Halloween party ideas 2015
banner




چوار كەسی كۆسۆفۆی ئەلبانی تۆمەتبار كراون بە دزینی نزیكەی دوو ملیۆن یۆرۆ و خشڵ و شتومەك لە بەرپرسێکی گەورەی کوردستان، لە ئێستاشدا کەیسەکەی لە دادگای ناوچەی پریستینای ئەو وڵاتەیە و كاری یاسایی لەسەردەکرێت.

بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی بەڵكان ئنسایت-ی کۆسۆڤۆ، دوای ئەوەی مەنسور بارزانی کوری مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردسیان، روو لە یەکێک لە هۆتێلە ناودارەکانی بەرشەلۆنە بە ناوی(هۆتێلی ئارتزی) دەکات، چوار كەسی كۆسۆفۆی ئەلبانی لە دەرفەتێکدا دەچنیە نێو ژوری ئەو بەرپرسەوە و هەڵدەستن بە دزینی نزیكەی دوو ملیۆن یۆرۆ و خشڵ و شتومەك".

جێی ئاماژەیە هۆتێلی ئارتزی بەرشەلۆنە، تەنها کەسە ناودارەکانی وەک میك جاگەر و ئیریك كلاپتۆن و سیندی كرافۆرد سەردانی دەكەن، کە ئەم هۆتێلەش بە یەكێك لە بەرزترین شوێنەكانی ئەستێرە ناسراوەكانی جیهان دادەنرێت و لە ساڵی 2009  بنیاتنتراوە، هەروەها ئەم هۆتێلە بەرهەمێكی ئەندازیاری سەرسامكەری هەیە کەپێکهاتووە لە شوشە و ستیل و بەشێكە لە زنجیرەی ریتز - كلارتۆن.  

روداوی دزیکردنەکە بەجۆرێک رویداوە، کاتێک تۆمەتباران(هاكی جانوزی و ئارتان جەلیكی) کە لە ئێستادا تۆمەتباركراون بە چونە ژورەوەیان بۆ ژورە داخراوەكەی هۆتێلەكە، هەستاون بە دزینی بازنگ و ئەڵقە و گوارە و ملوانكە و سەعات و مۆبایلی گران بەها، کە بەبڕی 1.3 تا 1.9 ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێنرێت. 

هەر لەو رووداوەشدا، سامی ماكۆلی و شەمسەدین بەناربا هەستاون بە پاسەوانیکردنی چونە ژورەوەی تاوانبارەکان بۆ نێو مەمەڕەكان و هاوکات ستافی پرسگەكەیان سەرقاڵ كردووە، تاوەکو تاوانی دزیکردنەکە ئەنجامبدەن.

هەر بەگوێرەی هەواڵەکە، هەردوو پاسەوانە تۆمەتبارەکە، ماكۆلی و بەناربا بە جەوازی تەزویر چونەتەبەرشەلۆنە و سەرجەمیشیان جگە لە جانوزی كە لەو كاتە دا لە ئیسپانیا نەبووە، وتویانە کە بۆ قوماركردن لە قومارخانەكان چونەتە ئەو شارە. 

جگە لەو چوار کەسەی کە تۆمەتباری سەرەکی دزیکردنەکەن، هاوکات، ئافریم یمەری و ئابەدین بەكا، كە خاوەنی هۆتێل كالاجان لە ڤوشترە و سایم جانوزی كە ئەندامی پۆلیسی تایبەتی كۆسۆفۆیە رۆسو و برای هاكی-یە، سەرجەمیان لەدوای بە تاوانی دزیکردنەکەوە تێوەگلاون و تۆمەتبارکراون بە یارمەتیدانی تۆمەتبارەکان.

ماڵپەڕەکە باس لەوەشدەکات، چاوەڕواندەکرێت لە دانیشتنێكی دادگادا کە بڕیارە لە پاییزی ئەمساڵ دا بەڕێوەبچێت، بە پشتبەستن بە چەندین بەڵگە کە دادگای پێشوتردا و لە مانگی تەمووز خراوتەنەڕوو تۆمەتەکەیان بەسەردا ساغببێتەوە، بەڵام لە هەمانکاتدا تۆمەتەكانی ماكۆلی لە تۆمەتبارەكانی تر جیاكراوەتەوە، چونكە لەو دانیشتنە دا نەبوە، جگە لەوانە ئەرهان برنیكانین و دوسان كادیفیك و نەبۆیسا بۆیۆفیك، کە خەڵكی سڕبیان، تۆمەتبارکراون بە هەوڵدان بۆ وەرگرتنی شتومەكە دزراوەكان. 

