Halloween party ideas 2015
banner



چوار مانگه‌ دەسەڵاتدارانی هەرێم بڕی‌ نه‌وتی‌ هه‌نارده‌كراو و داهاته‌كه‌ی‌ بڵاونه‌كردوه‌ته‌وه‌، له‌ كاتێكدا هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ به‌های‌ سێ ترلیۆن دینار نه‌وتی فرۆشتوه‌، بۆ هه‌ر مانگێكیش تەنها (620) ملیار دینار خه‌رجی‌ هه‌بوه‌ به‌ موچه‌شه‌وه‌، به‌وه‌ش بڕی‌ دو تلیۆن دینار داهاتی‌ فرۆشتنی‌ نه‌وتی‌ چوار مانگی‌ رابردو نادیاره‌.

به‌پێی هه‌واڵی میدیای فه‌رمی گۆڕان ، ماوه‌ی چوار مانگه‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕی هه‌نارده‌و داهاتی نه‌وتی بڵاونه‌كردوەته‌وه ‌و وه‌زاره‌تی داراییش تازه‌ ده‌ست ده‌كات به‌ دابه‌شكردنی چاره‌كه‌ موچه‌ی مانگی سێی موچه‌خۆران كه‌ بریاره‌ تا كۆتایی ئه‌م مانگه‌ موچه‌ی مانگی سێ ته‌واو ‌بێت.  

به‌پێی خشته‌ی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق، هه‌رێمی كوردستان له‌ مانگی یه‌كی (2017)دا بڕی (17) ملیۆن و (651) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی ره‌وانه‌ی دەرەوە كردوه‌ كه‌ ده‌كاته‌ (569) هه‌زار به‌رمیل نەوت لە رۆژێکدا.  

رێژه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم به‌ پێی مانگه‌كان گۆرانی به‌سه‌ردا دێت، هه‌ندێك مانگ رۆژانه‌ له‌ (600) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت زیاتره‌ و هه‌ندێك مانگیش له‌ (600) هه‌زار به‌رمیل كه‌متره‌، ئه‌گه‌ر به‌ تێکڕا رۆژانه‌ هه‌رێم (600) هه‌زار به‌رمیل هه‌نارده ‌بكات مانگانه‌ ده‌كاته‌ (18) ملیۆن به‌رمیل، نرخی به‌رمیلێك نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانی جیهاندا ئه‌مڕۆ بە (51) دۆلاره‌، لە فرۆشتنی هەر به‌رمیلێك نه‌وتی هه‌رێم (45) دۆلار ئه‌مێنێته‌وه‌ به‌وپێیه‌ی شەش دۆلاری بۆ خه‌رجی گواستنه‌وهو كۆمپانیا ده‌چێت.  

بەپێی ئەو ئامارە نافەرمییە، مانگانه‌ داهاتی نه‌وتی هه‌رێم ده‌كاته‌ (810) ملیۆن دۆلار بەرامبەر (972) ملیار دینار، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم خواستی بێت، ده‌توانێت پاشكه‌وتی موچه‌ هه‌ڵیوه‌شێنێته‌وه،‌ چونكه‌ كۆی گشتی موچه‌ی ته‌واوه‌تی موچه‌خۆران (860) ملیار دیناره‌، واتا ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم له‌ پاره‌ی داهاتی نه‌وت موچه‌ی ته‌واوه‌تی موچه‌خۆرانیش بدات هێشتا (112) ملیار دیناری بۆ ده‌مێنێته‌وه‌.  

به‌وپێیه‌ش داهاتی ئه‌و چوار مانگه‌ی نه‌وت كه‌ مانگانه‌ (972) ملیار دیناره‌ ده‌كاته‌ سێ ترلیۆن و (888) ملیار دینار، لەبەرامبەردا كۆی پێویستی دابین کردنی چاره‌كه‌ موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێم نزیكه‌ی (495) ملیار دیناره‌ و نزیكه‌ی (125) ملیاریش بۆ خه‌رجیه، كۆی گشتی موچه‌ و خه‌رجی ده‌كاته‌ (620) ملیار دینار، كۆی موچه‌ و خه‌رجی ئه‌و دو مانگه‌ی كه‌ دراوه‌ به‌ موچه‌خۆران، ده‌كاته‌ یه‌ك ترلیۆن و (240) ملیار دینار.  

به‌و شێوه‌یه‌ كۆی گشتی داهاتی نه‌وتی چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵ سێ ترلیۆن و (888) ملیار دینارە، تەنها یەک ترلیۆن و (240) ملیار دیناری دو مانگی موچه‌ خۆرانی لێده‌ربكرێت هێشتا دو ترلیۆن و (648) ملیار دینار ده‌مێنێته‌وه‌، بەپێی ئەو دەرەنجامەش له‌ داهاتی چوار مانگی رابردوی نه‌وت كه‌ ته‌نها دو موچه‌ دراوه‌، دو ترلیۆن و (648) ملیار دینار دیارنییه‌.
يتم التشغيل بواسطة Blogger.

لەلایەن ئاژانسی وڵات