Halloween party ideas 2015
banner




وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمەڕ گشتپرسی بە نادروست دەزانێت. رەوەندی کوردیش لە ئەڵمانیا وەڵامی حکومەتی ئەو وڵاتە دەداتەوە.

زیگمار گابریل، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی دیاریکردنی رۆژی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان گوتی: "من بەنیگەرانییەوە ئەم هەواڵەم بیست کە هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە گشتپرسی ئەنجامدەدات. کاتێک یەکگرتوویی عێراق بخرێتە ژێر پرسیارەوە و سنووری نوێ بکێشرێت، هەنگاوێکی دروست نییە و ناسەقامگیری بۆ بەغدا و هەولێریش دروستدەکات".

گابریل بانگەوازی لە حکومەتی هەرێم و بەغدا کرد لەڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بۆ ئەم پرسە و ناوچە جێناکۆکەکانیش بدۆزنەوە. هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە شەڕی داعش هێشتا تەواو نەبووە و پێویستە هەمووان بەیەکەوە کار بۆ ئەوە بکەن و سەرنجەکانیان لە شەڕی داعشدا کۆبکەنەوە.

لەبەرامبەردا کۆمەڵگەی کوردانی ئەڵمانیا KGD کاردانەوەی خۆیان بەرامبەر ئەم گوتانەی وەزیری ئەڵمانیا نیشاندا و بە چاوەڕننەکراویان دانا.

عەلی ئێرتان تۆپراک، سەرۆکی کۆمەڵگەی کوردانی ئەڵمانیا لەمبارەوە گوتی:"مافی چارەنووسی نەتەوەی کورد لە چوارچێوەی ئەرکەکانی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیادا نییە. ئێمە چاوەڕێی هەڵوێستێکی جیا لەمە بووین. بەتایبەت بە لەبەرچاوگرتنی ئەو قوربانییە زۆرەی کە کورد لە شەڕی داعش داویەتی".

تۆپراک کە خۆی کوردێکی باکوورە راشیگەیاند، چاوەڕێی ئەوە بوون ئەڵمانیا رێز لەم بڕیارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بگرێت.
يتم التشغيل بواسطة Blogger.

لەلایەن ئاژانسی وڵات