Halloween party ideas 2015
banner



لە ۲۷ی یەنایەری۱۹٨۲ "خالید سەعید" لە ئەسکەندەرییەی میسر لەدایک بوو، پاش ۲٨ساڵ، جگە لە پیشەکەی خۆی کە دەرمانساز بوو ئەب چالاکوانی مەدەنیش، لە ٦ی تەموزی ۲۰۱۰دا و لەکاتێکدا کە ئەیویست بچێتە کافینێتێکەوە لە ئەسکەندەرییە، دوو پۆلیس لە بەڵتەجییەکانی موبارەک کە پۆشاکی مەدەنییان لەبەردا بوو، هەوڵی دەستگیرکردنیاندا و پاش بەستنی هەردوو دەستی لەدواوە، هەر لە کافێکەدا دەست بە ئەشکەنجەدانی ئەکەن، خاوەنی قاوەخانەکە دێتە سەرخەت و هەوڵی ڕزگارکردنی ئەدات، بەڵام ئەوان سوورن لەسەر ئەشکەنجەدانی و ئەیگوێزنەوە بۆ باڵەخانەیەکی نزیک و بە بەرچاوی خەڵکییەوە لەلێدانی بەردەوام ئەبن، تا دەرئەنجام ئەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی.

ئەم ڕووداوە شەپۆلێک ناڕەزایەتی بەدوای خۆیدا هێنا، کە دیارترینیان بونیادنانی پەیجێک بوو لە تۆڕی فەیسبووک بەناوی هەموومان خالید سەعیدین"کلنا خالد سعید" کە لەلایەن گەنجێکی ۳۰ساڵانەوە بەناوی(وائیل غنیم)ـەوە بەڕێوە ئەبرا، لەگەڵ پەیجە کەسییەکەی خۆیدا بوو بە ئەدمینی ئەو پەیجە کەمپەین ئامێزەش، کە نەخشێکی زۆری بەسەر ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ئایندەی میسرەوە هەبوو، سەرباری دۆخی ناسازیی میسر چاودێران ئەو دوو پەیجە بە هۆکاری سەرەکی هەڵگیرساندنی شۆڕشی ۲٥ی یەنایەری۲۰۱۱ی گەنجانی میسری ئەزانن، وائیل دانیشتووی قاهیرەی پایتەخت بوو، ماستەری لە" کارگێڕی و کار"دا هەبوو، بەڕێوەبەری مارکێتینی کۆمپانیای بەناوبانگی" گۆگڵ" بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، ئەم گەنجە لە ڕێگای هەردوو پەیجی "کلنا خالد سعید" و " وائیل غنیم"ـەوە گەنجانی وڵاتەکەیان ڕێکخست و بە شۆڕشی ۲٥ی یەنایەری۲۰۱۱ کۆتاییان بە دیکتاتۆریەتی "محەمەد حوسنی موبارەک" هێنا.

لەپای ئەم تێکۆشانەیدا نازناوی "ڕابەری شۆڕشی لاوان"ی پێ بەخشرا، بەڵام ئەو خاکییانە بە ڕۆژنامەنووسانی ئەووت: (وەک ڕێزگرتنێک لەوانەی کە شەو و ڕۆژ لە مەیدانی تەحریر مانەوە، من تەنیا شۆڕشگێڕی کیبۆردم).
ئەو ڕاستی کرد، لەڕێگای کارەکانییەوە ناو و ناوبانگی سنوورەکانی میسری بڕی، لە مانگی مارسی هەمان ساڵدا خەڵاتی "کەنەدی بۆ ئازایەتی" پێبەخشرا و ناویشی لەڕیزبەندی یەکەمی ۱۰۰کەسایەتی کاریگەری ساڵدا هات، کە گۆڤاری"تایم"ی ئەمریکی پێی هەستابوو.

ئەمە وەک کاریگەری تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لەسەر دروستکردنی  بڕیار و کۆکردنەوە و گەڵاڵەکردنی ناڕەزایەتییەکان بۆ دنیای پراکتیک، ئیتر ناچمە ناو وردینەی ئەو ئیمپراتۆریەتە ئەلیکترۆنیەی کە ناوی "فەیسبووک"ـە و لە ٤ی فێبرایەری۲۰۰٤دا لەلایەن(مارک زوکەربێرگ) و ۳ هاوڕێیەوە دامەزرا، داهاتی، بەشداربووانی، خزمەتگوزارییەکانی، ڕیکلام و کاریگەرییەکانی، تەنانەت مەترسییەکانیشی، بەڵام ئەمەوێت شەن و کەوی ئەو ووتەزا باوە بکەم کە ماوەیەکە کۆمەڵێک ڕۆبۆتی حزبی و بەناو ڕۆشنبیری وابەستەی تەکەتول و حزب ئەیجوونەوە و بەبێ لێوردبوونەوە دەماودەمی پێئەکەن، ئەویش ئەوەیە بە خەڵکانی ناڕازی ئەڵێن (عەقڵی فەیسبووک و گوتاری ئەمدیو دێگەڵە"هەڵبەت بەدیوی سلێمانیدا")