دزیكردنێكی سەركێشانە و چۆنییەتی پلاندانانیان 

دوای ئەوەی لە 15ی تەمووزی 2009، یمەری پەیوەندی كردووە بە جەلیكیەوە و پێی وتووە کە لەگەڵ سامی و هاكی و شەمی کە لە ماوەی رابردوودالە زیندان ئازاد كراوە لە بەرشەلۆنەیە، دوای پەیوەندییەکە یمەری  رۆژی دواتردەگاتە فڕۆكەخانەی پریشتینا، هەروەک تۆماری فڕۆكەخانەش دەری دەخەن کە یمەری لە 6 ی تەموز چۆتە بەرشەلۆنە و لە 16ی تەموز گەڕاوەتەوە بۆ كۆسۆفۆ. 

هەر بە پێی گفتوگۆ تەلەفۆنیەکەی نێوان یمەری و جەلیكی، کەلە رۆژی دواتردا و لە لێكۆڵینەویەكی دیکە دا گوێبیستی بوون، جەلیكی تا ئەو كاتەش لە بەرشەلۆنە بووە و بە یمەری وتوە، كە دزی كردن لە بەرشەلۆنە زۆر قورسە، چونكە شارەكە دزی زۆری تێدایە. 

هەروەها وتوشیەتی، کە  گروپی جیا جیا چاوەڕێن جانتا لە"كەسانی بێ ئەقڵ" بدزن، هەروەک  ئافریم یمەری-یش بە جەلیكی وتووە، كە رێك لەوكاتەدا كە چاوەڕوانی ناكەیت دەردەكەوێت و"هیوادارم باش بین". 

گفتوگۆ تەلەفۆنییەکەیان بەردەوامدەبێت و لە گفتوگۆیەکدا، یمەری بە جەلیكی دەڵێت، کە رۆژی دواتر قسەی لەگەڵ دەكات و هەموو شتێكی پێ دەڵێت، هەروەها ئامۆژگاری جەلیكی كردووە کە نیگەران نەبێت و هەموو شتێك باش دەبێت. 

چۆنیەتی سکاڵاکردنی مەنسور بارزانی

بە پێی راپۆرتێکی پۆلیسی ئیسپانیا کە لە رۆژی 18ی تەمووز بلاوکراوەتەوە، مەنسوڕ بارزانی چووەتە یەكەی لێكۆڵینەوەی پۆلیس لە ناوچەی ئێگزامپڵ لە بەرشەلۆنە، بۆ ئەوەی داوای یاسایی تۆماربكات لە بارەی دزینی جانتایەكەوە، كە خشڵ و شتومەكی بە بڕی 150هەزار یۆرۆی تێدایە و لە تەكسی دا لێی دزراوە و كارتی سویتەكەشی لە هۆتێل ئارتزیش دزراوە. 

ماڵپەڕی بەڵكان ئنسایت، یاوەش پشتڕاست دەکاتەوە کە، بارزانی لە کەیسەکەیدا وەك كوڕی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی ئۆتۆنۆمی كوردستان و سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان تۆمارکراوە. 

ماڵپەڕەکە باس لەوەشدەکات، دوای دوو رۆژ بارزانی سكاڵای دووەمی ، لە پۆلیسی ناوچەی سیوتاتی بەرشەلۆنە تۆمارکردووە و وتوێتی" كەسانی نەناسراو چونەتە ژورەكەی لە هۆتێل ئارتز لە بەرشەلۆنە و خشڵ و شتومەكیان بە بڕی نزیكەی 1.9 ملیۆن یۆرۆ لێ دزیوە". 

هاوکات كامێرای چاودێریەكانی هۆتێلی ئارتز دەری دەخەن کە پێنج كەس بەشداربوون لە چونە ناوەوە بۆ ژوری 3009، کە ژوری مەنسور بارزانییە.

ئەوەش دەرکەوتووە کە جەلیكی و جانوزی لە مەمەڕی دەرەوەی ژوری 3009 وەستاون و دەرگاكەیان بە زۆر كردۆتەوە، هاوکات بەناربا و كەسێكی دیکەی نەناسراو، لە بەرزکەروە(مەسعەد)ەكەوە، رێگەی مەمەڕەكەیان داخستوە و ستافی پرسگەكەیان سەرقاڵ كردوە. 

