەڵگەى راست و دروست تیر و توانج و ناو و ناتورەمان بۆ دروست دەكەن.

له‌ كۆتایشدا به‌هرۆز گه‌ڵاڵی ده‌ڵێت " رەنگە لاى تۆ پيرۆزى شۆڕش ئەو كەسە بێ كە تۆ باستكردووە يان هاوڕێت بوبێت، بەڵام لاى من پيرۆزى شۆڕش ئەو كەسايەتيى و رێكخستن و لايەنانەن كە باسمكردن و هەريەكە بەجۆرێك لە جۆرەكان لەخزمەتكردنى كۆمەڵانى خەڵكى كوردستاندا بوون و قوربانييانداوە، پيشموايە ئەو وەڵامە كورتە بەسە بۆ جەنابتان".
يتم التشغيل بواسطة Blogger.

لەلایەن ئاژانسی وڵات