"فەیسبووک" ئێستا یەکێکە لە پێدراوەکانی گۆڕەپانەکە و کەس نکوڵی ڕۆڵ و کارکردی ناکات، تەنها ئەو لۆمپەن و دەست و پێ سپییانە نەبێت کە لەسایەی کوردایەتیدا دانیشتوون قەڵەمانەی ناپاکی وەرئەگرن، ئەوانەی کە ئەگەر موچەی چەوری خانەنشینیان ببڕرێت، ئەوا لەبرساندا ئەمرن و بۆ قومێک شەرابیش هەرچی هەیانە ئەیفرۆشن!.
دیسان واز لە ڕۆڵ و کارکردی فەیسبووک لەئاستی جیهاندا بهێنن، هەر ئەوانەی کە باس لە"عەقڵی ناکامڵی بەکاربەرانی فەیسبووک" ئەکەن، بۆ خۆیان خاوەنی پەیجی چەند هەزار "لایک"ین و بەپارەی هائیلی پەتڕۆل سپۆنسەری ئەکەن، هەیانە بەوەشەوە ناوەستێت ئەدمین و فەیسبووکەوانی پەیجی مناڵە مودەلەل و نازدارەکانی بنەماڵەن کە دیسان بە پارەی ڕژاوی نەوت کراون بە خاوەنی زیاد لە یەک ملیۆن لایک و فۆڵۆ و تەنیا و تەنیا بۆ وێنە و گواستنەوەی ژیانی شاهانەیان بەکاری ئەهێنن!.

ئێستا ئێمە ئەتوانین ڕێککەوین لەسەر ئەوەی "بە عەقڵی فەیسبووک" کار نەکەین و کارکردی لەسەرمان نەبێت، گوتاری ئەمدیو دێگەڵەش، گوتارێکی فەنتازیی و پڕ لە یۆتۆبیایە و خاڵیە لە لۆژیک و واقیعبینی!
دەستیش بۆ چەک و بژاردەی شۆڕشیش نەبەین، ئەوەش لە باشترین حاڵەتدا سوریا و لیبیا و یەمەنێکمان بۆ ئەهێنن و هەزاران بەرەی نوسرە و ئەحراری شام و داعش و تەوحید لەهەناویدا دێتە دەرەوە!.
سلێمانی و ئەمدیو دێگەڵە ئەبێتە حەلەب و حومس و حەمما و لینینگرادی سەردەمی شەڕ!.

ئێ ئەوە چەند ساڵە هاونیشتمانیان هاوار ئەکەن، گوێیەک نیە بۆ بیستنی ناڕەزایەتییەکان، کەواتە تەسلیمی دنیابینی ئەمانە ببن و سەرە بگرن تا خوا مرازتان ئەدات لە کۆمەڵێ ۆرک شۆپ و دیدار و سیمیناردا دیدارتان بە دیداری تیۆر و دنیابینییە واقیعییەکانی تیۆرسێنەکانی کوردایەتی و ناسیۆنالیزمی بزنسی نەوت و پترۆدۆلار شادببێت و جار جارەش بەوێنەیەکی خۆت و سەرۆکەوە "کە لەئاپۆڕای جەماوەردا بەهەزار فەلاکەت و بەکوالێتییەکی نزم بۆتگیراوە" پۆستێک بکەیت و بەبێ ئەوەی توانای بینینی بەرلوتی خۆتت هەبێت، تەنیا لەم و لەوت لە کۆبوونەوە حیزبییەکاندا بیستووە، بڵێیت: لەسایەی بارزانیدا هەزارەی سێیەم، هەزارەی کوردە!
یان لەشاگەشکەبوونت بەهاتنی وەزیری دەرەوەی مەگدۆنیا بۆ لای سەرۆک بنووسیت: ئەوانەی چاویان پێتدا هەڵنایەت، بێزارن لەو هەمووە ئومێدەی کە مرۆڤایەتی بە تۆیان هەیە!.