لە دادگاییکردنەکەیاندا، جەلیكی و ماكۆلی و بەناربا دانیان ناوە بەوەی لە كاتی دزی کردنەکەدا لە بەرشەلۆنە بوون، بەڵام بەشدارییان لە دزیەكە رەت کردووەتەوەو بەناربا و ماكۆلی-ش بە جەوازی ساختە سەفەریان كردوە. 

بەر لەدزی كردنەكە یمەری پەیوەندی هەبووە بە كڕیاری شتومەكە دزراوەكان لە سڕبیا 

بە پێی دۆسییەی تۆمەتەكە لە نێوان 5تەموز تاوەکو16ی ئابی 2009، یمەری پەیوەندی كردووە بە كەسانێكی زۆر لە سڕبیا و ئەلبانیا، بۆ ئەوەی ئەرهان برنیكانین و دوسان كادیجەفیك و نەبۆیسا بۆیۆفیك، بۆ زانین و كڕینی نرخی شتە دزراوەكان كە خشڵ و سەعاتن لە سەركردەیەكی نەناسراو لە سڕبیاوە بزانن.

كۆبونەوەی هۆتێلەكە

بە پێی دۆسییەی تۆمەتەكە، پاش ئەوەی كۆبونەوەیەك لەگەڵ كڕیارە سڕبیەكان لە 16ی ئابی 2009، كرا لە ماوەی كەمتر لە مانگێك دا لە كاتی دزی كردنەكەوە لە هۆتێل كالاجا لە ڤوشتری كە ئابەدین بەكا و كەسێكی نەناسراوی تر خاوەنین، بە وتەی شاهیدێك كە ناوی "رەمزی جانوزیە" و كە كارمەندی هۆتێلەكەیە و برازای تۆمەتباران هاكی و سایمە، وتویەتی کە هەر یەك لە هاكی و بەكا پێكەوە لە كاتژمێر 8 ی پاش نیوەڕۆ تا 9 ی پاش نیوەڕۆ چونەتە هۆتێلەكە.

وتوشیەتی، کە چەند "میوانێكی تایبەت" دوای كەمێك لە گەیشتنیان، لەگەڵیاندا چون بۆ یەكێك لە ژورەكانی هۆتێلەكە و برنیكانین و كادیفیك و بۆیۆفیك ئەو میوانە تایبەتانە بون و هاتبون تاوەکو نرخی شتومەكە دزراوەكان بۆ سەرۆكەكەیان بزانن.

لەلایەکی دیکەوە سایم جانوزی، ئەفسەری ROSU دەڵێت بە هۆكارێکی تایبەت، لە هۆتێل كالاجا بووە و دەشڵێت، کە تەنیا بۆ قاوە خواردنەوە لە هۆتێلەكە بووەو جلی مەدەنی لەبەردا بووە، بەڵام كاتێ پۆلیس وەكو بەشێك لە چالاكیەكە گەیشتنە شوێنەکە سایم خۆی وەك لێكۆڵەری كەیسەكە نیشان دا و ناسنامەی پۆلیسیەكەی نیشان دان.

كاتێک کە پۆلیس هەوڵیدا کە رێگری بكات لەوەی خەڵك و تۆمەتباران هۆتێلەكە بە جێ بهێڵن، سایم هاتە ناوەوە و رێگەی بە تۆمەتبارەكان دا بڕۆن و لیستی پەیوەندیەكانیش دەری دەخەن کە سایم لەگەڵ هاكی برای دا لە کاتژمێر 9:14ی شەو، پەیوەندی كردوە كە كاتی هاتنی پۆلیسەكانە.

چۆنییەتی دەستگیرکردنی تاوانبارەکان بەكا كە خاوەنی هۆتێلەكەیە 200 مەتر لە دوری هۆتێل كالاجا دەستگیركرا، ئەمەش دوای ئەوەی بە پێ لە هۆتێلەكە هەڵاتبوو، کە جانتایەكی پڕ خشڵ و سەعاتی دزراو پێ بووە .

لەلایەکی دیکەوە هاكی جانوزی دەستگیركرا كاتێ دوو مۆبایلی گران بەهای ڤێرتوی پێ بوە و جەلیكی-ش یەك مۆبایلی لەو جۆرە پێ بووە.

رەتكردنەوەی تاوانەكە

جەلیكی دەڵێت ئەو شتومەكە گران بەهایانەی بە یاری پۆكەر لەگەڵ عەرەبێكی نەناسراو لە تەموزی 2009 لە بەرشەلۆنە بە دەست هێناوە.

