Halloween party ideas 2015
banner

 


نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركوك پشتیوانی بۆ ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان نیشاندا‌و داوایكرد، ئەو پرۆسەیە لە سنوری پارێزگاكەی ئەوانیشدا ئەنجامبدرێت. 

ئەو هەڵوێستەی ناوبراو، ئەمڕۆ یەكشەممە 11-6 لە كۆبوونەوەیەكدا هات لەگەڵ وەفدێكی هاوبەشی حكومەت‌و پەرلەمانی سوید، بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی پارێزگار كە كۆپییەكی بۆ (كەركوك ناو) نێردراوە. 

نەجمەدین كەریم لە كۆبوونەوەكەدا دەبارەی ریفراندۆم دەڵێت “پشتیوانی ڕیفڕاندۆم دەكەین‌و داوا دەكەین ئەو پرسە لە كەركوكیشدا ئەنجام بدرێت، داواكارین لە پەرلەمانی سویدی پشتیوانی خۆی بۆ ڕیفڕاندۆم بخاتەڕوو”. 

هەروەها رونیكردەوە “ئاسەوارەكانی بەعس تا ئەم ساتەش ماوە، سەرەڕای بوونی مادەی 140 وەك نەخشە ڕێگایەك بۆ سڕینەوەی ئەو زوڵم‌و ستەمەی لەگەلی كورد كراوە، بەڵام ئەو مادەیە جێبەجێنەكراوە”. 

پارێزگاری كەركوك لەبارەی دۆخی شارەكەوە، ئاماژەی بە هاتنی زیاتر لە 700 هەزار ئاوارە كردووە لەكاتێكدا لەلایەن حكومەتی عیراقییەوە هاوكاری پێویست ناكرێن. 

چوارشەممە 7-6 مەسعود بارزانی، لەگەڵ سكرتێر‌و نوێنەری پارتە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان بەبێ‌ بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی كە خاوەنی 30 كورسیی پەرلەمانین كۆبووەوە، بڕیاریاندا 25ی ئەیلولی 2017 لەهەرێمی كوردستان‌و ناوچەكانی جێناكۆك ریفراندۆم بكرێت. 

یوسف محەمەد، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیش كۆتایی مانگی رابردوو لە نوسراوێكدا داوای لە كۆمسیۆنی هەرێم كردووە، هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی هەرێم بە یەكەوە بكرێن‌و لە هەمانكاتدا ئامادەكاری بۆ ریفراندۆم بكرێت، ئەگەر بە یاسا شێوازەكەیی‌و بەشداری ناوچەكانی جێناكۆك رێكخرا. 

تەواوی پارێزگای كەركوك، بەشێكی زۆر لە موسڵ، هەروەها لە سنوری پارێزگاكانی دیالە‌و سەڵاحەدینیش چەندین ناوچەی جێناكۆك هەیە‌و هێشتا بەغدا‌و هەولێر، لەسەر ئیدارەدانی رێكنەكەوتوون. 

هەریەكە لە وڵاتانی ئەمریكا، توركیا، ئێران، عیراق‌و پێشتریش ئەڵمانیا رەتیانكردەوە پشتیوانی لە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بكەن‌و پاڵپشتی خۆیان بۆ عیراقی یەكگرتوو دوپاتكردەوە. 

پێشتر ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە 4-4ی ئەمساڵ كۆبونەوەیەكی بە بێ‌ ئامادەبونی عەرەب‌و توركمان ئەنجامدا‌و تێیدا، داوای راپرسی لە پارێزگاكە پەسەند كرد. 

لەكاردانەوەی ئەو بڕیارەشدا حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عیراق 11-4 جەختیكردەوە لەوەی ناكرێت راپرسی لە پارێزگای كەركوك ئەنجامبدرێت، لەكاتێكدایە بەشێك لە ناوچەكانی داگیركراون‌و خەڵكەكەی ئاوارەن. 

24ی نیسانی ئەمساڵ كەسی یەكەمی لایەنە كوردییەكانی كەركوك لە كۆبونەوەیەكدا بڕیاریاندا لیژنەیەك پێكبهێنن بۆ سەردانیكردنی پێكهاتەكانی شارە، بە ئامانجی وەرگرتنی راوبۆچوونیان لەسەر پرسی ریفراندۆم.
يتم التشغيل بواسطة Blogger.

لەلایەن ئاژانسی وڵات

جه‌ژنتان

پیرۆزبێت

جه‌ژنتان

پیرۆزبێت