Halloween party ideas 2015
banner




هێزەکانی سوریای دیموکرات چونە ناو گەڕەکەکانی پیشەسازی و حەتین لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای شاری ڕەقەوە، ئەوەش دوای شەڕ وه پێکدادانێکی قورسی دوێنێ ئێوارە کە بەهۆیەوە٢٣ چەکداری داعش کوژران.



ئاژانسی هەواڵی هاوار، بڵاویکردەوە، شەڕڤانان بۆ ڕۆژی حەوتەم بەردەوامن لە ئۆپراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری ڕەقە و دوێنێ ئێوارە لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ڕەقە پێشڕيویان کردووە و دوای شەڕ و پێکدادانێکی قورس لەگەڵ چەکدارانی داعش، بەیانی ئەمڕۆ چونەتە نێو گەڕەکی پیشەسازی لە ڕۆژهەڵات و گەڕەکی حەتینی ڕۆژئاوای شارەکە.

ئاماژەش بەوەکراوە، شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هەسەدە و داعش لە گەڕەکی حەتین تا ئێستا بەردەوامی هەیە.

فەرماندەیی هێزەکانی سوریای دیموکراتیش ڕایگەیاند، بەهۆی پێشڕەویەکانی شەڕڤانانەوە ٢٣ چەکداری داعش کوژراون، هاوکار شەڕڤانان دەستیان بەسەر ژمارەیەک چەک و تەقەمەنی داعشدا گرتووە.

ئەمەش دوای ئەوەدێت، دوێنێ هێزەکانی سوریای دیموکرات گەیشتنە نزیک قەڵاى مێژوویى ڕەقە و شەڕێکى قورس لە نێوان شەڕڤانان و چەکدارەکانى داعش لەو قەڵایەدا ڕوویدا کە بەهۆیەوە ٣٨ چەکدارى داعش کوژران.

قۆناغى یەکەمى ئۆپراسیۆنى توڕەیى فورات لە ڕۆژى ٥ى تشرینى دووەمى ٢٠١٦ و لەدواى ئەوەش قۆناغى دووەمى ئۆپراسیۆنى توڕەیى فورات ڕۆژی ١٠ى کانوونی یەکەمی ٢٠١٦ بۆ کۆنترۆڵکردنى ڕەقە دەستیپێکرد.

بەپێى ڕاگەیاندراوەکان ژوورى ئۆپراسیۆنى توڕەیى فورات لە قۆناغەکانى یەکەم و دووەمی ئۆپراسیۆنى توڕەیى فوراتدا، تاوەکو ١٦ى کانوونی دووەمی ٢٠١٧ بە گشتى ٢٣٦ گوند لە ڕووبەری سێ هەزار و ٢٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەدا لە پارێزگاى ڕەقە ڕزگارکراوە.

شەڕڤانان لە ڕۆژى ٤ى شوباتی ٢٠١٧ەوە دەستیانکردووە بە ئەنجامدانى قۆناغى سێیەمى ئۆپراسیۆنى توڕەیى فورات و لەو ماوەیەدا تاوەکو ڕۆژی ٢٦ى ئازاری ٢٠١٧، شەڕڤانان هەزار و ٦٤٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیان لە پارێزگاکانى ڕەقە و دێرزور ڕزگارکردووە. بەوەش لە هەرسێ قۆناغى ئۆپراسیۆنى توڕەیى فوراتدا تاوەکو ڕۆژى ٢٦ى ئازار شەڕڤانان چوار هەزار و ٨٤٠ کلیۆمەتر لە پارێزگاکانی ڕەقە و دێرزور لە دەستى چەکدارەکانى داعش ڕزگارکردووە.

فەرماندەیى ژوورى ئۆپراسیۆنى توڕەیى فورات ڕۆژی ١ى نیسانى ٢٠١٧ ئامارى شەڕ و پێکدادانى ١٠ ڕۆژى ڕابردووى شەڕڤانان لە دژى چەکدارەکانى داعش لە دەورووبەرى تەبقە و بەنداوى فورات بڵاوکردەوە و بەپێى ئەو ئامارە، شەڕڤانان لەو ١٠ ڕۆژەدا ١٤٦ کیلۆمەتر چوار گۆشە و ٢٣ گوندى گەورە و بچووکیان کۆنتڕۆڵکردووە و لەئەنجامیشدا ٧٢ چەکدارى داعش کوژراون و چوار شەڕڤانیش شەهیدبوون.

قۆناغى چوارەمى ئۆپراسیۆنى توڕەیى فورات ڕۆژى ١٣ى نیسانی ٢٠١٧ بۆ کۆنتڕۆڵکردنى ناوچەکانى باکوور و باکوورى ڕۆژئاواى ڕەقە دەستیپێکردو و لە ماوەى ٥٠ ڕۆژ شەڕدا شەڕڤانان بنکەى ئاسمانیى تەبقە و شارۆچکەى تەبقە و بەنداوى فوراتیان کۆنتڕۆڵکرد.
لە ڕۆژى ٦ى حوزەیرانى ٢٠١٧دا قۆناغى پێنجەمى ئۆپراسیۆنى توڕەیى فورات کە ناوى لێنراوە جەنگە گەورەکە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامى هەیە و سێ گەڕەکى شارى ڕەقە لە ماوەى ئەو شەش ڕۆژەدا لە لایەن شەڕڤانانەوە کۆنتڕۆڵکراوە.
يتم التشغيل بواسطة Blogger.

لەلایەن ئاژانسی وڵات