Halloween party ideas 2015
banner



شاخەوان خالید 

مرۆڤ وەك بوونەوەرێك لەگەڵ رەوتی قۆناغە جیاجیاكانی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، هەر لەوكاتەی كەوتۆتە جوولەوخرۆش هەستی بەبوون و ژیان و ئەدگارەكانی سروشت و دەوروبەری كردووە، بەردەوامی دێوەزمەی سروشت و مەترسییەكان هەڕەشەیان لەبوونی كردووە، ئەویش تاسەر ئێسقان بەرەڤانی لەخۆ كردووە و هەوڵی داوە مەترسییە سروستی و ناسروشتیەكان لەخۆ دوور بخاتەوە و لێشنەگەڕاوە زەرەو زیان لەبوونی بدات. 

پێبەپێ چەمكی خۆپاراستن و گەشەی مرۆڤایەتی پەرەی سەندو و گەیشتە دەستەواژەی ئاسایشی نەتەوەیی، لەدوای ئەوەی زۆربەی وڵاتان بەپێی فەلسەفەی بیری نەتەوەیی دەوڵەتەی سەربەخۆیان پێكەوەناو هەوڵیاندا پارێزگاری لەكیان و سەروەریان بكەن لەو روانگەوە پەیوەست بوون بەنەتەوە لەژێر ناوی لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، ستراتیژییەتی وڵاتەكانیان داڕشت بۆ كەمكردنەوەو نەهێشتنی ئاسەواری گرێ‌ و گرفتەكانی ناوخۆو مەترسی هێرشەكانی دەرەوە بۆ ئەم مەبەستە هەریەك و بەپێی بەرنامەیەكی رەنگڕێژ گەشەیان بەچەمكی ئاسایشی نەتەوەیی دا بەتایبەت لەدوای كۆتایی هاتنی دووەمین جەنگی جیهانی ئەم گۆڕان و پەرەپێدانە كەوتە خانەی هەستەوە، لەم سۆنگەوە وڵاتانی بڕیار بەدەست و ناوەندەكانی دەست ریۆشتوو بەسەر هاوكێشە سیاسییەكانی جیهان گرنگی زۆریان بەم بوارەدا، هەروا ئەوەی رێگەی خۆشكەر بوو بۆ سەرهەڵدانی ئەم بۆچوون و تێڕوانینانە ئەو گۆڕانكارییە فراوانە و قوڵە بوو كەبەسەر چەمكی ستراتیژیەتدا هات لەتەك ئەمە هەستكردن بوو بەو راستییەی كە كێشەی ئاسایشی وڵاتان جیاوازییەكی بنەڕەتی هەیە بەبەراورد لەگەڵ ئاسایشی وڵاتانی تر، بەو مانایەی وڵاتانی زڵهێز و دەست رۆیشتوو دەتوانن هەڕەشە لە وڵاتانی بچووك و جیهانی سێیەم بكەن، لێرەدا دەتوانین بێژین لەداوی شۆڕشی پیشەسازی لە ئەوروپا و دۆزینەوەی چەكی ئەتۆمی پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیا لەڕووی ئەندازەی چەكی نوێ‌ و كاریگەری، گۆڕانی مەزن بەسەر چەمكی خۆپاراستنندا هات و تائێستاش وڵاتان لەكێبڕكێن كامیان دەتوانێ‌ ببێتە خودان زەبەلاحترین چەكی ئەتۆمی و بایۆلۆژی تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو، هێندە دەتوانێ‌ ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دابین بكات و ببێتە ناوەندێكی هەڕەشەش بۆ سەر وڵاتان، هەڵبەتە ئەم پێشكەوتنانەش نەك تەنیا لایەنە رواڵەتیەكەی ئاسایشی نەتەوەیی گۆڕی بەڵكو ناوەڕۆكەكەشی لە قاڵبدا كە پێشتر تەنیا فاكتەری سەربازی پێكهێنەری بنچینەیی ئاسایشی نەتەوەیی بوو، كۆمەڵێك بنچینەی تر لەتەك توانای سەربازی خۆیان خزاندە نێو پێكهاتەكانی ئاسایشی نەتەوەیی لە ئابووری و نیشتمانی و رامیاری و كۆمەڵایەتی و جوگرافی و ئایدیۆلۆژی، دیپلۆماسی، تالێرەش گەرەكە پێناسەیەك بۆ ئەم چەمكە گرنگە گڵ بدەینەوە كە بریتییە لە بەرەڤانیكردن لە دەوڵەت یا قەوارە سیاسیەكەی لە هەر هەڕەشە و مەترسیەكی ناوەوەو دەرەوە یان دەرەوە لەئێستا و لەئایندە بەو مانایەی كار كردنە لەپێناو كەمكردنەو نەهێشتنی زیان لەدیاردەی سامانێكی سروشتی و ناسروشتی