"گوتاری ئەمدیو دێگەڵە" (هەڵبەت جیا لە نەزعەی ناوچەگەرایی، بەڵکو وەک دنیابیینی سیاسی بەر توانج ئەدرێت) ئەم گوتارە، گوایە گوتارێکی پۆپۆلیستی، فەوزەوی، شەعبەوی، پڕ لە هەڵچوونە و خاڵیە لە عەقڵی سیاسی پێگەیشتووی هاوسەنگ، کارئەکتەرەکانی لە ئاوێنەی فەیسبووکدا خۆیان ئەبیننەوە و لەژێر کاریگەری خەڵکانێکی دڵگەرم و گەنجدان، ئایندەی ئەم ناوچەیە بەبۆنەی ئەم جۆرە گوتارەوە ئەوەندەی لە(حەلەب)ـەوە نزیکە، لەهیچ جێگایەکیترەوە نزیک نیە،  ئارامییەکی ئەوتۆ بەخۆیەوە نابینێت، ناوچەکە کەوتووەتە بەر نەفرەتی سیاسی و تاکەکانی بۆ خوێندنی منداڵەکانیان ئەبێت ڕوو لە هەولێر بکەن، سیاسییەکانیشی تاکە ڕووگە کە پێویستە ڕووی تێکەن و کڕنوشی بۆ بەرن، دیسان هەر هەولێرە، لەهەولێر باس باسی بونیادنانی دەوڵەتی کوردییە و دەستە دەستە سەرۆک و وەزیر و باڵوێزی وڵاتان ڕووی تێئەکەن، سلێمانیش دەستەی مامۆستایانی ناڕازی مانیان گرتووە...هتد! .
ئیتر ئەمانە تەرجەمەی ناکەن بۆمان؛ هاتنی ئەم بێگانانە بۆ هەرێمی کوردستان، چ زیادەیەکی خستووەتە سەر ئایندەی سیاسی ئێمە، بەداتا پێمان ناڵێن لەوەتەی ئەم سەرۆک و وەزیر و گزیرانە ڕوویان تێکردووین، چ گۆڕانکارییەک لە مەعنەویەتی ئێمەدا ڕوویداوە؟ ئەی داهاتی تاک چەندە بەرز بووەتەوە؟ ئەی کام پرسی نیشتمانی پێ براوەتە پێش؟ ئەی خەڵکی بەشمەینەتی هەولێر لەکوێی کەرنەڤاڵی هاتنی دۆستانی سەرۆک دان؟ کە بارزانی ڕووگەی سیاسیمان بێت، لانیکەم بەڵێن ئەدات دەستبەرداری وابەستەگی بێگانە ببێت و ڕوو لە خەڵکی کوردستان بکات و وەک پاشکۆیەک لەبەردەم ئۆردۆگان و ئالی سعود و ئالی نهیان و ... دەرنەکەوێت؟!
ئەو گوتارەی لەم دیو دێگەڵەدا خۆی مانیفێست ئەکات، گوتارێکە هەڵقوڵاوی ناو هەناوی خەڵکە، گوزارشتە لە ئازارەکانی هاونیشتمانیان، هاواری نەبوونی خزمەتگوزاری و موچەیە، توڕەبوونە لەدزی و گەندەڵی و بەهەدەردان، هوها ئەکێشێت لە کوردایەتی ساختە و ناسیۆنالیستی پارەی پەتڕۆڵ.
گوتارێکە هیچ زۆر لەخۆکردنێکی تیا نیە، لە فەیسبووکەوە شەفافانە داواکانی خۆی بەیان ئەکات، وەرەقەی چاکسازیی و کارنامەی پڕ لە خەونی جوان ئەخرێتە ڕوو، هەرچی هەیە خولانەوەیە بە دەوری چاکەی گشتیدا، نەک بەوەفد و وەفدکاریی و دوور لە چاوی خەڵک و تاریکی ژوورەکان و ئەجێندای ئاڵۆزی پڕ لە سەفەقاتی بازرگانی و بەکەسیکردنی کەیسەکان! 
چاوچنۆکی بنەماڵە دەستڕۆیشتووەکان، کوردستان بەرەو کۆڵانێکی تاریک ئەبات، ئەوە ئێمەین کە ناهێڵین بەو ئامانجە جەهەنەمییەیان بگەن، ئێمە بڕیاری خۆمانمان داوە، هەر لێرە ئەبین، مادام فەیسبووک ئێوەی هەراسان کردووە و ئاولەژێری کردوون، هەر لێرە ئەبین.
يتم التشغيل بواسطة Blogger.

لەلایەن ئاژانسی وڵات

جه‌ژنتان

پیرۆزبێت

جه‌ژنتان

پیرۆزبێت