Halloween party ideas 2015
banner



عەزیز ڕەئووف


ڕوخساری ڕاستەقینە دەرکەوت، ڕوخساری ئەوانەی بیر ناکەنەوە و چاوەڕێن کەسێک بیریان بۆ بکاتەوە. ڕوخساری ئەوانە دەرکەوت کە دژی بە مەسیحکردنی سیاسیەکان بوون کەچی مەرگی سەرکردەیەک بە مەرگی مەسیح دەچوێنن. ئەوەی من لێی دەترسام ئەم تایپە بوو لە ھەوادار. ئیتر تۆش وەک پارتیەکان گۆڕێک ھەیە سەردانی بکەی، ئیتر تۆش فێری ئەوە بوویت لەمەودووا بڵێی " گەورەم" و "نەمر"، ئیتر ماسکی دەموچاوت ھەڵماڵی وەک ئەوەی تازە زانیبێتت سەرکردەکان دەمرن، وەک ئەوەی یەکەمجار مەرگی ئینسان ببینیت. ھەزاران ئیسنانی یەزیدی مردن، شیوەنت نەکرد، بۆ خوێنی منداڵێک سورترە یان خوێنی سەرکردەیەک؟ جینوسایدی نەتەوەیەک گرنگە، ڕۆحی منداڵێک شیرینترە یان ڕۆحی بەرپرسێک؟

دوو بەرپرسی گۆڕان دوو لاوانەوەیان نوسیوە نەک بابەت، یەکیان دەڵێ: (کاکە گیان کە لەو دنیا پێت شاد بوومەوە) وەک ئەوەی لە ئێستاوە خۆی بۆ بەھەشتیش حازر کردبێ، یەکێکی تریان دەڵێ: (بۆیە کاکەمان لە گردەکە ناشت تا ھەمیشە لەناوماندا بێت) وەڵاھی عەزیزان ئەمە دینە نەک سیاسەت، وەڵاھی دۆستان ئەمە دروستکردنی بتە نەک شکاندنی بتەکان. پێم بڵێ ئەم ھەموو شیوەنە ھیچ نیە جگە لەو بەتاڵیەی لێی دەترسام، لەو حەشاماتەی کە بیر ناکاتەوە و دەیەوێت کەسێکی تر لەجیاتی ھەموان بیر بکاتەوە. عەزیزان مەگرین، دەزانن ئەمە یەکەمجار نیە سەرکردە دەمرێت و دواینجاریش نابێت. ئەم مەرگە دەبێت وات لێ بکات خۆت بیر بکەیتەوە و خۆت ببیتە سەرکردە و تەورەکە خۆت ھەڵیبگریت بۆ شکاندنی بتەکان.

ساڵی ١٩٩٣ تەرمی مەلا مستەفا و ئیدریس بارزانیان ھێنایەوە، ھەموو کورد بۆی دەرگریا، شەوێک لە مزگەوتی گەورەی سلێمانی مانەوە و ھەموو شار بۆی دەگریا، من دەپرسم لە ئێستادا شتێک ھەیە بەناوی ڕێبازی بارزانی کە دوای بکەوی؟ چونکە بە عەتف و سۆز لات وابوو سەرکردەکان گرنگن دواجار ڕێبازی بارزانی جگە لە بەڵا بۆ تۆ و نیعمەت بۆ نەوەکانی چی بەرھەم ھێنا؟ ساڵی ٢٠٠٠ تەرمی ئیبراھیم ئەحمەد ھێنرایەوە بۆ سلێمانی، لە سنوری ئێرانەوە خەڵک دەگریان تا سلێمانی، کێ ئێستا ڕێبازی ئیبراھیم ئەحمەدم پیشان دەدات؟ کێ دەزانێت بەڕاستی ڕێبازی ئیبراھیم ئەحمەد کامەیە؟ عەزیزان، سەرکردەکان کوڕی مێژوو و خەبات و کەوتن و ھەستانەوەی خۆیانن، ھیچ سەرکردەیەک کۆمەکت ناکات ئەگەر خۆت لەو وەھمە ڕزگار نەکەی کە سەرکردەکان ژیانت جوانتر دەکەن، لە مەرگی بارزانی و ئیبراھیم ئەحمەدەوە بۆ مەرگی کاک نەوشیروان تۆ ھەر خەریکی فرمێسکڕشتن و شیوەن و دروستکردنی بت و باوکی سیاسیت. 

کاک نەوشیروان سکرتێری کۆمەڵە بوو، بەڵام زۆرینەی ھاوڕێیانی کۆمەڵە یان بازرگانن یان ڕوویان لە ماڵی بارزانیە یان خەریکی مەلھا و قومارخانەکانیانن. یەک سەرکردەی ئێستای گۆڕانم پێ بڵێ توزقاڵێک لە کاک نەوشیروان بچێت، لە نوسین، لە سادەیی، لە خاکێتی و لە پشتکردنە ئارەزوەکانیان، تەنانەت لە پۆشینی جل و بەرگ. زۆربەیان ختوکەیان بدە توڕە دەبن، ڕەخنەیان لێ بگرە، لوت بەودیودا دەکەن. کاک نەوشیروان خۆی بوو ھەرخۆشی ڕۆیشتووە، ئەوەی قسە لەسەر میراتگرەوە دەکات، ئەوەی بەدوای باوکی ڕەمزیدا دەگەڕێت ھیچ نەکات با "حەسار و سەگەکانی باوکم" ی شێرزاد حەسەن بخوێنێتەوە ئەوسا دەزانێت ناتوانێت بەبێ باوک بژی. 

مۆم خۆتی ھاوڕێ، ڕووناکی خۆتی، کاک نەوشیروان ئەگەر ئازایی تۆ نەبوایە، ئەگەر تۆ بەرگریت نەکردایە و لەسەر ئەو ھێزە نانبڕاو نەکرایتایە، ئەویش نوسەرێک یان سەرکردەیەک یان پێشمەرگەیەکی دێرین دەبوو، ھاوڕێ یەک تۆز لە بەرگی موقەدەسکردنی ئەوی تر وەرە دەرەوە و ھیچ نەبێت بڕۆ کتێبەکانی بخوێنەوە، لە شیوەن و باوکەکڕۆ باشترە. ھەموومان گریاین بەڵام نابێت ببینە گرینۆک. شۆڕش و گۆڕانکاری بە شکاندنی بتەکانی ناوەوەی خۆمان دەکرێت، بەکارەکتەرێک دەکرێت بیر بکاتەوە، نەک بە گرینۆک و پاسەوانانی سەر گۆڕەکان.
يتم التشغيل بواسطة Blogger.

لەلایەن ئاژانسی وڵات