بەهۆی بووژانەوەی وارەكانی ئابووری و نیشتمانی و توانای سەربازی و رامیاری و كۆمەڵایەتی و چالاكیەكان بۆ پاراستنی چەندین بنچینەی نەتەوەیی لەیەكێتی خاك و سەربەخۆیی سیاسی و بەها نیشتمانی و كەلتوورییەكان، چ ئەوانەی پەیوەندییان بە ئاسایشی ناوەوە یا ئەوانەی پەیوەندییان بە ئاسایشی دەرەوە هەیە، باری یەكەمیان گرێ‌ و نائارامییەكان بەهۆی نەبوونی دیموكراتیەت و پێشیلكردنی مافی مرۆڤ و بوونی ناكۆكی لەنێوان هێزو لایەنەكان بەهۆی جیاوازی بیرو باوەڕی، نەژادی، ئایینی، مەزهەبی، هەڕەشە لەبوونی دەوڵەت بەهۆی لێكهەڵوەشانەوەی شیرازەی واری سیاسی و كۆمەڵایەتی دەكەن، باری دووەمیان بەهۆی نەبوونی سیاسییەتێكی میانرۆ و دیبلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی دراوسی و زلهێزەكان، بەهۆی ئەم وڵاتانە چاو دەبڕنە سامان و سەروەتی وڵاتەكەو هەوڵی داگیركردن و پەكخستنی سەروەری و سەربەخۆیی دەدەن لەپێناو بەدیهێنانی مەرام و بەرژەوەندەییەكانیان، لەم گۆشە نیگایەوە دەگەینە ئەو دەرەنجامە كە پاراستنی قەوارەی سیاسی و سەروەری و پارێزگاری كردن لە سیستمی سیاسی و بەها كۆمەڵایەتیەكان و كاركردن لە وەدیهێنانی ئارمانجی نەتەوەیی و نیشتمانیەكان و دابین كردنی مافی ئازادی و دادپەروەری لە نێوان هاوڵاتیان دەبێتە بنچینەی سەرەكی بۆ وەدستهێنانی ئاسایش لەناوخۆ بە گرنگترین پێكهاتەی هێڵی ئاسایش دادەنرێت لەتەك هێڵی ئاسایش دەرەكی، ئاسایشی ناوخۆیش بەهۆی دابینكردنی مافەكانی مرۆڤ و ئازادی تاك و یەكسانی هاوڵاتیان بەرامبەر یاسا و هەڵی كار و گوزەرانێكی شیاو و شایستە و پەرەپێدانی چالاكییەكانی تاك لەسەر ئاستە جیاجیاكان بۆ نزیك بوونەوەی لە دەسەڵاتی سیاسی و بەشداری كردن لەداڕشتنی سیاسی وڵات بەشێوازییەكی دیموكراسیانە دێتەكایەوە و ئاسایشە دەرەكییەكەش پەیوەنددارە بە هەر دوو ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لە رێگەی خۆشكردنی پەیوەندییە دەرەكییەكان لەگەڵ دەوڵەتانی جیهان و ناوەندە نێودەوڵەتیەكان، وڵاتانی دەست رۆیشتوو بەهۆی توند و توڵی دەوڵەتە لەوەرگرتنی بڕیارو هەڵوێست لەمەڕ ئەو پەیوەندییانە، بۆیە دەبێ‌ پەرە بە وارەكانی ئابووری و سەربازی و كۆمەڵایەتی و كەلتووری و زانستی و و دیبلۆماسی بدرێت كە هۆكاری گەڵیرین لە ئاسایشی نەتەوەیی لە هەمان كاتدا مێژووی پێكەوەنانی دەوڵەت و هەڵكەوتە جوگرافیەكەی لە نەخشەی جیهان و رووبەڕوو داهات و ژمارەی دانیشتووان تا ئەو پەڕی كاریگەرن بەسەر ئاسایشی نەتەوەیی، پاشان گەر بێین كاریگەری ئابووری نیشتمانی شرۆڤە بكەین دەبینین فاكتەری ئابووری رۆڵێكی سەرەكە دەگێڕێ‌ لە بووژانەوەی هەموو بوارەكان بەم پێیە هەر چەندە ئابووری بەهێز بێت توانستەكان لەوەگەڕ خستنی كارگە و پڕۆژەی گەورە و بازرگانی هەمەجۆر لەناوەوەو دەرەوە دەبێتە هۆی بژێوی پێداویستیەكانی دەوڵەت مەیسەر دەبن، لەتەك ئەمە بوونی دوژمنان و دوور دەخاتەوە، هەر كاتێ‌ دەوڵەت لەم رووەوە سست و بێ‌ هێز بێ هەڕشەی زۆری لێ‌ دەكرێ‌ بەبەردەوامی بەهۆی دستێوەردان و هێرش كردن دووچاری گرفت داگیركردن دەبێتەوە، بەم پێیە بواری ئاسایشی نەتەوەیی لەلایەن سەركرایەتی سیاسی دەوڵەت دەبێ‌ گرنگی زۆری پێبدرێت و