Halloween party ideas 2015
banner



راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەبۆنەی كۆچی دوایی نەوشیروان رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان پەیامێكی بڵاوكردەوە، كە بەفەرمی پێشنیازی یەكگرتنەوە بۆ بزووتنەوەكە دەكات.

مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەمڕۆ هەینی پەیامەكەی بڵاوكردەوە، كە تێدا هاتووە: "بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە، ئەمڕۆ سەعات (8)ی سەرلەبەیانی، نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، دوای تەمەنێكی درێژ لەخەبات‌و كۆڵنەدان‌و بەرپرسیارییەتی مێژوویی لەساڵانی پەنجاكانەوە هەتا ئەمڕۆ، بەهۆی نەخۆشییەوە، ژیان ئاوایی لێكردین".  

یەكێتی نیشتمان رایگەیاندووە "لەكاتێكدا بەخەمێكی قووڵەوە، لەم رۆژە خەمبارەدا، بەناوی ئەنجوومەنی سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی‌و سەرجەم ئۆرگانەكان‌و پێشمەرگەكانی یەكێتییەوە، كۆچی دوایی (نەوشیروان مستەفا)مان زانی‌و بەم بۆنەیەوە، هاوخەمی بۆ منداڵەكانی‌و كەسوكارو هاوڕێبازەكانی، لەهەمان كاتدا، بۆ تەواوی ئەندامانی یەكێتی‌و هێزی پێشمەرگەو كەسوكاری شەهیدان‌و تێكرای گەلەكەمان، دەردەبرین".  

مەكتەبی سیاسی یەكێتی جەختیكردووەتەوە، كە " یەكێتی‌و گەلەكەمان، لەهەلومەرجێكدا، بەشكۆوە كۆچی دوایی رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، بۆ دنیای نەمری بەرێدەكەین، ئاشكراشە یەكێتی‌و بزووتنەوەی گۆڕان ساڵێكە رێكەوتنی سیاسی دووقۆڵیمان هەیە. بەڵام، جێی داخە، هێشتا كۆدەنگی نیشتمانی لایەنە سیاسییەكان، دوای هەوڵێكی بێوچان، بەتایبەت لەلایەن یەكێتی-یەوە، نەگەیشتووەتە ئەنجام، سەرەنجام، پەرلەمانیش كارا نەكراوەتەوە".  

هەروەها ئەوەی راگەیاندووە "چارەسەری كێشەكان، لەناو هێزە سیاسییەكان، بۆ هەموو ئەگەرە سیاسییەكان، زۆر بەگرنگ دەزانین، كاراكردنەوەی پەرلەمان، ئەركێكی نیشتمانی‌و یاسایی، بەڵكو سیاسی چارەنوسازیشەو رێكەوتنی یەكێتی‌و گۆڕان، هاوكات خەبات بۆ جێبەجێكردنی نەخشەرێگای یەكێتی، گرنگییەكی مێژوویان بۆمان هەیەو یەكێتی بێدرێغ لەپێناویاندا تێدەكۆشین".  

هاوكات ئەوەشی راگەیاندووە "سەرەرای جیاوازییەكانی نێوانمان، پێمان باشە دواچارەسەری نێوان یەكێتی‌و گۆڕان، هەروەكو چەندین جار وتوومانە، بەیەكگرتنەوەی هەردوولامان، مژدانەی گەلەكەمان بێت‌و بەم یەكگرتنەوەیەش، رۆحی كاك نەوشیروان وەكو هاوڕێ دێرینی جەنابی مام جەلال‌و تێكۆشەرێكی دامەزرێنەری یەكێتی‌و رۆڵی مێژوویی لەخەباتی مێژوویی شۆڕشی نوێدا، شادو هەستی هاوڕێیەتی‌و هاوخەباتی مام جەلال-یش ئاسودە دەبێ، بێگومان ئەندام‌و جەماوەری هەردوولایەنیشمان سازدەبن بۆ راپەراندنی باقی ئەركەكانی دیموكراسی‌و كوردایەتی، لەپێشەوەدا، ئەركی ریفراندۆم و لە ئاكامیشدا سەربەخۆیی كوردستانیش".
يتم التشغيل بواسطة Blogger.

لەلایەن ئاژانسی وڵات