Halloween party ideas 2015
banner



سەرۆکی گشتیی هۆزی بەنی ئەسەد پشتگیری لێدوانەکەی ئاڵا تاڵەبانی دەکات و دەڵێت "بنەچەی هۆزی زەنگەنە دەگەڕێتەوە سەر ئەسەدییەکان".
شێخ زاری سالم خیون ئەسەدی، سەرۆکی گشتیی هۆزی بەنی ئەسەد لەبارەی لێدوانەکەی ئاڵا تاڵەبانی و رەچەڵەکی تاڵەبانییەکان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.

سەرۆکی گشتیی هۆزی بەنی ئەسەد باس لەوە دەکات، بنەماڵەی تاڵەبانی سەر بە هۆزی زەنگەن، کە "خێزانێکی زانستی ئایینی موجاهیدن و مێژوویێکی دیاریان لە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی هەیە". 

سەرۆکی هۆزی بەنی ئەسەد دەڵێت "بنەچەی هۆزی زەنگەنە، دەگەڕێتەوە سەر ئەسەدییەکان، لە رەچەڵەکی میرنشینی مزیدییەی ئەسەدیی-ن، کە لە ساڵی 355 کۆچی لە حیللە دروستبووە، دامەزرێنەرەکەشی ئەمیر مزید مرسد ئەسەدی بووە، رەچەڵەکی هۆزی زەنگەنە دەگەڕێتەوە بۆ سەر  ئیسماعیل بن ئەمیر عەلی ئیبن ئەمیر دبیس سانی ئین ئەمیر سدقە، کە دامەزرێنەری شاری حیللە-ن".

شێخ زاری سالم خیون ئەسەدی ئاماژە بەوەش دەکات "بەپێی بەرگی نۆیەمی کتێبی (کامل فی تەئریخی ئیبن ئەسیر)، دوای لە نێوبردنی فەرمانڕەوایەتی میرنشینی مزیدییە لەسەردەمی دەسەڵاتی عەباسییەکاندا، نەوەی ئەمانە روویان لە ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی عێراق کردووە لە گوڵاڵە، کەلار، کەرکووک، سلێمانی و درێژبوونەوەتەوە بۆ هەولێر، موسڵ و ناوچەی عەشائیر سەبعە و ناوبردنیان بە زەنگەنە-ش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەمانە خاوەن سەرەوت و سامانە بوونە و  پێیانگوتون زەنگین".

هۆزی بەنی ئەسەدی دەڵێن، زەنگەنەکان لە حیللە کۆچیان کردووە و لە کوردستان نیشتەجێ بوون، "ئەمانە هۆزێکی تەواو کوردن، تاوەکو ئێستاش پەیوەندییمان لەگەڵ برایانی هۆزی زەنگەنە لە تەواوی ناوچەکانی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراقی هەیە".

بەگوتەی شێخ زاری سالم "تەنانەت بەشێک لە تاڵەبانییەکان لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا بۆ قەزای جەیاش لە پارێزگای زیقار دوورخرانەوە، لەلایەن بەنی ئەسەدەوە پێشوازییان لێکراوە، بەوپێیەی تێکۆشەرانی کوردستان و بزووتنەوەی کوردن و پەیوەندی برایانەی کۆنیش بەیەکەوە دەیانبەستێتەوە".

ئاڵا تاڵەبانی،  سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی (ئافاق)ی سەر بە نووری مالیكی رایگەیاندبوو "خەڵک دەڵێن بەنی تاڵەبانی لە بنەڕەتدا سەر بە بەنی ئەسەدن، کە یەکێک لە ھۆزە گەورەکانی شیعەی عێراق، بەشێک لە پەرلەمانتارانیش لە عەشیرەتی ئەسەدین و، بە من دەڵێن ئامۆزاکەمان". 

لە بەرامبەردا سکرتاریەتی مام جەلال لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند "ئەو دەربڕینە تەنھا ناوبراو لێی بەرپرسیارە و روانینێکی بێ بیرکردنەوەیە، ھەموو کەسێکیش دەزانێ تاڵەبانییەکان زەنگەنەن".  

دوای ئەو لێدوانە، مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاڵا تاڵەبانی لە پۆستی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق دوورخستەوە.

سەرۆکی گشتی هۆزی بەنی ئەسەد دەڵێت "ئەو هەڵچوونەی دروستکراوە، هەوڵێکە بۆ کەوتنی سیاسی ئاڵا تاڵەبانی، کە بە هەڵوێستە نیشتمانییەکانی لە بەرامبەر عێراق و هەڵوێستە نەتەوەییە کوردییەکەی ناسراوە". 

شێخ زاری سالم خیون ئەس دەشڵێت "هیچ مەبەستێکیان لەمەدا نییە، تەنیا بۆ دەرخستنی راستییەکانە، بۆ زانیاری زیاتریش دەکرێت سەیری دەلیلی هەواڵگری بەریتانی لە پارێزگای کەرکووک بکرێت، کە ساڵی 1919 دەرچووە و لە دوو لاپەڕەی کۆتاییدا باسی هۆزی زەنگەنە دەکات و رەچەڵەکەکەیان دەگەڕێنتەوە بۆ ئەمیر ئیسماعیل بن عەلی".
يتم التشغيل بواسطة Blogger.

لەلایەن ئاژانسی وڵات