Halloween party ideas 2015
banner



  كۆبوونەوەیەكی چەند خولەكی سەرەتای قەیرانێكی چەند ساڵە  

  لە 23ی حوزەیرانی 2015 كۆبوونەوەیەكی پەرلەمان ساز درا، تێیدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژەیە یاسایەك بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم كرا. 

ئەم كۆبوونەوەیەی پەرلەمان كە تەنها چەند خولەكێكی خایاند، بووە سەرەتای قەیرانێكی قوڵی سیاسی، كە تاكو ئێستا ئاسۆی چارەسەرەكانی دیارنین و پەكخستنی پەرلەمان و ئیفلیجبوونی حكومەتی هەرێم و بەسەرچوونی وادەی یاسایی سەرۆكی هەرێمی بەدوای خۆیدا هێنا. 

چوار حزب، بزوتنەوەی گۆڕان، یەكێتی نیشتمانی كوردستان، كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە رێگای فراكسیۆنەكانیانەوە پرۆژەیەكی هاوبەشیان بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم پێشكەشكرد. 

پرۆژەیەك، كە نێوەرۆكەكەی جەختی لە سیستمێكی پەرلەمانی لەبری سەرۆكایەتی بۆ هەرێمی كوردستان دەكردەوە، كە سەرۆك لە نێو پەرلەمانەوە هەڵبژێدرێت، نەك راستەوخۆ لە نێو خەڵكەوە، ئەم پرۆژەیە، بە سەختی لەلایەن چوار حزبەوە لە هەموو بارێكەوە پشتیوانی لێكرا. 

ئەم پرۆژەیە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، گەورەترین پارت و گەورەدەسەڵاتداری هەرێمی كوردستان هەر زوو بەرەوڕوو بوو. 

لە 19ی ئابی 2015 پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپەیمانە بچووكەكانی لە پەرلەمان بە هاوكاری نیوەی پەرلەمانتارەكانی یەكگرتوو "پەرلەمانتارەكانی هەولێر و دهۆك" توانی شكست بە پرۆژەی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بهێنێت، بە رێگریكردن لە تەواوبوونی رێژەی یاسایی دانیشتنی پەرلەمان بۆ خوێندنەوەی دووهەم بۆ پرۆژەیاسای هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم. 

  شكستی كۆبونەوەی پێنج قۆڵی و پەكخستنی دامەزراوەكان  
  لە تشرینی یەكەمی 2015 بەدوای شكست و بێئەنجامبوونی كۆبوونەوە پێنج قۆڵییەكان لە دەڤەری سەوز و لە قەڵادزێوە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین دەستیانپێكرد. 

زۆرینەی بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنوورەكانی ڕاپەڕین، گەرمیان، سلێمانی و هەڵەبجە سووتێندران و ژمارەیەك كادری حزبی و خۆپیشاندەریش كوژران و بریندار بوون. 
لە كاردانەوەی ئەم رووداوانەدا پارتی دیموكراتی كوردستان تاكلایەنە بڕیاری دوورخستنەوەی بزوتنەوەی گۆڕانی لە حكومەت دەركرد. 

لە 17ی تشرینی یەكەمى 2015 یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمان رێگریلێكرا بگەڕێتەوە هەولێر و هاوكات وەزیرەكانی گۆڕان لە حكومەت دەركران. 

  پاشگەزبوونەوە لە پرۆژەكان  

یەكێتی و یەكگرتوو بەتایبەت لەو رۆژەوەو پێشتر لە دوای شكستی كۆبوونەوەی 19ی ئاب زیاتر بێلایەنیان هەڵبژارد وەك بەرگریكاری راستەقینە لە پرۆژەكانیان یان لەوبەرەی تێیدا بوون. 

لە ماوەی ساڵی 2016 و نیوەی یەكەمی 2017 بەردەوام سیاسەتەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان جگە لە هەندێك لێدوانی ناڕەسمی و قسەی هەندێك كادر و بەرپرس، بەگشتی بەلای پارتی دیموكراتی كوردستاندا چووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ملیشیان بۆ خواستەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان نەداوە بە تەواوی، بەڵام كارئاسانیان كردووە بۆ سەرخستنی پرۆژەكانی پارتی و لاربوونی ململانێیەكە لە بەرژەوەندی پارتی لەگەڵ ركابەرەكانی بەتایبەت گۆڕان و كۆمەڵ. 

7ی حوزەیرانی 2017 مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە پۆستەكەی جێگای مشتومڕە، لەگەڵ حزبەكان كۆبوونەوە و بڕیاری راپرسیی و هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانییان دا. 

واژووی یەكێتی و یەكگرتوو لەسەر ئەم بەیاننامەیە، دەریدەخات كە پاشگەزبوونەوە لە پرۆژەكانی پێشوویان كە بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم پێشكەشكیان كردبوون، چونكە دەبێت هەڵبژاردن بە یاسا كۆنەكە بكرێت و سەرۆك لە نێو خەڵك هەڵبژێردرێ و سیستمی پەرلەمانیش وازی لێبهێندرێت. 

خەلیل ئیبراهیم ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێكاری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە (خەڵك)ی راگەیاند، بەهۆی كارانەبوونی پەرلەمان و هەموارنەكردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، بەپێی یاسا كۆنەكە هەڵَبژاردن بەڕێوەدەچێت. دەشڵێت "بەڵام لە پرۆژەكەیان پاشگەز نەبوونەوە". 

