Halloween party ideas 2015
banner


 وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند گرتنەوەی ئاوی زێی بچووك لە لایەن ئێرانەوە لەم كات و ساتەدا فشارێكە دژبە ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان.

عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاندوە"بە هۆی گرتنەوەی ئاوی زێی بچووك لە لایەن ئێرانەوە هەڕەشەی كەم ئاوی كەوتووەتە سەر زیاتر لە ٨٠ هەزار هاووڵاتی شارۆچكەی قەڵادزێ و زیانی ماددی زۆریش بە پڕۆژەكانی وەك پڕۆژەی بەخێوكردنی ماسی و پڕۆژەكانی دیكەی جووتیاران، ئاژەڵداران و پڕۆژەكانی گەشتیاری و چەندین پڕۆژەی دیكەی ناوچەكە كەوتووە".

وەزیری كشتوكاڵی هەرێم ئاماژەی بەوەشكردوە كە بە وردی نازانن بڕی چەند زیان بە هەرێمی كوردستان كەوتووە، بەڵام بەوتەی ئەو زیانەكان یەكجار زۆرن.

عەبدولستار مەجید دەشڵێت" ئێران خۆی بانگەشەی بۆ دەكات گوایە بۆ سوود بینینی خۆیانە، بەڵام وەك كارتێكی فشاریشە لە بەردەم پڕۆسەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان، ئێران دەیەوێت بەو هەوڵەی هەژموونی خۆی بسەپێنی بەسەر گەلی كوردستاندا. وا خوێندنەوە بۆ ئەم كارەی ئێران دەكرێت كە خەڵكی هەرێمی كوردستان نەتوانن سەربەخۆیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن".

وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم حكوومەتی عێراقی بە كەمتەرخەم وەسفی كرد‌و رایگەیاند كە لەبەر ئەوەی رێككەوتن لەسەر حكوومەتی عێراقە و لایەنی پەیوەندیدار عێراقە هەڵوێست وەربگرن بەرامبەر بە گرتنەوەی ئاوی زێی بچووك لە لایەن ئێرانەوە، باسی لەوە كرد كە داواشیان لە عێراق كردووە هەڵوێست بنوێنن و فشار لەسەر ئێران دروست بكەن، بەڵام تا ئێستا بێدەنگی نەشكاندووە لەمبارەیەوە.

هەروها وەزیری كشتوكاڵی هەرێم ئەوەی خستەڕوو كە بە بەرپرسە باڵاكانی حكوومەتی عێراقیان راگەیاندووە ئەگەر ئێران دوو مەترسێجا ئاو لەسەر هەرێمی كوردستان بگرێتەوە جا بە هەر مەبەستێك بێت، هەرێمیش لە پێناو دابینكردنی ئاوی پێویست بۆ هەرێمی كوردستان یەك مەترسێجا ئاو لەسەر خوارووی عێراق دەگرنەوە.

ناوبراو رونیكردەوە كە ئەو ئاوەی دەڕژێتە ناو بەنداوی دوكان نەك تەنها بۆ هەرێمی كوردستان سوودی هەبووە، بگرە سوودێكی زۆریشی بۆ پارێزگاكانی خوارووی عێراق هەبووە، بۆیە وەك خۆی دەڵێت گرتنەوەی ئاوی زێی بچووك نەك تەنها زیان بە هەرێم دەگەیەنێت، بەڵكو زیان بە تەواوی عێراق دەگەیەنێت.

يتم التشغيل بواسطة Blogger.

لەلایەن ئاژانسی وڵات