Halloween party ideas 2015
banner



وەڵامێك بۆ سەفین دزەیی وتەبێژیی حكومەتی هەرێم

هەڵوێستی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ گرتنەوەی نەوتی كۆمپانیای باكور لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیدا بووە بەرامبەر خەڵك و خاكی كەركوك و خوێنی شەهیدان، ئەو هەڵوێستەش، وەكو خەمخۆریی و پارێزگاریی كردن بووە لە مافی كەركوكییەكان لە داهاتی نەوتی شارەكەیان .

ئامانجی هێزەكەی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش لە گرتنەوەی نەوتی كۆمپانیای باكور، لە بەرامبەر حكومەتی عیراق بووە، بۆ ئەوەی بە ئەركەكانی خۆی هەڵسێت و شایستەو موستەحەقاتی كەركوك بگەڕێنێتەوە، ئیتر نازانین سەفین دزەیی بۆچی خۆی بەوجۆرە سەغڵەت كردوە .

بۆیە لێرەدا تەئكید دەكەینەوە كە بەهیچ شێوەیەك رێگە نادەین نەوتی كەركوك بەفێڕۆ بچێت و داكۆكیكارێكی سەر سەختی شارەكەو هاوڵاتیان و داهاتەكانی دەبین.

هەروەها، ئەگەر ئامانجی ئێمە هەڵكوتان و داگیركردنی نەوتی كەركوك بوایە، ئەوە سەفین دزەیی زۆر باش ئەزانێت یەكێتی لەكەركوك سەنگ و پێگەی چۆنەو دەمانتوانی زۆر لەمەوپێش كێڵگە نەوتییەكانی سنوری پارێزگاكە كۆنترۆڵ بكەین، بەڵام ئامانجی ئێمە پارێزگاریی و بەدەستهێنانی مافی كەركوكییەكانە .

دەشمانەوێت بزانین، ئاخۆ سەفین دزەیی هیچ لێپرسینەوەو بەدواداچونێكی بۆ داهاتی نەوتی (عەین زالە) كردوە كە رۆژانە هەزاران بەرمیل نەوتی لێ بەرهەم دەهێنرێت، ئایا سەفین دزەیی پرسیویەتی داهاتەكەی لە كوێ و بۆچی سەرف دەكرێت، یاخود دەزانێت و پەردەپۆشی دەكات.

پێویستە سەفین دزەیی باش بزانێت، كەركوك ئەو شارەیە بەدرێژایی مێژوو  قوربانی داوەو بەخوێنی رۆڵەكانی ئازاد كراوەو لەدوای روخانی رژێمی بەعس و سەرهەڵدانی تاقمی تیرۆریستی داعشیش، هەر بە خوێنی رۆڵەكانی پارێزراوە، لەئێستاشدا كە بە خوێنی گەشی شەهیدان تیرۆریستان تێكشكێنراون، لە هیچ كەس و لایەنێكی قبوڵ ناكەین ناهەقیی بەرامبەری ئەنجامبدات، چونكە ئەم شارە بەدرێژیی مێژوو ناهەقی و زوڵم و زۆردرایی رەتكردۆتەوە و ئێمەش درێژە پێدەری رێگەی رزگاری و شەهیدان دەبین .

 نوسینگەی راگەیاندنی مەڵبەندی رێكخستنی دووی كەركوكی ی.ن.ك

   3/3/2017
يتم التشغيل بواسطة Blogger.

لەلایەن ئاژانسی وڵات