  یەكێتی و یەكگرتوو كەڵوەرگرتنی دوولایەنە   

كارناسان و شرۆڤەكاران خوێندنەوەی جیاواز بۆ هەڵوێستەكانی یەكێتی و یەكگرتوو دەكەن لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا. بەگوتەی چاودێرێكی سیاسی، یەكێتی بەرژەوەندی دارایی و شەخسی بەرپرسەكانی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا هەیە، بەهیچ شێوەیەك ناتوانێت سازش بكات لەسەریان، بۆیە دەبێت هەر پابەندی سیاسەتەكانی پارتی بێت. روونیشیكردەوە، پێشكەشكردنی پرۆژەی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ گۆڕان لەلایەن یەكێتییەوە بۆ هەڵلوشینی ناڕەزایەتی جەماوەری دژەپارتی دەڤەری سەوز بوو لەپاڵ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی لەگەڵ پارتی، واتا لەدوولاوە سوود وەربگرێت، بەڵام لەوەشیاندا نەیتوانیوە سەركەوتووبێت. 

یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە 30ی حوزەیرانی 2013 ماوەی ویلایەتەكەی مەسعود بارزانی تا ئابی 2015 درێژكردەوە، بەپێی رێككەوتن لەگەڵ پارتی بۆ گەڕانەوەی پرۆژەی دەستوور و هەمواركردنەوەی، بەڵام لە 2015 دوای دروستكردنی لیژنە بۆی لەپەرلەمانی كوردستان، بەهۆی سووربوونی پارتی و گۆڕان لەسەر بۆچوونەكانیان هەمواری پرۆژەی دەستووریش شكستیخوارد. 

سەبارەت بە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، چاودێرەكە، ئاماژە بەوە دەكات، یەكگرتوو سروشتی خۆی وایە بە ئاشكرا ململانێی هیچ لایەك ناكات و نابێتە لایەنگیر لە هیچ شتێكدا، نمونەشی بە نێوەندگیری یەكگرتوو لە كێشەی دیاریكردنی پارێزگاری سلێمانی لە نێوان یەكێتی و گۆڕان لە 2014 و هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و كێشەكانی ئێستای هەرێم هێنایەوە. 

روونیشیكردەوە، یەكگرتوو بەردەوام لە نێوانی هێڵەكاندا رادەوەستێت و دەیهەوێت لە هەموو لایەكانەوە كەڵك وەربگرێت، بێلایەن دەبێت، یان تواناكانی دابەشدەكات بەسەر لایەنە ركابەرەكاندا، بەشداریكردنی نیوەی پەرلەمانتارەكانی لە كۆبوونەوەی 19ی ئاب و بایكۆتكردنی نیوەكەی دیكەیان یەك لە نمونەكانە. 

  بەردەوامی قەیرانەكان  
كارناسانی سیاسی یەكێتی و یەكگرتوو بە هۆكارێكی سەرەكی بەردەوامی قەیرانەكانی هەرێم ناودەبەن، بەهێندەی پارتی و گۆڕان، لەمبارەیەوە چاودێرێك دەڵێت، یەكێتی و یەكگرتوو لەپێناو قایلكردنی جەماوەر ئامادە نەبوون ویلایەتی مەسعود بارزانی لە 2015 درێژبكەنەوە و خواستی پارتی جێبەجێبكەن، ئەگەر ئەوەیان بكردایە، قەیرانی سیاسی و بگرە قەیرانی داراییش ئێستا چارەسەر دەبوو، ئەوەی دەمایەوە گۆڕان و كۆمەڵ وەك دوو هێزی ئۆپۆزسیۆن و ناڕازی دەمانەوە، ئەوەش كاریگەری راستەوخۆی بەسەر ژیانی خەڵكەوە نەدەبوو 

دەشڵێت "یەكێتی و یەكگرتوو لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندی دارایی و دەسەڵات و بەرژەوەندی شەخسی بەرپرسەكانیان ئامادەنەبوون هاوكاربن بۆ سەرخستنی پرۆژە هاوبەشەكەیان لەگەڵ گۆڕان و كۆمەڵ، كە ئەمەیان بكردایە دواجار پارتی رەنگە سازشی بكردایە، خۆئەگەر سازشیشی نەكردایە رەوشەكە لەمەی ئەمڕۆ خراپتر نەدەبوو".    

  كاندیدكردنەوەی بارزانی  

 ئەوەی ئێستا لەمساڵدا دێتەپێشی پرسی كاندیدكردنەوەی بارزانییە بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، كە بەپێی زانیارییەكان پارتی دیموكراتی كوردستان بارزانی كاندید دەكاتەوە، لەكاتێكدا 

بە پێی یاسا كۆنەكە، بارزانی مافی خۆكاندیدكردنەوەی نییە. بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان بەردەوام چارەسەری بۆ ئەم گرفتە یاساییانە هەبووە و یەكێتی و یەكگرتوویش كارئاسانیان بۆ كردووە. 

وەك هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنی پارتی و گۆڕان بۆ پێكهێنانی حكومەت و پەرلەمان لەلایەن پارتییەوە، بێ پشت بەستن بە بنەما یاساییەكان، تەنها پشت بەستن بەلایەنە سیاسییەكەی، چونكە كە رێككەوتنی سیاسی دەكرێت و دواتر دەخرێتە چوارچێوەیەكی یاسایی هەر دەبێت، بە چوارچێوەیەكی یاساییش هەڵبوەشێتەوە، نەك تاكلایەنە یەكێكیان 
پاشگەزبێتەوە.

خەڵك
يتم التشغيل بواسطة Blogger.

لەلایەن ئاژانسی وڵات

جه‌ژنتان

پیرۆزبێت

جه‌ژنتان

پیرۆزبێت