كاركردنیان لەڕیزی پێشەوەی دابنێن تابتوانن پارێزگاری لەكیان و سەروەری و دەستوو و سیستەمی ژیانی وڵاتەكەمان بكەین، هەڵبەتە ئێمەی كوردیش هەر هەڵبەزە بەتێڕامانێكی ورد بكەین بۆ ئەم چەمكە دەبینین چونكە كیانێكی سەربەخۆ لە شێوەی دەوڵەتمان نییە نەمان توانیوە بناخەیەك بۆ ئاسایشی نەتەوەییمان بنیاد بنێین لەهەمان كاتدا هەندێ‌ هەنگاوی پێش وەختە و بەپەڵە هەن دەشێ‌ جولەیان بۆ بكرێ‌ تا ئێمەش لەم بوارە كەمتەرخەم نەبین و ئاسایشی نەتەوەییمان رووەو ئاقارێكی گەشاوە بەرین لەوەگەر خستنەوەی توانا ئابوورییەكان ئەوانەی لەبەردەستماندانەو ئەمڕۆكەش كابینەی چوارەمی حكومەتی كوردستان تەكانێكی بەم بوارەداوە، دەرفەتی بۆ دەوڵەمەندو بازرگانەكان فەراهەم كردووە بۆ بەشداری كردنیان لەهێنانی كایەی پڕۆژە و كارگەی گەورە كە ببینە هۆكارێك لە بەرەو پێشبردنی ئابووری كوردستان، هەروەها زامنكرنی مافی ئازادی تاك و كاركردن لە پێناو چەسپاندنی یاساو هەوڵەكانی حكومەت بۆ پەیوەندی بەستن بەوڵاتانی بڕیار بەدەست و زلهێز بۆ دابین كردنی پشتگیری و بزاڤی بازرگانی دەرەكی هەنگاوی چاكن و پێویستە تاكەكان زیاتر رۆڵ لەم بوارەدا بنوێنن كە كاریگەری رۆڵی سەرەكیان هەیە بەكۆڵەگەی هێنانەدی ئاسایشی نەتەوەیی دادەنرێت، هەروەها مەسەلەی بنەبڕكردنی شەڕی نێوخۆیی چارەسەرێكی بنەرەتی هەرە كاریگەرە لەسەر پاراستنی ئاسایشی نەتەوەییمان بەو مانایەی هەموو لایەنەكمان بەجیاوازی بیروڕا لەسەر مەسەلە پەیوەندارەكان و بەرژەوەندی باڵای نەتەوەییمان كۆكین و هەوڵی بووژانەوەی وارەكانی رۆشنبیری و كەلتووری و زانستی و زێتر بدەین و هەوڵی پێكهێنانی هێزێكی سەربازی یەكگرتووش بدەین تاوەك بتوانین لە هەر هەڕەشەو گورەشەیەك بەرەڤانی لەخۆ بكەین، لەتەك ئەمانە گرنگی دان بە بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری رۆڵەكانمان بە بیرو هزری نەتەوەیی پەیوەستكردنیان بەخاك و نیشتمان گەرەكە بووژانەوەی واری زانست و هەوڵبدرێت ئەو پسپۆڕو دكتۆرانەی لەسەر ئاستە جیا جیاكانی زانست كە روویان لە هەندەران كردووە تائێستا خزمەتی بێگانە دەكەن بگەڕێنەوە وڵاتی دایك و خزمەتی كۆمەڵگەو وڵاتی خۆیان بكەن و واری زانست لەگەڵ مامۆستاو پسپۆڕو رۆڵە و تاكەكانی كارا گەشە پێ بدەن و زانكۆش بكرێتە ناوەندێكی گرنگ و بەشدار لە بڕیاری سیاسی وڵات و كاركردن بۆ بە كوردی كردنی سیستەمی خوێندن لەزانكۆ و پەیمانگەن و خوێندنگەن پەروەردەكردنی رۆڵەكانمان بە بیرو هەستی كوردانە و لە هووانیش گرنگتر دانانی بەردی بناخەی دامەزراندنی ناوەندێكی ستراتیژی بۆ لێتۆژینەوە لەمەڕ ئاسایشی نەتەوەیی داڕشتنی بەرنامەیەكی چڕو پڕ و بۆ ئەم بوارە: بەم هەنگاوە پێشوەخت و سەرەتاییانەش دەگەینە ئەو دەرەنجامێكی گرنگ ئەویش تاوەكو بتوانین لەڕووی ئاسایشی نەتەوەیی خۆ بەهێز بكەین ئەوەندە دەتوانین بەرەڤانی لە ئەزموونی دیموكراتی باشووری كوردستان بكەین كە خۆی لەهەر دوو دەستكەوتە نەتەوەییەكەی ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردستان و حكومەتەكەی دەبینێتەوە ئامانجە باڵاكانی بەرین كە خۆی لە كوردستانێكی سەربەخۆو ئازاد دەنوێنی.
يتم التشغيل بواسطة Blogger.

لەلایەن ئاژانسی وڵات