هاكی جانوزی-ش رەتیدەكاتەوە هەرگیز رۆشتبێت بۆ ئیسپانیا و دەڵێت بە درێژای تەموزی 2009 لە كۆسۆفۆ بووە  و لە 16ی ئاب لەگەڵ ئابەدین بەكا بووە و چون بۆ هۆتێل كالاجا بۆ چاوپێكەوتن لەگەڵ جەلیكی.

ئاماژە بەوەشدەکات، کە لە ژوری هۆتێلەكە جەلیكی جانتایەكی کردووەتوە كە خشڵی تێدابووە، بەڵام مۆبایلێكی ڤێرتوی لەو جانتایە دەرهێناوە و ئەوەی دیکەی پێشتر لە وڵاتی چیك كڕیوە، هەروەک بە پێی تۆماری فڕۆكەخانەی پریشتینا، جانوزی لە 4 ی تەموز كۆسۆفۆی بە جێ هێشتوە و لە 20 ی تەموز گەڕاوەتەوە. 

هەروەها سامی ماكۆلی دانی ناوە بەوەی لەو كاتە دا لە بەرشەلۆنە بووە، بۆ ئەوەی لە قومارخانەكان قوماربكات، بەڵام رەتی دەكاتەوە کە هاكی جانوزی یان جەلیكی بناسێت ، ئەو بۆ چونی بۆ وڵاتی ئیسپانیا جەوازێكی سڕبی بەناوی باستری ماكۆلی بە كارهێناوە. 

هەروەک بەناربا، دانی ناوە بەوەی کە لە مانگی حوزەیران و تەموزی 2009 لە بەرشەلۆنە بووە و دەشڵێت، لەگەڵ كچە هاوڕێكەی دا لە هۆتێل ئارتز بووە. 

باس لەوەشدەکات، کە هاكی جانوزی و جەلیكی لە قومارخانەی هۆتێلەكە دیووە و سامی ماكۆلیش لەوێ بووە، بەڵام بۆ چونی بۆ وڵاتی ئیسپانیا، جەوازێكی بولگاری بەناوی مەهمەت حەسەنۆڤ بە كارهێناوە. 

هەروەها یمەری دەڵێت، لە سەر داوای جەلیكی پەیوەندی كردووە بە برنیكانین و بۆیۆفیك و كادیفیكەوە، ئەمەش بۆ زانینی نرخی شتەكان، چونکە دەڵێ وای زانیوەە ئەو شتانە بە رێگای یاسای دەست كەوتون. 

لای خۆشیانەوە، بۆیۆفیك و كادیفیك دەڵێن هاوڕێیەكیان بەناوی "جوپی"  داوای لێ كردون بچن بۆ كۆسۆفۆ، بۆ ئەوەی نرخی هەندێك ئاڵتون بزانن، لەوبارەیەوە بۆیۆفیك دەڵێت ئەو زەڕەنگەر بووە و كاری ئەوە بووە کە نرخی خشڵەكان دیاری بكات، بەڵام نەیزانیووە شتەكان دزراون.

برنیكانین-یش دەڵێت، تەنها بۆ یارمەتیدانی هاوڕێكەی سەفەری لەگەڵدا كردووە و هۆكاری كۆبونەوەكەی نەزانیوە و هاوڕێكەی تریشیان داوای لێكردوە کە لەگەڵ بۆیۆفیك و كادیفیك بچێت بۆ كۆسۆفۆ، چونكە بۆ ئەوان وا باشترە لە كۆسۆفۆ لەگەڵ موسوڵمانێك دا سەفەر بكەن.  

سەبارەت بە سامی جانوزی، هەموو كارێكی تاوان رەتدەكاتەوە و دەڵێت ئێوارەی رۆژی16 ی ئاب، بۆ قاوە خواردنەوە بە تەنیا چۆتە هۆتێل كالاجا و نەیزانیوە کە هاكی برای لە هۆتێلەكەیە و ئەو ئێوارەیە پەیوەندی پێوە نەكردوە.

سامی جانوزی دەشڵێت:" كاتێ پۆلیسی بینیوە، هەوڵی داوە یارمەتیان بدات و هەرگیز هەوڵی نەداوە یارمەتی تۆمەتباران بدات هەڵبێن. 

بۆ خوێندنەوەی راپۆرتەکەی ماڵپەڕی بەڵكان ئنسایت-ی کۆسۆڤۆ و پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە کلیک لێرەبکە..
يتم التشغيل بواسطة Blogger.

لەلایەن ئاژانسی وڵات