Halloween party ideas 2015
banner



شاناز ئـیبراھیم ئـەحمەد لێپرسراوی ناوەندی دەرەوەی یەكێتی نیشتمانی لەسەر دەنگۆی سزادانی پەیامێكی توندی بڵاوكردەوە، كە تێدا رایگەیاندووە وەك كادرێكی حیزبی، "مل كەچی" هەموو بڕیارێكی ئۆڕگانە شەرعییەكانی سەرووی خۆی دبێت.

لەپەیامەكەی شاناز ئـیبراھیم ئـەحمەد هاتووە: "من وەك كادرێكی حیزبی، مل كەچی هەموو بڕیارێكی ئۆڕگانە شەرعیەكانی سەرووی خۆم دەبم (مەكتەبی رێكخستن، مەكتەبی سیاسی، ئەنجوومەنی سەركردایەتی‌و ئەنجوومەنی ناوەندی)و پارێزگاریكردن لەپەیڕەوی ناوخۆی حیزبەكەم بەئەركێكی سەرشانی خۆم دەزانم".

لەپەیامەكەی شاناز ئـیبراھیم ئـەحمەد ئەوەش هاتووە، "من بۆیە پابەنددەبم بەهەر بڕیارێكی، كە لەچوارچێوەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیدا دەرچێت.. پێچەوانەی ئەوە حیساب بۆ هیچ بڕیارو ئاگادار كردنەوەیەك ناكەم، كە لەلایەن كەسێك، یان كەسانێكەوە‌ بێت، بەرژەوەندی خۆیان‌و پارتێكیتریان خستبێتە‌‌ پێش بەرژەوەندی میللەت‌و حیزبی شەهیدانمان‌و‌ خاوەنی رێكخستنی نهێنی‌و بزووتنەوەی‌ سەربەخۆیان بن لە ناو حیزبەكەمدا".

رۆژی شەممەی رابردوو بەشێك لەمەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبووەوەو تێدا بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەك درا، ئەوەش بۆ ئاگاداركردنەوەو لێپرسینەوەو سزادانی ئەو سەركردانەی یەكێتی "لەدیسپلینی حیزبی لایانداوە"، لەناویشیاندا ناوی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد هەبوو، ئەوەش بەهۆی ناڕەزاییەكانی لەسیاسەتی یەكێتی.

لێپرسراوی ناوەندی دەرەوەی یەكێتی لەپەیامەكەدا جەختیكردووەتەوە، كە گەر سزای بەكار هێنانی دەستەواژەی "(پارتییەكانی ناو یەكێتی) سستكردن‌و دەركردن بێت كەواتە سزای (پارتی بوون لەناو یەكێتیدا) دەبێت لەسێدارەدان بێت، گەر پاڵپشتیكردن-یش لەجێبەجێكردنی هاوپەیمانییەتی نێوان یەكێتی‌و گۆڕان (ئیتیفاقییەی دەباشان)، كە لەحزوری مامدا واژووكراو راستكردنەوەی هەڵەكانی ڕابوردوو تاوان بێت نازانم ئاخۆ ‌(فرۆشتنی یەكێتی بەپارتی) دەبێت چی بێت؟".

هەروەها ئەوەشی راگەیاندووە، كە ئەگەر "باجی بەرزڕاگرتنی یەكێتی‌و رێزگرتن لەخواست‌و داواكارییەكانی جەماوەری یەكێتی سزا دان بێت ئەوا پێی سەربەرز دەبین، گەر ئەوەی دەیبینین‌و دەیبیستین (قەشمەرجاری) نەبێت ئەی قەشمەرجاری چییە؟".

پێشتر بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی، ناڕەزاییان لەكۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی حیزبەكەیان‌و پارتی دیموكرات لەسەرەتای ئەم مانگە راگەیاندبوو، بۆیە بڕیاری ئەو سزادانە بۆ چەند سەركردەیەكی یەكێتی دەرچووە.
يتم التشغيل بواسطة Blogger.

لەلایەن ئاژانسی وڵات